ئه‌مه‌ریكا: پاكستان ئاماده‌یه هێرش بكاته سه‌ر تالیبان
لیۆن پانێتا، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا، له ئاژانسی هه‌واڵی ئاسۆشیتدپرێسی راگه‌یاندووه، فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینیی سوپای پاكستان، پلانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له دژی هێزه‌كانی تالیبان له ناو ناوچه عه‌شایه‌رییه‌كانی پاكستان‌دا ئاماده كردووه.
به گوته‌ی پانێتا، ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌شفه‌ق په‌رویز كیانی، فه‌رمانده‌ی ئه‌ركانی هێزی زه‌مینیی سوپای پاكستان، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌ڕاڵ جۆن ئالان، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، ئه‌مه‌ی باس كردووه.
سوپای پاكستان، بڕیاره به‌م زووانه هێرش بكاته سه‌ر ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری ئه‌فغانستان، كه تالیبانی پاكستان تێیدا چالاكی ده‌كه‌ن و حه‌شارگه‌ی سه‌رۆكه‌كانی رێكخراوی حه‌قانی، له‌و ناوچه‌یه‌یه.
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا، گوتوویه‌تی ئاگاداری كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه نییه، به‌ڵام رایگه‌یاندووه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ده‌ست پێبكات.