گرانی بازاڕ بووە هۆی خۆپیشاندانێكی گەورە لە تاران

گرانی بازاڕ بووە هۆی خۆپیشاندانێكی گەورە لە تاران
3 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)– ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار، زۆربەی دوکان و بازارەکانی تارانی پایتەختی ئێران داخران و هاوکات لە چەند کاژێرێک پێش ئێستا خۆپێشاندان لە زۆربەی گەڕەکەکانی تاران بەرێوە دەچێت.

ئاژانسەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری سوپا و بەسیج رژاونەتە ناو شەقامەکانی تاران و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران هاتووەتە ئاراوە.

هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئاماژە بە کوژرانی خۆپێشاندەرێک و گرتنی دەیان خۆپێشاندەر دەکەن بەڵام تا ئێستا ئەو هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، نرخی تمەنی ئێران لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و دوێنێ سێ شەممە، هەر نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بانکی ناوەندی ئێران بە 33 هەزار ریال (3 هەزار و 300 تومەن) ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

بەپێی سەرچاوەکانی نێوخۆی ئێران، ئەمڕۆ لە بازاڕی ئازادی ئێراندا دۆلارێکی ئەمریکی بە 4 هەزار تمەن (40 هەزار ریاڵ) بووە.

رۆژی دووشەممە، ڤیکتۆریا نۆلاند، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند \"ئه‌م ره‌وته ده‌رخه‌ری سه‌رکه‌وتنی گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌دژی به‌رنامه‌ی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه\""."
Top