لە پێشانگای فرانکفۆرتدا کتێب بە خۆڕایی بە پەنابەران دەدرێت

لە پێشانگای فرانکفۆرتدا کتێب بە خۆڕایی بە پەنابەران دەدرێت
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری فرانکفۆرت، کتێب بە شێوەیەکی خۆڕایی بە پەنابەران دەبەخشرێت.
ماڵپەری ئیلاف بڵاویکردۆتەوە، ژمارەیەک شارەزا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، لە کاتێکدا کە پەنابەران پێویستیان بە شوێنی حەوانەوە و خواردن هەیە، لە هەمانکاتدا پێویستیان بە "خۆراکی مێشک" هەیە.
لە خولێ ئەمساڵی پێشانگاکەدا کە ئێستا لە شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، دروشمی "کتێب دەڵێت بەخێربێن" بەرزکراوەتەوە و کتێبە ئەڵمانییەکان بەشێوەیەکی خۆڕایی بە پەنبەران دەبەخشرێت.
لەم هەڵمەتەدا شەش هەزار دەزگا و کتێبفرۆشی ئەڵمانی لە رێگەی فرۆشی کتێبەکانیانەوە پارە بۆ ئاوارەکان کۆدەکەنەوە، بۆ ئەوەی پێداویستی خوێندن و فەرهەنگی فیربوونی زمانی ئەڵمانیان بۆ دابیندەکرێت.
پێشانگای فرانکفۆرت بە گرنگترین و گەورەترین پێشانگای ساڵانەی کتێب لەسەر ئاستی جیهاندا دەناسرێت و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لەسەر ئاستی جیهاندا تێیدا بەشداردەبن، لەوانەش لە هەرێمی کوردستان.
لە خولی ئەمساڵی پێشانگاکەدا حەوت هەزار دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و لە ١٠٠ وڵات و هەرێم تێیدا بەشدارن.
پێشبینی دەکرێت ٣٠٠ هەزار کەس سەردانی پێشانگاکە بکەن، جگە لە بەشداری ١٠ هەزار میدیاکار.
میوانی ئەمساڵی فێستیڤاڵ وڵاتی ئیدۆنیسیایە کە بە دروشمی "١٧ هەزار دوورگە بۆ کۆچ"ـە.
پێشانگاکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە رێورەسمێکدا لە شاری فرانکفۆرتدا کرایەوە و تا سبەی یەکشەممە داهاتوو بەردەوام دەبێت
Top