بەرپرسێكى ئێرانى: ئەمەریكا و ئیسرائیل و سعوودیە و قەتەر دەست لە كاروباری ناوەوەى سووریا وەردەدەن

بەرپرسێكى ئێرانى: ئەمەریكا و ئیسرائیل و سعوودیە و قەتەر دەست لە كاروباری ناوەوەى سووریا وەردەدەن
ئەندامێكى ئەنجوومەنى یاسادانانی ئێران راى گەیاند، هەموو وڵاتان لە سەرووى هەموویانەوە ئەمەریكا و ئیسرائیل هەوڵەكانیان چڕ كردووتەوە بۆ رووخاندنى سووریا.

ئایەتوڵا ئەحمەد جەنتى دوێنێ هەینى راى گەیاند، كێشەى سەرەكیی لە ساتى ئێستەدا، سووریا و بەشار ئەسەد نییە، بگرە كڕۆكى پرسەكە بابەتى ئیسرائیل و بەرگریكردنە لە دژى.

پتر گوتى، ئەمەریكا و ئیسرائیل رابەڕایەتی لە دەستوەردانى سەربازى لە سووریا دەكەن، هەروەها هەریەك لە سعوودیە و توركیا و قەتەر لەو هەوڵەدا بەشدارن، سایتى رووسیا تودەى بڵاوى كردەوە.

لەلایەكى دوێنێ هەینى نەتەوە یەكگرتووەكان بە زۆرینەى دەنگ رەزامەندى پێشان دا لەسەر پڕۆژەى گواستنەوەى دەسەڵات لە سووریا و سەركۆنەى رێژى سووریاشى كرد، بەڵام رووسیا لای خۆیەوە ئەم هەوڵەى وەپاش دایەوە و بڕیارەكەى بە زیانبەخش ناوبرد.

بەپێی دوا ئاماری روانگەى سووریا بۆ مافى مرۆڤ كە بارەگەكەى لە بەریتانیایە، لەوەتەى دەست پێكردنى ناڕەزاییەكانى سووریا بەرامبەر بە رێژیمەكەى بەشار ئەسەد، ژمارەى كوژراوان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 20 هەزار كەس. هەروەها سەتان هەزار كەسیش بەهۆى توندوتیژییەكانەوە ئاوارە بوون و روویان لە وڵاتانى توركیا، عێراق، لبنان و ئوردن كردووە و لە دۆخێكى خراپدا دەژین.
Top