وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ئاماژە بۆ بڕیارێك بەپێ بەندی حەوت بەرامبەر سووریا دەكا

وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ئاماژە بۆ بڕیارێك بەپێ بەندی حەوت بەرامبەر سووریا دەكا
ئالان ژوپێ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا رای گەیاند، ئێستە پلانی كۆفی ئەنان نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆبەندی عەرەبی بۆ سووریا لە مەترسییەكی گەورەدایە و ئاماژەی كرد، ئەگەر هەموو هەوڵەكان لەگەڵ رێژیمی سووریا بێ سوود بوون، ئەوە هەوڵی دەركردنی بڕیارێك بەپێی بەندی حەوتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدەین.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی \"سەفیر\""ی لبنانی ژوپێ لە كاتی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك بەرهەڵستكاری سووریا گوتی، پلانی كۆفی ئەنان نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆبەندی عەرەبی بۆ سووریا لە مەترسییەكی گەورەدایە و فڕەنسا خوازیارە بڵاوكردنەوەی چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا لە ماوەی 15 رۆژ بێ نەوەك 3 مانگ.

زیاتر گوتی، ئەو ساتەی ئەنان راپۆرتی خۆی لەبارەی سووریا لە 5ی مانگی داهاتوو پێشكێشی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكا، ساتێكی راستەقینە دەبێ، چونكە ئەگەر ئەو هەوڵانە لەگەڵ رێژیمی سووریا سوودیان نەبوو، ئەوە ناتوانین رێگە بەو رێژیمە بدەین لە رووبەڕووبوونەوەمان بەردەوام بێ، بگرە هەوڵی دەركردنی بڕیارێك بەپێی بەندی حەوتی پەیماننامەی نەتەوە بەكگرتووەكان دەدەین.

ژوپێ ئاماژەی كرد، ناكرێ دۆخەكە بەو شێوەیە و بێ كۆتایی بەردەوام بێ، خوازیارین چاودێرانی ناودەوڵەتی بەزووترین كان لە سووریا بڵاو بكرێنەوە.

سەرەڕای ئەو قسانەی ژوپێ ، بەڵام تا ئێستەش فڕەنسا هیوای بە جێبەجێكردنی پلانە شەش خاڵییەكەی كۆفی ئەنان نێرداوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆبەندی عەرەبی بۆ سووریا بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئەو وڵاتە هەیە، كە ساڵێك زیاتری تێپەڕاند و ژمارەی كوژراوان بەپێی ئامارەكان گەیشتووەتە 11 هەزار كەس.
"
Top