ئێران داوای دانوستانی ئه‌تۆمی ده‌كات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی، له جنێڤ وێڕای ئه‌وه‌ی گوتی ئێران له مافه‌كانی خۆی خۆش نابێت، داوای كرد دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كان له‌گه‌ڵ تاران ده‌ست پێبكاته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌ڵمانیا (DW)، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له كۆنفرانسی جیهانیی چه‌ك داماڵین، گوتی ئێران له ئاشتیخوازانه بوونی پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی دڵنیایه و پێویسته جیهان رێگه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بگرێته به‌ر.
داواكاریی ئێران بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌حاڵێكدایه كه رۆژ به رۆژ زیاتر باس له هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ده‌كرێت و ئاژانسی ئه‌تۆمی له دوایین راپۆرتی خۆیدا ده‌ڵێت ناتوانێت به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران به ئاشتیخوازانه وه‌سف بكات.
هه‌ر له درێژه‌ی قووڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئه‌تۆمیی ئێران و ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته، ئیسرایل به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكای ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر هێرش بكاته سه‌ر ئێران، پێشتر واشنتۆن ئاگادار ناكاته‌وه.