دوایین ئاماری ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی ئێران
وه‌زیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران، مسته‌فا محه‌مه‌د نه‌جار، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند هه‌تا ئێستا ناوی 225 نوێنه‌ر له كۆی 290 نوێنه‌ری په‌رله‌مانی ئێران ده‌ركه‌وتووه و بۆ كورسیه‌كانی دیكه له ده‌وری دووه‌مدا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت.
به‌پێی راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی حكوومه‌تی ئێران، ئیرنا، له ده‌وری دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، بۆ دیاریكردنی 65 نوێنه‌ری دیكه، 130 پاڵێوراو كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا زۆرترین ده‌نگیان مسۆگه‌ر كردووه، به‌شدار ده‌بن.
وه‌زیری ناوخۆی ئێران له دوایین لێدوانه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه رێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره 64% بووه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مانی ئێران، 11% زیادی كردووه.
به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ده‌ڵێن خه‌ڵك پێشوازیی گه‌وره‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان كردووه و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی نه‌یاری حكوومه‌تی ئێران ده‌ڵێن خه‌ڵك هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بایكۆت كردووه و رێژه‌ی به‌شداری له 20% زیاتر نه‌بووه.