وەزارەتى دەرەوەى ئێران لێدوانەكەى بولەنت ئارنچ ڕەت دەكاتەوە

وەزارەتى دەرەوەى ئێران لێدوانەكەى بولەنت ئارنچ ڕەت دەكاتەوە
گۆتیارى وەزارەتى دەرەوەى ئێران لێدوانەكەى بولەنت ئارنچ یاریدەرى سەرۆك وەزیرانى توركیا ڕەت دەكاتەوە كە ئاماژەى دابوو ئەو چەكدارانەى پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) كە هێرشیان كردە سەر ناوچەى شەمزینانیان لە پارێزگەى هەكارى، لە ئێرانەوە هاتبوون نەك باكوورى عێراق/هەرێمى كوردستان، وارگەى \"سی ئێن ئێن تورك\"" ئەمڕۆ دووشەم گواستییەوە.

بەپێى سەرچاوەكە ڕامین میهمانپەرەست گۆتیارى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕاى گەیاند، لێدوانەكەى بولەنت ئارنچ كە ئاماژەى دابوو ئەو چەكدارانەى پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) كە هێرشیان كردە سەر ناوچەى شەمزینانیان لە پارێزگەى هەكارى، لە ئێرانەوە هاتبوون نەك هەرێمى كوردستان دوورە لە ڕاستى.

زیاتر گوتى \""ئەم لێدوانانە هاوكارى ناكەن لە چارەسەركردنى كێشە ناوەخۆیییەكانى توركیا\"".

میهمانپەرەست هەروەها ناڕەزایی پێشان دا بەرامبەر لێدوانەكەى ئارنچ لەبارەى سووریا كە ڕەخنەى لە سیاسەتى ئێران بەرامبەر ئەو وڵاتە گرتبوو بەوەى هاوكاری ڕژێمى ئەسەد دەكا و ئاماژەى دا، هەرچەندە لەبارەى سووریاوە بۆچوونەكانمان جیاواز بێ پێویستە نەبێتە هۆى ئەنجامدانى ئەمجۆرە لێدوانانە.

جەختى كردەوە، ئەم لێدوانەى بولەنت ئارنچ لەوانەیە ببێتە هۆى هاوكاریكردنى قۆناغێكى نەخوازراو كە لەبەرژەوەندى جیهانى ئیسلامیدا نەبێ و ناوچەكە بە ئاراستەى شەڕێكى مەزهەبى و ئتنیكى ببات.

هەینیى ڕابردوو ئارنچ ڕاى گەیاند، پێشتر ئێران واى پێشان دەدا كە لەگەڵ پارتى ژیانى ئازاد (پەژاك) باڵى سەربازى پەكەكە لە ئێران لەنێو شەڕێكى تونددایە، دواتر ئاشكرا بوو كە شەڕێكى وا نییە لە نێوانیاندا. ئێستەش دەركەوتووە كە ئەو چەكدارانەى هێرشى سەر ناوچەى شەمزینان دەكەن لە باكورى عێراق /هەرێمى كوردستان/ەوە نەهاتوون، بگرە لە ئێرانەوە دزەیان كردووە.

ئارنچ گوتى \""ئێران بەپشتگیرى كردن لە كۆمەڵكوژییەكانى سووریا منى تووشى شۆك كردووە، هەروەها چەكدارانى پەكەكەش هەر لەوێوە هاتوونەتە توركیا. پێشتر شتى وا ڕووى نەدەدا، لە نێوان دەزگەى هەاڵگرى هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕی زانیارى و هاوكارى هەبوو، تەنانەت كۆمسیۆنێكى هاوبەش هاتە دامەزراندن بەڵام كۆ نەبووەوە\"".

دووشەمى ڕابردوو ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزى پاراستنى گەل (هەپەگە) كە باڵى سەربازى پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە)یە ڕاى گەیاند، لە شەڕ و ڕووداوەكانى شەمووى ڕابردوو لە شارۆكەى چقورجەى سەر بە پارێزگەى هەكارى لە توركیا زیاتر لە 100 سەرباز هاتوونەتە كوشتن و 9 جاش گیراون و 7 گەریلاش گیانیان لەدەست داوە.

ئیدریس ناعیم شاهین وەزیرى ناوەخۆى توركیا لەبارەى كردەوەگەلى سەربازى كە لە ناوچەكەدا بەردەوامە لە لێدوانێكدا ڕاى گەیاند، لە 23-24ى تەمووزى ڕابردوو هەتا 4ى ئاب بەهۆى ئەو كردەوەگەلە سەربازییانەى لەو ناوچەیەدا هاتوونەتە ئەنجامدان كۆى گشتیی 115 چەكدارى پەكەكە كوژراون.
"
Top