هەر كوردانی ئێزیدی و بەكۆیلەكردنی كیژۆڵەكانیان

هەر كوردانی ئێزیدی و بەكۆیلەكردنی كیژۆڵەكانیان
تیمێكی گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی ئاوارەكانی ئێزیدی سەردانی دەڤەری شێخان و پەرستگای لالش و چەند خێوەتگەیەكی كردو لەنزیكەوە گوێبیستی ئەو تاوانە وەحشیگەرییانە بوو كە كوردانی ئێزیدی لە شنگال و دەوروبەری لەسەر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش ) و گرووپە شۆڤێنیەكانی دیكەی هۆزە عەرەبەكان دەرهەقیان كراوە. شایەتحاڵەكان باسی تاوانەكانی چەكدارانی داعش دەكەن و زیاتر لە خەمی بێسەروشوێنكردنی ئازیزان و رفاندن و بەكۆیلەكردنی ئافرەت و كچەكانیانن، هاوكات داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسیی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، بە هەموو توانایەكەوە هەوڵ بدەن، شارەكەیان رزگار بكەن و بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تۆمەتبارانی ئەو كۆمەڵكوژییەش سزا بدرێن، كە بە قسەی شایەتحاڵەكان گوندە عەرەبەكانی دەوروبەری شنگال دەستیان لەو تاوانە قێزەونە هەبووە.




شایەتحاڵەكان كارەسات و تراژیدیای زۆریان بینیوە
«كاتێك گەیشتینە چیای شنگال و لەدەست داعشەكان رزگارمان بوو، هێشتا مردن هەڕەشەی لێدەكردین، چونكە بەهۆی بەرزی پلەی گەرماو بێئاوی و نەبوونی خواردن و خراپی باری تەندروستی منداڵ و ئافرەت و پیاوە بەتەمەنەكان و چەندین كەسی ئازیزمان گیانی لەدەست دا، من بە چاوی خۆم دایكێكم بینی، كاتێك منداڵەكەی مرد خۆی لە بەرزاییەك فڕێدایە خوارەوە و گیانی لەدەست دا».
ئەوە قسەی بەرەكات حەجی بوو. ئەو خەڵكی شاری (شنگال)ـە و ماوەیەكی كەمە خۆی و خێزانەكەی لە چیای شنگال رزگاریان بووەو ئێستا لەپەرستگای لالش دەژین.
لە درێژەی چاوپێكەوتن و بەسەركردنەوەی كوردانی ئاوارە، ئەمجارەیان تیمێكی گۆڤاری گوڵان بەرەو شێخان و پەرستگای لالش بەڕیكەوت و لە چەند كەمپ و خێوەتگەی دیكەی ئاوارەكانی كوردیی ئێزیدی گوێبیستی ئەو كارەساتانە بوون كە كوردانی ئێزیدی لە شنگال و دەوروبەری لەسەر دەستی رەشی چەكدارانی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی داعش رووبەڕووی بوونەوە. ئەوان باسی كوشتنی هەزاران كوردی ئێزیدی و بەكۆیلەكردن و رفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر زیاتر لە 400 ئافرەت و كچی كوردو بێسەروشوێنكردنی منداڵەكانیان لەلایەن چەكدارە تەكفیرییە توندڕەوەكانی داعش و عەرەبە شۆڤێنیەكانی ناوچەكە دەكەن.
ئەو تاوانەش بە نوێكردنەوەی زامەكانی ئەنفال و قڕكردنی كورد دەزانن. ئاوارەكانی كوردی ئێزیدی پێیانوایە جیهان و میدیاكان بەپێی پێویست باسیان لەو هێرشە تەكفیریی و توندوتیژییە نەكردووە كە لەبەر كوردبوون و ئایینەكەیان بەرامبەریان ئەنجامدراوە. ژمارەیەك لە ئاوارەكانی كوردی ئێزیدی كە لەناو هەیكەلی بینایەكی تەواونەبوو لە شێخان ژیان بەسەر دەبەن، ئەوەیان خستەڕوو كە وێڕای ئەو هەموو مەینەتییە ئێستاش لە دۆخێكی خراپدا دەژین و هاتنی وەرزی زستانیش كێشەكانیان زیاتر دەكات.
هۆزە عەرەبەكان لە كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزیدی
هاوكاری چەكدارانی داعش بوون
سلێمان خودێدە، ئاوارەیەكی كوردی ئێزیدییە و بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت: «داعشەكان و هۆزە عەرەبەكان دەستیان لەو كۆمەڵكوژی و قڕكردنە هەبوو كە بەرامبەر كوردانی شنگال و ناوچەكە كرا، ئێستاكەش تەرمی سەدان پیاو و ئافرەتی بەتەمەن و منداڵ لە دەشت و چیای شنگال شایەتی ئەو تاوانە قێزەوەنەن، منداڵەكانمان هەرگیز تاوانی وایان لە بیر ناچێتەوە، بەداخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش تا ئێستا بێدەنگن بەرامبەر رفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر ژن و كچەكانی ئێزیدی كە دوای كوشتنی پیاوەكانیان وەكو كۆیلە رفاندوویانن بۆ موسڵ و شاری رەقە لە سووریا».
ئەلیاس رەشۆ باسی ئەوە دەكات كە لە كاتی هەڵهاتنەكەیان بەهۆی پەلامارەكانی چەكدارانی داعش، زۆربەی خێزانەكان پەرتەوازە بوون و لە یەكتر دابڕان، گوتیشی: «بێسەروشوێنكردنی ئافرەتان و بە كەنیزەكردنی كچەكانمان خەمێكی زۆر گەورەمانە و تووشی حاڵەتێكی دەروونی خراپی كردووین، بارودۆخەكەشمان لەژێر چادرو لەناو كەمپەكان بە جۆرێكە حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە».
زۆر لە ئافرەتەكانی شنگال سەرەڕای خەمەكانیان بۆ بێسەروشوێنكردنی پیاوەكانیان و رفاندن و فرۆشتنی كچەكانیان، جەخت لەوە دەكەنەوە كە بارودۆخیان لەم وەرزی سەرما و سۆڵەیە و لەناو قوڕولێتەی كەمپەكان زۆر خراپە، ئەوەتا عیدۆ خەلەف، كە هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی تەلبەناتە دەڵێت: «ژیان لە ژێر چادر و لەم كەمپانە زۆر ناخۆش و سەختە، خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و شوێنی نیشتەجێبوونمان زۆر خراپە، بە رادەیەك لەكاتی هەڵكردنی هەر با و بارانێك مەترسیی رووخانی چادرەكان و كەوتنە ژێر ئاوی پێخەف و شوێنەكانمان هەیە، تەنانەت ئەگەر بە سۆباش خۆمان گەرم بكەینەوە، زۆر دەترسین ئاگر لەناو كەمپەكە بكەوێتەوە».
داعشەكان لە هەردوو گوندی كۆچۆ و تەلعەزێم
كۆمەڵكوژییان كردووە
ئەلیاس رەشۆ لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە رەشەكوژی و تاوانەكانی چەكدارانی داعش لەهەردوو گوندی كۆچۆ و تەلعەزیم كرد و گوتی: «سەرەتا هۆزە عەرەبەكان بە خەڵكەكەیان گوت مەڕۆن و ئێمە پارێزگاریتان لێدەكەین، كەچی هەر خۆیان كۆمەڵكوژییان كرد، بەچاوی خۆمان بینیمان داعشەكان چۆن لە گوندە عەرەبەكان پێشڕەوییان كردو گوندەكانمانیان گوللەباران كرد، ئەو گوندانەشی وەكو هەر دوو گوندی كۆچۆ و تەلعەزیم و شارەدێی سنوون بوون، دوای ئەوەی هۆزە عەرەبەكان فێڵیان لە خەڵكەكەی كرد تا رانەكەن، دواتر لەبەرچاوی ئەوان و بگرە لەلایەن چەندین چەكداری سەر بەو هۆزانە كە لەناو داعشەكان بوون، پیاوەكانیان لە دەرەوەی گوندەكە گوللەبارانیان كردن».
هەر سەبارەت بەو تاوانە ئافرەتێكی ئێزیدی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، گوتی: «گوندی كۆچۆ كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە خوار شنگالەوە خەڵكەكەی لەسەر بەڵێنەكانی گوندە عەرەبەكانی دەوروبەریان گوندەكەی خۆیان جێنەهێشت، كەچی دواتر ئەمیرەكەی داعش بە هێزێكی زۆرەوە هاتە گوندەكە و ژن و منداڵەكانیان جیاكردەوە و پیاوەكانیشیان راپێچی ئۆتۆمبێلەكان كردو دواتر لە چۆڵەوانییەكی نزیك سۆلاق گوللەبارانیان كردن، هەرچی كچە كوردە ئێزیدییەكانیشە كە ژمارەیان زیاتر لە 400 كچ و ژن دەبێت، داعشەكان وەكو كۆیلە مامەڵەیان پێوەدەكەن و لەبازاڕەكانی موسڵ و رەقە دەیانفرۆشن».
ئافرەت و منداڵانی ئێزیدی لە موسڵ و تەلعەفەر و گوندەكانی دەوروبەری دەستبەسەرن
كارەساتی رفاندن و بەكۆیلەكردنی ئافرەتە كوردەكانی ئێزیدی حاڵەتێكی دەروونی ناخۆشی لەناو ئێزیدییەكان دروستكردووە، هەر بۆیە ئەوان داوا لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەكەن، تۆڵەی ئەو زوڵم و تاوانانەیان بۆ بكەنەوە.
بەرەكات شیرۆ كە خەڵكی شنگالە و ئێستا لە پەرستگای لالش لە ژێر چادرێكدا خۆی و هاوسەرو منداڵەكانی دەژین، بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆیانی بۆ گوڵان كرد: «كارەساتێكی زۆر دڕندانە و ناخۆشمان بەسەر هات، دەڵێن ئافرەتەكانمان هەندێكیان بە عەرەبی سعودی و سووری فرۆشراون و هەندێكی دیكەشیان لەلایەن هۆزە عەرەبەكانەوە دەستبەسەر كراون، رۆژانە چاوەڕێی هەواڵی ئەوەین سەرۆكی هەرێمی كوردستان شنگال و ناوچەكەمان بۆ ئازاد بكات و ئافرەت و كچەكانمان رزگار بكات، پێویستە داوا لە هۆزە عەرەبەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بكرێت چارەنووسی ئەو ئافرەتانەمان بۆ روون بكەنەوە و ئازادیان بكەن».
خودێدە حەجی كە برای بەرەكاتە باسی شوێنی ئەو كچ و ئافرەتانەی كردو گوتی: «هەندێك لەو عەرەبانەی لە موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵهاتوون، ئاشكرایان كردووە كە زۆربەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی دەستبەسەر كراون لە شاری موسڵ و تەلەعفەر و دەوروبەری هەندێكیان كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە و هەندێكیشیان بەزۆر لەخۆیانیان مارە كردوون».
هەر سەبارەت بە كۆیلەكردنی ئافرەتی كوردی ئێزیدی سلێمان شێخ حەجۆ گوتی: «من چاوم بە یەك دوو كچی كوردی ئێزیدی كەوت كە لەدەست داعشەكان لەلایەن هەندێك لە خێزانە عەرەبەكانی موسڵەوە بە پارە ئازاد كراون، ئەوان باسی ئازار و ئەشكەنجەدانی زۆر دەكەن، ئەوان ژمارەیان زۆر بووە و دواتر جیایان كردوونەتەوەو لەو ماڵانەی داعشەكان لە موسڵ دەستیان بەسەردا گرتوون، دەستبەسەر كراون و لەوێ زۆربەی جار لە ناو ژوورەكاندا بەبێ نان و ئاو بەستوویانەتەوە و هەندێك لە ئەمیرە عەرەبەكانی داعش هاتوون سەیریان كردوون تاوەكو بیانكڕن، بەڵام لەسەر نرخی كڕینەكە رێكنەكەوتوون، دواتر ژمارەیەك لە كەسایەتی دەوڵەمەندی عەرەب هاتوون كڕیویانن و ئازادیان كردوون».
خێزانە كوردەكانی ئێزیدی لە شێخان و لالش
داوای هاوكاری و كۆمەكی خێرخوازان دەكەن
لە نزیك پەرستگای لالش كۆمەڵێك خێزانی كوردی ئێزیدیمان بینی كە لەناو چادر و لە بارودۆخێكی خراپدا بوون، ئەوان هیچ خزمەتگوزارییەكی سەرەتایی وەكو توالێت و حەمام و ئاو و كارەبایان نەبوو، تەنانەت شوێنی چادرەكانیان لەتەنیشت رێگەكە بوو كە مەترسی لافاوی لەسەر بوو. هەر لەو بارەیەوە رائید ئیسماعیل گوتی: «ئەم كەمپە هیچ مەرجی ژیان و تەندروستی تێدا نییە، ئێمە لە شنگال لە دەست داعش و لە چیاكە لە دەست گەرما و بێئاوی و بێخواردن دەربازمان بوو، بەڵام باوەڕناكەم لە سەرما و سۆڵەی زستان منداڵەكانمان دەربازیان ببێت، ئێستا هاوكاریی و یارمەتی خێرخوازانیش كەم بۆتەوە، بۆیە داواكارم لە هاووڵاتییانی بەشەرەفی كوردستان ئاوڕێكمان لێبدەنەوە هەر هیچ نەبێت شیر و حەفازە وپێخەف و پێداویستییەكانی دیكەی زستانی و كەلوپەلەكانیان كە زیادەن بۆمانی بهێنن».
لەو كەمپە چاومان بە چەند ئافرەتێك كەوت كە هاوسەرەكانیان لە چیاكە پێشمەرگەن و هەوڵی رزگاركردنی شنگال دەدەن، ئەوان باسی ئازایەتی هاوسەر و باوك براكانیان دەكردو یەكێك لەو خانمانە كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكرد، گوتی: «پیاوەكانمان ئامادەن لەپێناو رزگاركردنی شنگال شەهید بن، بەڵام ئەوان لە بارودۆخی ژیانی ئێمە و خراپی كەمپەكان و نەبوونی خواردن و پێداویستیەكان نیگەرانن، هەربۆیە داواكارین رێكخراوەكان و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێكی زیاتر لەم كەمپانە بدەنەوە».
جەمیل خەلف كە برایەكی شەهیدە و لە لالش ژیان بەسەر دەبات، دەڵێت «من شانازی بە براكەمەوە دەكەم كە لە پێناو شەرەف و نامووسی كوردان شەهید بووە، داواكاریشم هێزی زیاتر بۆ كوردانی ئێزیدی دابنرێت، تاوەكو شارەكەمان رزگار بكەین».
ئەو خێزانە كوردانەی ئێزیدی كە لە شێخان و پەرستگای لالش و لە ناو خێوەتگەكان ژیان بەسەر دەبەن، داوا لە خێرخوازان و حكومەتی هەرێم و رێكخراوە مرۆییەكان دەكەن، هاوكاری و كۆمەكیان بۆ بنێرن و لە مەترسییەكانی سەرماوسۆڵەی زستان رزگاریان بكەن، چونكە خۆیان گوتەنی: لە شنگال لە دەست داعش و لە چیاكە لە دەست گەرما و بێئاوی و بێخواردن دەربازیان بوو، بەڵام باوەڕناكەن منداڵەكانیان لە سەرما و سۆڵەی زستان دەربازیان ببێت.
Top