ئه‌ردۆغان: به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆمان مه‌به‌نه‌وه‌

ئه‌ردۆغان: به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆمان مه‌به‌نه‌وه‌
20 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- لە كاتێكدا خۆپێشاندانەكانی توركیا بەردەوامە، سەرۆكوەزیرانی ئەم وڵاتە رایگەیاند: بەڵگەمان لەدەستدایە كە ده‌یسه‌لمێنێت، دەستی دەرەكی لەپشت ئەم خۆپێشاندانانەوه‌یە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكوەزیرانی توركیا لەمبارەیەوە گوتی: پلانگەلێ لەژێر ناوی دیموكراسی لەپشت ئەم رووداوانەوه‌یە و، به‌ڵگه‌کان ده‌یسه‌لمێنن هەندێ وڵات چاویان بە سەقامگیریی وڵاتەكەمان هەڵنایەت.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتی: ئەوانەی لە پاركی گه‌زی كۆ ببوونەوە، ئەوان داخوازییەكانیان شیاوی تێڕامان و لێوردبوونه‌وه‌یه‌، بەڵام هەندێ لە رێكخراوە نایاساییەكان هەلەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆستەوە و، بۆ ناسەقامگیریی بارودۆخی توركیا و بڵاوكردنه‌وه‌ی هەواڵی درۆ هەوڵیان دا.

هەندێ دامودەزگا و بنكەكانی هەواڵ هەوڵ دەدەن، هەواڵی درۆ بە خەڵكی توركیا بگەیەنن، هەروەها ئەوان پلانی ئەوەیان لەبەردەستدایە که‌ شەڕێکی ناوخۆیی تووشی توركیا بكەن.

بولنت ئارینچ، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیایش لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: پۆلیس بۆ كۆتاییهێنانی ئاژاوە و توندوتیژییەكان لە تەواوی توانای خۆی كەڵك وەردەگرێ و، ئەگەر پێویست بێت ئەوا لە سوپا و هێزە چەكدارەكانیش بۆ هێوركردنەوەی بەرهەڵستكاران كەڵك وەردەگرین.

ئەردۆغان ئاماژەی بە دەسكەوتەكانی حكوومەتەكەی كرد و، گوتی: بانكی ناوەندی نزیك به‌ 27 ملیۆن دۆلاری دراو تێدا بووه‌، بەڵام دوای هاتنەسەر كاری حكوومەتەكەی ئێستا زیادی کردووه‌ و بووه‌ته‌ 135 ملیۆن دۆلار، رێژەی گەشەكردنی ئابووریی توركیا 4% زیادی كردووە و، دۆسییەی قەرزەكانی توركیا بە سندووقی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەستراوە.

لە لایەكی دیكەیشه‌وە مارتین شولتز، سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا داوای لە ئەردوغان كرد كە به‌ پێوەرە دیموكراسییه‌کانی یەكێتیی ئەورووپاوه‌ پابەند بێت.
ئەو گوتی: ئەوە توركیایە كە دەیەوێ بێتە ناو پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا نەوەك پێچەوانەكەی، ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە توركیا بە زمانی وڵاتێكی دیموكراتیك قسە ناكات و، یاسا لەم وڵاتەدا سەروەر نییە.
Top