هێزی ئامادەی كوردی لە سووریا ڕاگەیەنرا

هێزی ئامادەی كوردی لە سووریا ڕاگەیەنرا
گەنجانی بزووتنەوەی شۆڕشی كورد لە سووریا، هێزی ئامادەی كوردیان ڕاگەیاند و لە بەیاننامەیەكیاندا جەخت دەكەنەوە كە وەك پێویستییەكی ئەم قۆناخە مێژووییە لە شۆڕشی سووریا، هاوكات ئەو هەڕەشە ئەمنی و دیاردەی ترس لە پشێوییە هاندەری سەرەكی بوون لە پێكهێنانی ئەو هێزە بە لەبەرچاوگرتنی نێوەرۆكی ڕێككەوتنی هەولێر كە لە نێوان هێزە كوردییەكاندا واژۆ كراوە.
بەییاننامەكە ئاماژە دەدات كە هێزی ئامادەی كورد بەشێكە لە شۆڕشی سووریا كە بۆ ڕۆخانی ڕژێم تێكۆشاوە، هێزی بەرگری و وابەستەی ئاشتی و ئارامی دەبێت و وەڵامدەرەوەی ئەو قۆناخە مێژووییەیە كە سووریا پێیدا تێپەڕ دەبێت.
هاوكات بەیاننامەكە ڕوونی كردووەتەوە كە سروشتی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ناوچە زۆرینەڕەها كوردییەكان، ناچاری كردوون كە بەلەبەرچاوگرتنی ترس و هەڕەشەی زۆر، وەك هەڕەشەی ئەمنی، هەوڵەكانی ڕژێم بۆ نانەوەی فیتنە، بڵاوكردنەوەی دیاردەی ترس و پشێوی و هەڕەشە لە ئەمنی ناوچەكە هێزێكی ئامادە پێك بهێنن.
بەیاننامەكە هێزەكە وەها وەسف دەكات \"بریتییە لە هێزێكی سەربازیی بەرگریی نیشتیمانی، شەرعیەتی لە زۆرێك پێویستیی بابەتی وەرگرتووە و لە پێناویاندا دروست بووە.\""
لە بەیاننامەكەدا هەروەها هاتووە \""پەنا بۆ چەك نابەین تەنیا لە حاڵەتی بەرگریدا نەبێ، یان پێویستی بەدیهَێنانی ئاساییش و پاراستنی ماڵی تایبەت و گشتی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بە گشتی ناچار بە بەكاتربردنی چەكمان بكات.\""
بەیاننامەكە جەختیشی كردووەتەوە كە وابەستەی نێوەرۆكی ڕێككەوتننامەی هەولێر دەبێت كە لە پێناویدا دەستەی باڵای كوردانی لێ وەبەر هات. جەحتیش دەكاتەوە بڕوایان بە چەمكەكانی هاونیشتیمانیی ئازاد و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی هاوبەش دەبن.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئەو هێزە كوردییە ئامادەیە بەڵێن دەدات كە بە ئامانجەكانی شۆڕش و بەرژەوەندیی نیشتیمانی و گەلەوە پابەند بێت."
Top