مەحموود عەباس داخوازی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی فەلەستینی پەسندکرد

مەحموود عەباس داخوازی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی فەلەستینی پەسندکرد
- سێ رۆژ دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فەلەستین سەلام فەییاز، دەستی لە کار کێشایەوە، ئێوارەی دوێنی شەممە، مەحموود عەباسی سەرۆکی دەستەڵاتی فەلستین دەست لەکار کێشانەکەی قبووڵ کرد.


میدیاکانی فەلەستین، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە رایانگەیاندبوو نامەی دەست‌لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران بە نووسینگەی سەرۆکایەتیی فەلەستین گەیشتووە.

سەرچاوە دەستەڵادارەکانی فەلەستین دەڵێن: فەیاز بە هۆی کیشەی زۆرەوە بەتایبەت کێشە لە کاروباری ئابووریدا، لەگەڵ مەحموود عەباسدا تووشی گرفت هاتبوو و پێی وابوو ناتوانێت لەم حکومەتەدا درێژە بە کارەکەی بدات.

پێش ئەم رووداوە، نەبیل قەسیس، وەزیری کاروباری ئابووریی دەستەڵاتی فەلەستین دەست‌لەکار کێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کردبوو. دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە پەسند کراببوو، بەڵام مەحموود عەباس داوای کردبوو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

چاودێران دەڵێن: بوونی سەلام فەیاز وەک ئابووریزانێکی تەکنۆکڕات کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و دامەزراوە ئابووری و داراییە گرینگەکانی جیهانەوە رێزی لێدەگیرێت، وەک سەرمایەکی گرینگ لە لەماوەی ساڵانی هەستیار و چارەنووسسازی دەستەڵاتی فەلەستیندا سەیری دەکرا.

سەلام فەیاز لە رۆژئاوا خوێندوویەتی و لە دامەزراوە گرینگەکانی داریی جیهاندا کاری کردووە و لە ساڵانی سەرەتای دەست‌بەکاربوونیدا دەستێکی بەرچاوی لە باشترکردنی بارودۆخی رۆخی رۆژئاوی فەلەستیندا هەبووە. فەیاز توانیویەتی دامەزراوەی پێویست بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی فەلەستینی پێک بهێنێت.

سەرچاوە فەلەستینیەکان، دەڵێن: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی سەرۆک‌وەزیران و مەحموود عەباس بەیەکەوە بسازێنێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ‌ئاکام ماونەوە.
Top