سەركەوتنی پێشمەرگە و شەڕەڤانان لە شنگال و كۆبانێچارەنووسی پەناهەندەكان دیاری دەكات
February 5, 2015
راپۆرتەکان
بە پشتگیری پێشمەرگە بۆ شەڕڤانان
كۆبانێ ئازاد كرا
سەرەتا دەلال عەبدولڕەحمان كە چوار مانگ لەمەوبەر خۆی و خێزانەكەی لە (كۆبانێ)وە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، سەبارەت بە رزگاركردنی شارەكەیان و پاڵپشتی و هاوكارییەكانی پێشمەرگە دەڵێت: «زۆر دڵخۆشین بە رزگاركردنی شارەكەمان كە بە پاڵپشتی سەرۆكی كوردستان و پێشمەرگەو بۆ شەڕەڤانان توانرا داعشەكان لە شارەكەمان دەربكرێن، لەمەشدا سەرۆك بارزانی وەكو پارچەیەكی دانەبڕاو لە كوردستان مامەڵەی لەگەڵ كۆبانێ كرد، ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە، ئازار و مەینەتییەكانی دەربەدەری و ئاوارەبوونی لێ كەم كردینەوە».
شیار حەسەن ئاوارەیەكی دیكەیە و وێڕای ئەوەی سوپاسی خەڵكی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەكات كە سەرەڕای خراپیی رەوشی ئابووری و شەڕی داسەپاوی داعش، پێشوازییان لە خەڵكی كۆبانێ كردووە، ئومێدیشی زۆر بوو پێشمەرگە بەسەر داعش و تاقمە تیرۆریستەكانی دیكەدا سەربكەوێت.
لە بەشێكی دیكەی كەمپی دارەشەكران كە تایبەت بوو بە ئاوارەكانی قامشلۆ، جەلال حەسەن گوتی: «سوپاسی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكەین كە زۆر هاوكارییان كردین و پێشوازییان لە دانیشتووانی كۆبانێ كردو دواتر پێشمەرگەیان بۆ پاڵپشتی شەڕڤانان نارد و ئەو شارە كوردستانییەیان لە دەستی چەتەكانی داعش رزگار كرد، تەنانەت لە سەرەتای ئاوارەبوونماندا سەرۆك بارزانی سەردانی كەمپەكەی كردین و لە نزیكەوە داوای لە دامودەزگاكانی حكومەت و رێكخراوە مرۆییەكان كرد پێداویستییەكانمان بۆ دابین بكەن».
سلێمان محەمەد دانیشتوویەكی دیكەی هەمان كەمپە و ئەویش شانازی بە پێشمەرگەوە دەكات و رایوایە بۆ یەكەمینجارە كوردی هەرچوار پارچەكەی كوردستان بەو شێوە فراوانە یەكڕیز و تەبا بن و پشتی یەكتر بگرن، تەنانەت شەهیدەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی لە كۆبانێ و شنگال بە هێما و سمبولی یەكڕیزی و برایەتی نێوماڵی كوردی دانا؛ ئەو كوردەی كوردستانی رۆژئاوا زیاتر گوتی: «هەموو كوردەكان لەسەر ناسنامەی كوردستانیان دەربەدەر دەكرێن و هەڕەشەیان لێدەكرێت، داعشەكان و شۆڤێنییەكانی دژ بە كورد، هیچ ئەخلاق و ئایینێكیان نییە، وڵاتانی ئیقلیمیش بەپێی پێویست هاوكاری و پاڵپشتییان نەكردووین، هەربۆیە لەهەموو كات زیاتر پێویستمان بەهاوكاری و پاڵپشتی یەكتر هەیە، ئەوەتا بە چاوی خۆمان بینیمان كاتێك پێشمەرگە و شەڕەڤانان پێكەوە رووبەڕووی چەتەكانی داعش بوونەوە، كۆبانێ و شنگال رزگار كرا.»
نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر كەم كۆمەك و هاوكاریی
ئاوارە و پەناهەندەكانیان كردووە
دانیشتووانی ئەو كەمپەی پەناهەندەكان نیگەران بوون لە كەمبوونەوەی كۆمەكی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی دوای ئەوەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە و ئاستی كۆمەك و خزمەتگوزارییەكانی زۆر كەم كردەوە و بەرامبەر ئەو كارەساتە مرۆییە دەستەوەستان راوەستاوە، لەمەشدا هەرێمی كوردستان بارگرانییەكی زۆری كەوتۆتە سەر. پەناهەندەكانی كۆبانێ لەم كەمپەدا كە ژمارەی خێزانەكانیان لە 240 خێزان تێپەڕی كردووە، گلەیی ئەوەیان هەبوو چادرەكانیان لە شوێنێكی گونجاودا نییە، هەر لەوبارەیەوە حەسەن ئەحمەد كە ئاوارەیەكی كۆبانێ بوو گوتی: «ماوەیەكە بە تەواوەتی كۆمەكی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كەمی كردووە، نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندووە چیتر ناتوانێت هاوكاری ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەناهەندەكان بكەن، گەربێتوو ئەم كۆمەك و هاوكارییانە نەمێنێت، كارەساتێكی مرۆیی روودەدات، هەموومان خوازیارین زوو بگەڕێینەوە شارەكانمان، بەڵام شەڕ و بۆردومانەكان كۆبانێی وێرانكردووەو شارەكانی تریش لەبەردەم هەڕەشەو بارودۆخێكی ناسەقامگیردایە، كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكان و هەلی كار نەماوە، هەربۆیە وادیارە بۆ ماوەیەكی زیاتر لەم كەمپەدا بمێنینەوە، بۆیە داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە مرۆییەكان و خێرخوازانی كوردستان جلوبەرگ و قەمسەڵە و شیری منداڵ و حەفازە و پێداویستی زستانەمان بۆ دابین بكەن، حكومەتیش چادرەكانمان بۆ بگۆڕن بە كابینە، یان هەر هیچ نەبێت ژوورێكی بلۆكمان بۆ دروست بكەن، چونكە ئەم زستانە ئاوی باران دزەی كردۆتە ناو زۆربەی چادرەكانمان و منداڵەكانمان لە سەرمادا نەخۆش كەوتوون و پەتای خراپ بڵاوبووەتەوە». هەر سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو كەمپەكەدا محەمەد حەسەن داود گوتی: «سەرمای زستان و بارانبارین و نەبوونی توالێت و شوێنی خۆشووشتن بۆ هەر خێزانێك وایكردووە نەخۆشییەكانی پێست و زەردوویی و ئینفلۆنزا و حەساسییەت بڵاوبێتەوە، بەتایبەتی لەناو منداڵ و ئافرەتاندا، بنكە تەندروستییەكەشمان باش نییە و پێویستیمان بە پزیشك و دەرمان هەیە، توالێتە گشتییەكانیش هۆكارێكن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی».
بەشێوەیەكی گشتی پەناهەندەكانی كەمپی دارەشەكران داوكار بوون حكومەتی هەرێم وەكو شارۆچكەیەك مامەڵە لەگەڵ كەمپەكاندا بكات و گرنگی زیاتر بە بوارەكانی كارەبا و ئاو و پێداویستی زستانە و پەروەردەو تەندروستییان بدات، بەتایبەتی كە هەتا تادێت ژمارەی پەناهەندە و ئاوارەكان زیاتر دەبێت و پێداویستیەكانیشیان فراوانتر و زۆرتر دەبێت.
بێكاری خەمێكی گەورەی پەناهەندەكانە
كەمپی دارەشەكران هەروەكو زۆربەی ئەو كەمپانەی كە سەردانمان كردبوون، ژمارەیەكی زۆری گەنج و پیاوی بێكاری هەبوو كە داوای دۆزینەوەی هەلی كاریان دەكرد، چونكە بۆ زیاتر لە چوار مانگە لەم كەمپەدا ماونەتەوەو هەروەكو خۆیان باسیان كرد، هەرچی پارەیان هەبووە، خەرجیان كردووە، لەم رووەوە عەبدولكەریم سلێمان گوتی: «ژمارەیەكی یەكجار زۆری گەنج و پیاو هەیە كە بێكارن و خوازیارن هەلی كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، تاوەكو بتوانن پێداویستی بژێوی ژیان و خەرجی تەندروستی خۆیان و خێزانەكانیان دابین بكەن، بەتایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری كەمئەندام و منداڵی نەخۆشمان هەیە و خەرجی زیاتریان دەوێت و چی پارەمان هەبوو، خەرجمان كردووە، گەر ئەم كێشەیە چارەسەر بێت، بارگرانی پەناهەندە و ئاوارەكانیش لەسەر حكومەت كەمتر دەبێتەوە».
لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك لە قوتابییەكان داوای كردنەوەی قوتابخانەی دواناوەندییان دەكرد كە ئەوان بەهۆی بارودۆخەكەوە ئێستا لەخوێندن دابڕاون.
گۆڕینی چادرەكان بە ژوور
بەهۆی وەرزی سەرما و بارانبارین و دزەكردنی ئاو بۆ ژێر چادرەكان و ئەگەری كەوتنەی ئاگر، لە كەمپەكان رێگە درا ئاوارە و پەناهەندەكان بە بلۆك ژوورێك بۆ خۆیان دروست بكەن، بە هاوشێوەی كەمپی دۆمێز لە پارێزگای دهۆك، لە كەمپی دارەشەكرانیش ژمارەیەك لە پەناهەندەكانی كوردی رۆژئاوا سەرقاڵی دروستكردنی ژوور بوون، كە وا پێویستە بە شێوەیەكی ئەندازیاری و دیزاینێكی هاوبەش و رێكوپێك دروست بكرێت، چونكە دواجار كاریگەریی لەسەر شێواندنی دیزاینی ناو كەمپەكە و شەقامەكانی دەبێت، زۆر لە پەناهەندەكان ئەم رێگەپێدانەیان بە كارێكی باش دانا، بەو پێیەی كەش و هەوا لە هەردوو وەرزی زستان و هاوین لە باشووری كوردستان سەخت و دژوارە، بەڵام هەموو پەناهەندەكان توانای دابینكردنی بلۆك و كەرەستەی بیناسازییان نەبوو، هەر بۆیە داوایان لە رێكخراوە مرۆییەكان دەكرد بە بەرنامە هەرجارەو ژمارەیەك لە چادرەكان بگۆڕدرێن بە ژووری بلۆك.