ئیدیعوت: ئیسرائیل هەڕەشەى گورزێكى كوشندە لە لبنان دەكا

ئیدیعوت: ئیسرائیل هەڕەشەى گورزێكى كوشندە لە لبنان دەكا
رۆژنامەى \"ئیدیعوت ئەحرونوت\""ی ئیسرائیلى ئەمڕۆ سێشەم بڵاوى كردەوە، ئەفسەرێكى باڵا لە سوپاى ئیسرائیل وریاى دایە حزبوڵای لبنانى لە پشتگیریكردنى تاران، ئەگەر هاتوو ئیسرائیل هێرشێكى سەربازى كردە سەر وێستگە ناوكەیییەكانى ئێران.

رۆژنامەكە لە زاری ئەفسەرەكەوە گواستییەوە، 6 ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر شەڕى دووەمى لبنان و لە دوای ئەم شەڕە هێمنى باڵى بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، بۆیە ئامۆژگاری حزبوڵا دەكەم كە ئیسرائیل ناچار نەكا هێرشیان بكاتە سەر، چونكە گورزى ئەمجارەیان سەخت و كاریگەر دەبێ.

بەگوێرەى رۆژنامەكە، هەڕەشەكەى ئیسرائیل دواى هەڕەشەكانى حەسەن نەسروڵای رابەری حزبوڵای لبنانى دێ كە راى گەیاندبوو، بزووتنەوەكەى بە هەموو هێزەكانییەوە پشتگیری لە ئێران دەكا، ئەگەر هاتوو ئیسرائیل هێرش بكاتە سەری.

ئەو ئەفسەرەى ئیسیرائیل ئاماژەى دا، سوپاكانمان لە ئاراستەكردنى مووشەك و هێرشى زەوینى و دەزگەى هەواڵگریی پەرەیان پێ دراوە و ئەوەى لە ساڵى 2006 روویدا دووبارە نابێتەوە، بۆیە ئەگەر لەلایەن حزبوڵاوە هێرشمان كرایە سەر، نەك تەنیا حزبوڵا بگرە لبنانیش باجەكەى وەردەگرێتەوە، چونكە وەك وڵات بەرپرسیارەتى لە ئەستۆدایە.

هرتسى هلیفى سەرۆكى فەرماندەى جەلیلی سەربازى لە سوپاى ئیسرائیل مانگى رابردوو راى گەیاند، ئەگەر لەگەڵ ئێران رووبەڕووى یەكتر ببینەوە، سوپاى ئیسرائیل بە توندى وەڵامى دەداتەوە و هاوكات پێویستە هێزەكانى ئیسرائیل گورز لە ئامانجەكانى دوژمن بووەشێنێ لە لبنان، رۆژنامەكە واى گوت.















ئاكانیوز"
Top