یەكێتی ئەورووپا رەخنەی توند ئاراستەی ئەردۆغان دەكات

یەكێتی ئەورووپا رەخنەی توند ئاراستەی ئەردۆغان دەكات
13 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- بە هۆی ئەوەیەوە كە رۆژی سێشەممە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان فەرمانی بە هێزەكانی پۆلیس دابوو كە هێرش بكەنە سەر خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیم لە شاری ئەستەنبۆڵ، رۆژی چوارشەممە یەكێتی ئەورووپا رەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان كرد.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی بڵاویكردۆتەوە كە رۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپادا دانیشتنێك بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی توركیا ساز كرا و لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەورووپا نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر هەڵوێستی سەرۆك وەزیری توركیا لە بەرامبەر خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیم دەربڕیوە.

پەرلەمانتارەكانی یەكێتی ئەورووپا بە هۆی ئەوەیەوە كە رۆژی سێشەممە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان فەرمانی بە پۆلیسی ئەو وڵاتە داوە كە هێرش بكەنە سەر خۆپیشاندەرەكان و بڵاوەیان پێبكەن، رەخنەی توندیان ئاراستەی سەرۆك وەزیری توركیا كرد و رایانگەیاند كە ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە سەر ئەم جۆرە هەڵوێستانە ئەوا بە هیچ شێوەیەك جێگای توركیا لە نێو یەكێتی ئەورووپادا نابێتەوە.
Top