هەرێمى كەتەلۆنیا داواى سەربەخۆیی دەكا

هەرێمى كەتەلۆنیا داواى سەربەخۆیی دەكا
12 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)ـ بە سەتان هەزار هاووڵاتیی هەرێمى كەتەلۆنیا لە شاری بەرشەلۆنە دوێنێ سێشەم خۆپێشاندانێكى گەورەیان ساز كرد و داواى سەربەخۆییی هەرێمەكەیان كرد.
خۆپێشانەكە بە بۆنەى زەماوەندى رۆژی نیشتمانیی كەتەلۆنى لەلایەن دەستەى نیشتمانى كەتەلۆنى كە داكۆكى لە سەربەخۆیی هەرێمەكە دەكا، رێك خرابوو و بە گەورەترین خۆپێشاندان لە مێژووى هەرێمەكەدا هاتە ژماردن.
خۆپێشاندەران بە ئاڵای هەرێمەكەیان رژانە سەر شەقام و دروشمەكانى \"كەتەلۆنیا وڵاتى نوێی ئەوروپایە\"" و \""بەرشەلۆنە ئیسپانیا نییە\"" دەگوتەوە، وارگەى یۆرۆنیوز بڵاوى كردەوە.
ئارتۆر ماس سەرۆكى هەرێمى كەتەلۆنیا لەو رۆژە نیشتمانییەدا راى گەیاند، دەرگاى سەربەخۆیی لە بەردەم هەرێمى كەتەلۆنیا تەواو كراوەتەوە و وریایی دایە حكوومەتى ناوەندیی ئیسپانیا و گوتى، ئەگەر حكوومەتى ناوەند و هەرێمى كەتەلۆنى نەگەنە رێككەوتنێكى ئابووری، ئەوا رێگە زیاتر خۆش دەبێ بۆ سەربەخۆبوونى هەرێمەكەمان.
لای خۆیەوە ماریانۆ لاخۆری سەرۆك وەزیرانى ئیسپانیا پێشتر ئاماژەى كرد، هەرێمى كەتەلۆنیا كێشەى ئابووری گەورەى هەیە و گەورەترە لە پرسى داواكردنى سەربەخۆیی بۆ هەرێمەكە.
چاودێران رایان گەیاند، رێژەى بێكاری لە هەرێمى كەتەلۆنیا لە سەرووى 600 هەزار كەس دەبێ و لە كاتێكدا حكوومەتى مەدرید تا ئێستە هەڵوێستى خۆى پێشان نەداوە بۆ رازیبوون لە رێككەوتنى ئابووری كە بڕیارە 20ی ئەم مانگە (سێپتێمبەر/ئەیلوول) لە كۆشكى سەرۆكایەتیى تاوتوێ بكرێ.
هەرێمى كەتەلۆنیا دەكەوێتە باكوری رۆهەڵاتى ئیسپانیا، ژمارەى دانیشتوانى 7 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی دەبێ و بە یەكێك لە گەورترین 17 هەرێمەكەى ئیسپانیا دێتە ژماردن كە لەلایەن حكوومەتى ناوەندی وڵاتەوە مافى ئۆتۆنۆمیان پێ دراوە.
هەوڵەكانى هەرێمى كەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی زیاتر بوون، دواى ئەوەى ئیسپانیا رووبەڕووى تەنگژەى دارایی بووەوە، بەپێی دوایین راپرسى 51%ی هاووڵاتییانى هەرێمەكە داواى سەربەخۆیی دەكەن، ئەوەیش لە كاتێكدایە هەرێمى كەتەلۆنیا هاوتاى ئیسپانیا رووبەڕووى كێشەى ئابووری بووەتەوە و بەم دواییە داواى 5 ملیار یۆرۆى لە حكوومەتى ناوەندى كردووە."
Top