هەرێمی كوردستان بەشداری لە خولی (55)ەمینی لیژنەی قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان دەكات

هەرێمی كوردستان بەشداری لە خولی (55)ەمینی لیژنەی قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان دەكات
رۆژی 27/7/2015 لە شاری جنێفی سویسری لیژنەی قەڵاچۆكردنی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان (55)ەمین خولی خۆی بەست و حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەم خولەدا بەشداربوون و گفتوگۆیی تایبەتی راپۆرتی عێراق پێشكەش كرا لە بارەی بوونی عێراق بە ئەندام لە رێكەوتنە قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان.
دوای پێشكەش كردنی وتاری عێراق لە لایەن دكتۆر عەبدولكەریم شەلال جێگری وەزیری مافی مرۆڤی عێراقی، دكتۆر دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وتاری هەرێمی كوردستانی پێشكەش كرد و تیێدا تیشكی خستە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی ئەشكەنجەدان و پاراستنی مافەكانی راگیراوان بەپێی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ.
د. دیندار زێباری لە درێژەی وتەكەیدا وتی: ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سونگەی بڕوا بوونمان بەو ماف و ئازادیانەی كە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە، ئەشكەنجەدان بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە بە سەرپێچی كردن لە مافی مرۆڤی دەزانین، بۆیە پابەندبوونی خۆمان بەو پرەنسیپانە دووپات دەكەینەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان دایناوە و ماف و كەرامەتی مرۆڤ دەپارێزن، لەم روانگەیەوە و بەپێی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەشكەنجەدان قەدەغە كراوە و هیچ كارمەندێكی وزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاكانی ئاسایشی هەرێم لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت ئەشكەنجەدان بەكار بهێنێت دژی راگیراوان و تۆمەتباران و سزا دراوان بە مەبەستی دەستكەوتنی زانیاری و دان پێدانانی زۆرەملێ.بەپێی ماددی (19)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق سزا دەدرێ.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون وەڵامدانەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها وتی: هەر تاوانبار یان گومان لێكراوێك چ لە قۆناغی لێكۆڵینەوە یان لە قۆناغی داگایی كردندا بێت بۆی هەیە سكاڵا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی یان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە دژی هەر كارمەندێكی وەزارەتی ناوخۆ یان دامودەزگاكانی ئاسایشی هەرێم دوای سەلماندنی بەكارهێنانی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان بەرامبەریان، بۆیە تا ئێستا چەندین لیژنە لێكۆڵینەوە پێكهاتووە بۆ بەدواداچوون و دەرخستنی راستی چەند سكاڵایەك كە لە لایەن تاوانباران و راگیراوان بەرز كراونەتەوە و كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاكانی ئاسایشی هەرێم بە ئەنجامدانی ئەشكەنجەدان تاوانبار دەكەن و لە كاتی سەلماندنی داواكان وەزارەتی ناوخۆ رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە دەگرێتە بەر كە راگیراو و سزا دراوانیان ئەشكەنجە داوە.
د. دیندار زێباری ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی ئاژانسەكانی یوئێن ورێكخراوە حكومی و ناحكومییەكانی تایبەت بە نەهێشتنی ئەشكەنجەدان بۆ ئەوەی سەردانی بنكەكانی راگرتن و گواستنەوە و بنكەكانی چاكسازی بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیانیان بن و دڵنیا بن لە نەبوونی ئەشكەنجەدان لەم بنكانە.
لە كۆتایی وتەكەیدا د. دیندار زێباری پێشوازی لە بڕیاری حكومەتی عێراق كرد بۆ چوونە نێو رێكەوتننامەی قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان كرد و وتی: ئەمە هەنگاوێكی بوێرانەیە لەسەر رێگای راست بۆ پاراستن و پتەوكردنی مافی مرۆڤ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان پابەند دەبین بە دەرەنجامی ئەم گفتوگۆیانە و هیوادارین سوودی هەبێت بۆ هەموو لایەنەكان و ببێتە هۆكارێك بە باشتر كردنی پێگەی عێراق لەو بوارەوە و نەهێشتنی ئەشكەنجەدان، بەتایبەتی لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
كارلا ئیدلینبۆس سەرۆكی بەشی لێپرسینەوە لە هۆبەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان لە نووسینگەی كۆمیسیاری مافی مرۆڤ، لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر گرنگی نەهێشتن و قەڵاچۆكردنی ئەشكەنجەدان و وتی: پێویستە وڵاتانی ئەندامی رێكەوتننەكە پابەند بن بە بنەماكانی رێكەوتننامەكە و هەوڵی نەهێشتنی هەموو جۆرە ئەشكەنجەدانێكی جەستەیی و دەروونی و هەر رەفتارێك كە بە ئەشكەنجەدان دابنرێت لە هەر بارودۆخێكدا بیت.

Top