بەڵگەی دەکارکردنی چەکی کیمیاوی لە سوریا دۆزراوەتەوە

بەڵگەی دەکارکردنی چەکی کیمیاوی لە سوریا دۆزراوەتەوە
رۆژنامەیەکی چاپی بەریتانیا رایگەیاند: پسپۆڕانی بواری سەربازیی بەریتانیا هەندێک بەڵگیان دۆزیوەتەوە کە پێشان دەدەن لە نائارامیەکانی سوریادا کەڵک لە چەکی کیمیاوی وەرگیراوە.

لە راپۆرتێکی تایمزی لەندەندا، لە زمان سەرچاوەی ئاماژە بۆنەکراوەوە هاتووە: لە تاقیکاریی لەسەر نموونەی ئەو خۆڵەی لە سوریاو هێنراوە، شوێنەواری دەکارکرانی چەکی کیمیاوی سەلمێنراوە. سەرچاوەکە نەیگوتووە ئەم چەکانە لەلایەن حکومەت یان دژبەرانی دەستەڵاتی سوریاوە کەڵکیان لێوەرگیراوە.

حکومەتی سوریا و دژبەران، تا ئستا چەند جارێک یەکتریان بە دەکارکردنی چەکە کیمیاویەکان تۆمەتبار کردووە. لەم ناوەدا گروپێکی چالاک دەڵێت لە هێرشی ئاسمانیی رژێمی سوریا بۆ سەر شارێک لەپارێزگای ئەدلەب لە رۆژی شەممەی رابردوودا، لانیکەم ١٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوونە.

گروپی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا، دەڵێت: لە هێرش بۆ ناوچەی پیشەسازیی شاری سراقبدا دەیان کەس بریندار بوونە.


ئەم گروپە، بە پشت‌بەستن بە راپۆرتی چالاکان لە ناوچەکەدا، گوتی: هێزەکانی سەر بە دەستەڵاتی ئەسەد دوای هێرشی ئاسمانی، بە رێژنەی بومبی هێشووی ناوچەکەیان خستە ژێر ئاگرەوە.

ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن چالاکانی ناوچەکەوە بڵاو کراونەتەوە، ئەستوونەکانی دووکەڵ پێشان دەدەن کە لەو ناوچانە بەرزدەبەنەوە کە هێرشەکانیان تێدا ئەنجام دراوە و خەڵک بە رووخساری ترساوەوە خەریکی راگواستنی بریندار و کوژراوەکانن.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنساش رایگەیاند: لەرۆژی هەینیی رابردوودا لانیکەم ١٠٥ کەس لە سەرانسەری سوریا گیانیان لەدەست داوە.
Top