ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی 5 چالاكوانیدا كە بەشێكیان لە عێراق دەستگیركرابوون

ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی 5 چالاكوانیدا كە بەشێكیان لە عێراق دەستگیركرابوون
12ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- دادگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، رەزامەندی نیشاندا لەسەر لەسێدارەدانی 5 كەس كە ژمارەیەكیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە تەسلیم كرابوونەوە، بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵی كە ماڵپەری شەفق نیوز بەشێكی بڵاوكردۆتەوە، ئاماژەی داوە: كە بەتۆمەتی دژایەتیكردنی خودا و پێغەمبەر و رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاركردن لەگەڵ نەتەوەپەرستان، دادگاكانی ئێران رەزامەندی نیشانداوە، بۆ لەسێدارەدانی هەریەكە لە مەحمەد عەلی عەموری و هادیال راشدی و هاشم شەعبانی و جابۆ بوشكە و موختار بوشكە، بەپێی راپۆرتەكە: ژمارەیەك لەو بەندكراونە دوای راكردنیان بۆ نێو خاكی عێراق، دەستگیر كراون و دواتریش تەسلیم بە دەسەڵاتدارنی كۆماری ئیسلامی كراونەتەوە، هەموو ئەو بەندكراوەنەش دانیشتووی شاری ئەهوازی ئێرانن، لە مانگی حوزیرانی رابردووش هەر لەشاری ئەهواز بەهەمان تۆمەتەوە چوار كەس كە سێیانیان برابوون لەسێدارەدران، شایەنی باسە یەكێتی ئەوروپا لەبارەی زۆربوونی رێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیان، هۆشداری داوەتە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران.
Top