ئه‌سه‌د ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیای بردووه‌ته‌وه‌ قۆناغێكی نوێوه‌

ئه‌سه‌د ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیای بردووه‌ته‌وه‌ قۆناغێكی نوێوه‌
9ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (جۆن كێری) لە مۆسكۆ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا كۆ بووەوە و پێكەوە دەربارەی چەند پرسێك قسەیان كرد، لەوانەیش قەیرانی سووریا.

ڕووسیا بە چەندین شێوە یارمەتی حكوومەتی سووریا دەدات و ئەمەریكایش لە بواری داراییەوە یارمەتیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەدات. ئەمەریكا و ڕووسیا هاوڕان دەربارەی ئەوەی كە دەبێت چارەسەرێك بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە، بەڵام جیاوازییەكی گەورە لە نێوانیاندا هەیە دەربارەی چارەنووسی سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد).

بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن: دەبێت (بەشار ئەسەد) واز لە پۆستەكەی بهێنێت و ڕێگا بدات گۆڕانكاریی سیاسی لە وڵاتەكەیدا ئەنجام بدرێت. بەرپرسانی ڕووسیایش دەڵێن نابێت (ئەسەد) لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە و دەبێت تاكو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتوو هەر سەرۆكی سووریا بێت.

كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمەریكا و ڕووسیا لە كاتێكدایە چەند رۆژێك پێش ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند ئامانجێكیان لە ناو سووریادا بۆردومان كرد، ئەوەیش توڕەبوونی بەرپرسانی دیمەشق و تاران و مۆسكۆی لێكەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاوی كردەوە، بۆردومانەكانی ئیسرائیل ئەوەیان سەلماند كە جۆرە پەیوەندی و هەماهەنگیەك لە نێوان گرووپە چەكدارەكانی ناو سووریا و ئیسرائیلدا هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە حكوومەت و سوپای وڵات لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانەدا بێدەنگ نابن و ئامادەن بە توندترین شێوە وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە. بەرپرسانی ڕووسیایش داوایان لە ئیسرائیل كرد چی دیكە هیچ ئامانجێك لە ناو خاكی سووریادا بۆردومان نەكەن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی كردەوە، ئەنجامدانی ئەو هێرشانە كارێكی زۆر هەڵەیە و دەبێتە فاكتەرێكیش بۆ گەورەتربوونی شەڕی سووریا.

بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕایانگەیاندووە، كە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە (بەشار ئەسەد) دەكەن و ئەگەریش پێویست بكات ئامادەن ڕێككەوتننامەی ئاسایشی هەردوو وڵات چالاك بكەن، كە ئەمەیش واتای ئەوە دەگەیەنێت ئێران ئامادەیە شانبەشانی سووریا شەڕ بكات.

هاوكات، چەند رۆژێك پێش ئێستایش بەرپرسی حزبوڵای لوبنان (حەسەن نەسروڵا) ڕایگەیاند، ئەگەر حكوومەتی سووریا پێویستی بە یارمەتیی حزبوڵا هەبێت، ئەوا چەكدارەكانی ئامادەن ئەو یارمەتیەی پێشكەش بكەن.
Top