د.هلۆڤان حوسنی مامۆستای زانكۆی دهۆك: هەرێمی كوردستان نایەوێت ببێتە بەشێك لەو كێشە و تەنگژانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن
د. هلۆڤان حوسنی، مامۆستایە لە زانكۆی دهۆك و لەسەر ئەو ململانێیانەی لە ناوچەكە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان، بەمجۆرە ڕای خۆی دەربڕی:
جیۆپۆلیتیكی هەرێمی كوردستان، جوگرافیایەكی داخراوە و بەچەندین وڵات دەورە دراوە و ئەم وڵاتانەش بە درێژایی مێژوو ململانێ و كێشە لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام ئەوەی جێگەی گەشبینییە ئەوەیە كە سەركردایەتیی سیاسی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیاسەتێكی لۆژیكییانەیان بەرانبەر ئەو دەوڵەتانە پیادە كردووە و خۆیان نەكردووەتە لایەن لە كێشە و ناكۆكییەكانی ئەو دەوڵەتانەدا، یان بە شێوەیەكی دیكە حكومەتی هەرێم نەبووەتە لایەنگری وڵاتێك لە دژی وڵاتیكی دیكە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵی دیپلۆماتی و كەسیی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی دۆستانەی باشی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی دراوسێ هەبێت و دڵنیایان بكاتەوە، لەوەی كە هەرگیز هەرێمی كوردستان نابێتە كێشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەو دەوڵەتانە.
لایەنێكی دیكە كە ئێستا وەك سیاسەت پیادەی دەكات، ئەوەیە كە لەسەر ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانیش لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نەبێتە لایەنگری هیچ لایەك و هاوسەنگی لە نێوان هەموو لایەنەكاندا ڕابگرێت و، هەوڵی داوە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەرێمی كوردستان لەناو ئەو گێژاو و تەنگژەیە پارێزراو بێت.