ژاپۆن وزه‌خانه ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی داده‌خات
یوشیكۆ نۆدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی ژاپۆن به ره‌سمی رایگه‌یاند، هه‌تا ساڵی 2030، هه‌موو وزه‌خانه ئه‌تۆمییه‌كان داده‌خات و هیچ وزهخانهیهكی نوێ دروست ناكرێت.
به‌پێی بڕیاری حكوومه‌تی ژاپۆن، پڕۆژه‌ی وازهێنان له وزه‌ی ئه‌تۆمی، سێ به‌ش له‌خۆ ده‌گرێت كه بریتییه له داخستنی وزه‌خانه‌كانی ئێستا له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به ته‌مه‌نی 40 ساڵ، دروست نه‌كردنی هیچ وزهخانهیهكی نوێی ئه‌تۆمی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وزه‌خانه‌كانی ئێستا، ته‌نیا به مه‌رجی تێپه‌ڕبوونیان له تاقیكارییه پێویسته‌كان.
دوابه‌دوای بوومه‌له‌رزه‌ی ساڵی رابردووی ژاپۆن و روودانی كاره‌ساتی وزه‌خانه‌ی ئه‌تۆمیی فۆكۆشیما، ناڕه‌زایی خه‌ڵكی ژاپۆن له به‌كارهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی په‌ره‌ی سه‌ند و حكوومه‌تی ژاپۆن ناچار بووه، به‌پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانی پێشووتری، داخستنی وزه‌خانه ئه‌تۆمییه‌كان په‌سند بكات.
ژاپۆن 50 ریاكتۆری ئه‌تۆمیی به‌رهه‌مهێنه‌ری كاره‌بای هه‌یه كه له دوای كاره‌ساتی وزه‌خانه‌ی فۆكۆشیما، هه‌موو ئه‌و ریاكتۆرانه، بۆ تاقیكردنه‌وه و دڵنیابوونه‌وه له بێ‌زیان بوونیان، له‌كار خراون و ئێستا ته‌نیا 2 وزه‌خانه كه‌وتوونه‌ته‌وه كار.
-PNA