ئیسڕائیل: بێدەنگی لە بەرامبەر سووریادا وا دەكات ئێرانیش هێڵە سوورەكان ببەزێنێت

 ئیسڕائیل: بێدەنگی لە بەرامبەر سووریادا وا دەكات ئێرانیش هێڵە سوورەكان ببەزێنێت
27ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- حكوومەتی ئیسڕائیل داوا لە سەرانی وڵاتانی زلهێزی جیهان دەكات لە بەرامبەر قەیرانی سووریادا بێدەنگ نەبن، چونكە ئەو بێدەنگییە هانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەدات بۆ ئەوەی لە سەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیان بەردەوام بن.

بەزاندنی هێڵە سوورەكان
جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل (زیڤ ئیلكین) بە ڕادیۆی سەربازی ئیسڕائیلی ڕاگەیاند سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) چەكی كیمیایی لە شەڕی وڵاتەكەیدا بەكار هێناوە و ئەمەش واتای ئەوەیە كە ناوبراو ئەو \"هێڵە سوورە\""ـی بەزاندووە كە چەند مانگێك پێش ئێستا سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) بۆی دیاری كردبوو.

(زیڤ ئیلكین) گوتی كە پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە بەرامبەر بەزاندنی ئەم هێڵە سوورە لە لایەن (بەشار ئەسەد)ـەوە بێدەنگ نەبن، چونكە ئەم بێدەنگییە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئێرانیش لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیان بەردەوام بن و بە هیچ شێوەیەكیش گوێ بۆ هۆشدارییەكانی ئەمەریكا نەگرن.

ئێران و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەكان
لە لایەكی دیكەوە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرایان كرد كە ئەوان ئامادەن لەگەڵ دیپلۆماتكارانی باڵای وڵاتە زلهێزەكانی جیهاندا دەست بە دانوستانەكانی نێوانیان بكەنەوە.

بریكاری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران (عەلی باقری) بە ئاژانسی هەواڵی \""رۆیتەرز\""ـی ڕاگەیاند، تاران ئامادەیە لەگەڵ دیپلۆماتكارانی باڵای 6 وڵاتە زلهێزەكەی جیهان (ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، چین و ڕووسیا) دەست بە دانوستانەكانی بكاتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێی دیالۆگەوە چارەسەرێك بۆ قەیرانی ئەتۆمیی ئێران بدۆزرێتەوە.

(عەلی باقری) گوتیشی هەر كاتێك بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئەورووپا (كاسرین ئاشتن) كات و شوێنی كۆبوونەوەكەی دیاری كرد، ئەوا دیپلۆماتكارانی باڵای ئێرانیش ئامادەن بە ئەرێنی وەڵامی ئەو پێشنیازە بدەنەوە و ئامادەی دانوستانەكان بن. دوایین كۆبوونەوەی دیپلۆماتكارانی ئێران و 6 وڵاتە زلهێزەكەی جیهان لە سەرەتای ئەم مانگە لە كازاخستان بەڕێوە چوو، بەڵام كۆبوونەوەكە هیچ دەرئەنجامێكی ئەرێنیی لێ نەكەوتەوە.

پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانییەكی گەورەی لای بەرپرسانی رۆژئاوا و وڵاتانی ناوچەكە دروست كردووە. واشنتۆن پێی وایە هێشتا دەرفەتی ئەوە ماوە لە ڕێی دانوستانەوە هەوڵی چارەسەركردنی ئەم قەیرانە بدرێت. "
Top