دوو فیلمی کوردی له‌ فیستیڤاڵی سوید نمایش ده‌کرێن

دوو فیلمی کوردی له‌ فیستیڤاڵی سوید نمایش ده‌کرێن
دوو کورته‌ فیلمی کوردی له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی Vasteras له‌ سوید نمایش ده‌کرێت.
کورته‌ فیلمه‌کانی "یه‌ک، هیچ" له‌ نووسین و ده‌رهێنانی "سامان حوسێن پوور" و "تا مردانمان برقصند" واته بۆ ئه‌وه‌ی پیاوه‌کانمان هه‌ڵپه‌ڕن ‌ له‌ نووسین و ده‌رهێنانی "هیوا ئه‌مین نیژاد" به‌ نوێنه‌رایه‌تیی سینه‌مای ئێران گه‌یشتنه‌ به‌شی قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی Vasteras له‌ سوید. ئه‌م فیستیڤاڵه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی رکابه‌ریی بۆ فیلم گه‌لی بڵیندی سینه‌مایی، کورته‌ فیلم، فیلمی به‌ڵگه‌یی و ئه‌نیمه‌یشێن به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌و خوله‌یدا میوانداریی 16 فیلمی سینه‌ماکارانی ئێرانی ده‌کات.
ئه‌مساڵ له‌ به‌شی رکابه‌ریی ئه‌و فیستیڤاڵه‌دا شازده‌ کورته‌ فیلم، فیلمی به‌ڵگه‌یی و ئه‌نیمه‌یشێن له‌ لایه‌ن فیلمسازانی ئێرانی له‌و فیستیڤاڵه وه‌رگیراون و به‌ نوێنه‌رایه‌تی سینه‌مای ئێران له‌م فیستیڤاڵه‌دا به‌شداری ده‌که‌ن. ‌
ئه‌و خوله‌ی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی Vasteras له‌ رۆژانی 14 تا 22ی تشرینی دووهه‌م/نۆڤه‌مبری 2015ی زایینی له‌ وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
کورته‌ فیلمی به‌ڵگه‌یی "تا مردانمان برقصند" واته بۆ ئه‌وه‌ی پیاوه‌کانمان هه‌ڵپه‌ڕن ‌ له‌ نووسین و ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری بانه‌یی "هیوا ئه‌مین نیژاد" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی هیوا ئه‌مین نیژاد و "شه‌هرام عه‌لیدی" تا ئێستا له‌ چه‌ندین فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی فیلم نمایش کراوه‌ و خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌؛ خه‌ڵاتی یه‌که‌می به‌شی کێبڕکێی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شی "جۆری روانین" (262 چرکه‌یی) و ته‌ندیس، خه‌ڵاتی نه‌غدی 2 هه‌زار یۆرۆیی و له‌وحه‌ی رێزلێنان له‌ یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی کیش له‌ ئێران و خه‌ڵاتی به‌شی مۆنتاژی فیلم و ته‌ندیسی فیستیڤاڵ و 2 میلیۆن تومه‌ن و ناوزه‌دی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی له‌ بیست و هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران، دیپلۆمای شانازی بۆ به‌شی ده‌نگهه‌ڵگرتن و خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ و دیپلۆمای شانازی بۆ به‌شێ وێنه‌گرتن له‌ فیستیڤاڵی ناوچه‌یی کورته‌ فیلمی کۆسالان به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ پازده‌یه‌مین خولی جه‌ژنی ماڵی سینه‌مای ئێران له‌ تاران و هه‌روه‌ها له‌ شاره‌کانی بانه‌، مه‌ریوان و سنه‌ نمایش کراوه‌.
کورته‌ فیلمی "یه‌ک، هیچ" له‌ نووسین و ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری لاوی کورد "سامان حوسێن پوور" و له‌ وێنه‌گرتن و مۆنتاژی "زانیار لوتفی" و ده‌نگهه‌ڵگرتنی "زانیار ته‌هماسبی" ماوه‌که‌ی یه‌ک خوله‌ک و به‌رهه‌می ساڵی 2014 که‌ محه‌مه‌د په‌ناهی و په‌یمان عه‌زیزی وه‌کوو ئه‌کته‌ر تێیدا ده‌وریان گێڕاوه‌. له‌و فیلمه‌دا سه‌رتاشێک‌ قژی کوڕانی مێرمنداڵ کورت ده‌کاته‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ خه‌ریکن له‌ ته‌له‌ڤیزیۆن ته‌ماشای یاری تۆپێن ده‌که‌ن.
ئه‌و کورته‌ فیلمه‌ تا ئێستا له‌ ده‌یان فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلم نمایش کراوه‌ و خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ فیستیڤاڵی فیلمه‌ سه‌ربه‌خۆکانی Nielsen نیۆیۆرک له‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ده‌ستهێناوه‌ و به‌شداریی له‌ فیستیڤاڵه‌کانی شاپه‌ره‌کی تاران، فیلمه‌ یه‌ک خوله‌کییه‌کانی تۆرێنتۆی که‌نه‌دا و به‌ڕازیل، یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلم گه‌لی ئۆنلاینی ئۆرۆگۆئه‌ و نیکاراگۆئه‌، فیستیڤاڵی فیلمی به‌م له‌ ئه‌مه‌ریکا و فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی کۆڵانی سووڕاو له‌ شاری ئۆکلاهامای ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا کردووه‌.
Top