لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر:1 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ بالیسان تەرخانكراوە

لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر:1 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ بالیسان تەرخانكراوە
هاووڵاتیانی دۆڵی بالیسان..
چاوەڕوانین لەیادی كیمیابارانكردنی بالیسان ئاوڕێك لەپرۆژە خزمەتگوزاریەكانی ناحیەكەمان بدرێتەوە


لە16/4/1987 رژێمی ئەوسای عێراق لەڕێگای بەكارهێنانی هەلیكۆپتەرو فڕۆكەی جەنگیەوە بە چەكی كیمیایی هێرشی كردە سەر دۆڵی بالیسان و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیلی شەهیدو بریندار كرد، لە دوای راپەڕین بەرە بەرە خەڵكەكە چۆتەوە سەر زێدی خۆی و گوندەكانیان ئاوەدانكردۆتەوەو بەكاری كشتوكاڵی و باخداری و مەڕداری خەریكن. ئەمڕۆ بالیسان كە لەساڵی 1999 بۆتە ناحیەو (15) گوند لەخۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 5500 كەس دەبێت كە بەیەكێك لەو ناحیانەی هەرێمی كوردستان دادەنرێت كە بەهۆی چەندین بارودۆخ و نەبوونی ئیمكانیات لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەش بووەو بەپێی پێویست و لەئاست كاولكارییەكەی كارو پرۆژەی بۆ نەكراوە، لەسەردانێكماندا بۆ ناحیەی بالیسان و سنوورەكەی ژمارەیەك هاووڵاتیمان دواند، بە گشتی گلەیی و گازندەیان لە بارەی كەمی ئاویخواردنەوەو خراپی كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری ناحیە و خراپی فڕێدان و كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك هەبوو كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا دەیخەینەڕوو.
سەرەتا هاووڵاتی عەبدولسەلام رەسول ئاماژەی بەوەدا ئەو خانووانەی بۆ شەهیدانی جینۆسایدی بالیسان كراوە جگە لەوەی لەوادەی خۆی دواكەوتووە كەموكوڕی لە بینایەی خانووەكان زۆرە و هیچ خزمەتگوزارییەكی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و دانانی تۆڕی دابەشكردنی كارەباو قوتابخانەو قیڕتاوو كۆنكرێتی شەقامەكانیان بۆ جێبەجێ نەكراوە، لەرووی پێداویستیەكانی كەرتی پەروەردەشەوە ئەو هاووڵاتییە وتی: بالیسان ژمارەی قوتابییەكانی زۆرە و بینایەی قوتابخانەكانی كەمە هەر بۆیە پێویستیمان بە بینایەی قوتابخانەی نوێ هەیە، لەلایەكی ترەوە ئاوی خواردنەوە یەكێكە لە كێشەكانی دیكەمان كە رۆژانە تەنیا یەك كاتژمێر ئاومان پێ دەدەن. هەر سەبارەت بەكەرتی پەروەردە و لەبارەی كەموكوڕی كێشەكانەوە سەرنجی چەند قوتابییەكمان وەرگرت لەوانە سەیفوڵا ئەحمەد كە ئاماژەی بەكەموكوڕییەكانی بواری خزمەتگوزاریی ناو قوتابخانەكان كرد، ئەوەشی روونكردەوە كە پەرتووكەكانیان زۆر پەڕپووت و دڕاون و بینایەی قوتابخانەكەیان كۆنەو پێویستی بە نۆژەنكردنەوەو بەرفرەوانكردن هەیە، هاوكات مامۆستایەك بەناوی عەبدوڵا وتی: قوتابخانەی بالیسانی كۆن ماوەی 22ساڵە دروستكراوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە و خەڵكی ناحیەكەشمان دامەزراندنی بۆ نەكراوە. هەروەها هاووڵاتی دلێر ئیبراهیم ئاماژەی بەوەكرد كە تۆڕی دابەشكردنی كارەباكەیان بەپێی پێویست نییە و هەندێ لە ستوونەكانی كارەبا بە بۆری ئاویخواردنەوە دروستكراوەو مەرجی هونەری و سەلامەتی تێدا نییە و ڤۆڵتیەی كارەباكەشمان زۆر نزمە. ئەمەو لەرووی كۆڵان و شەقامەكانیشەوە گلەیی و رەخنە هەبوو بەوەی زۆربەی كۆڵانەكانیان بێ سەروبەرەو كۆنكرێت یا قیرتاوكردنیان پێویستە هەر وەكو ئەم رێگا سەرەكییەی كە لە خوار خانووەكانی شەهیدان بەرەو سەنتەری ناحیەكە دەڕوات و هاتوچۆیەكی زۆری لەسەرە، سەبارەت بە كارو خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیش هاووڵاتی ئەحمەد عەزیز وتی: بۆ پاككردنەوەی ناو شار پێویستیمان بە ئامێرێكی كەپس هەیە، هەروەها كێشەی زەوی و زارو نەبوونی تاپۆی خانووەكان و قەرەبووكردنەوەی ئەو زەوییانەمان هەیە كە پرۆژەی لەسەر دروست كراوە. هاووڵاتی محەمەد خالید تەئكیدی لەوەكردەوە كە دامەزراندن بۆ ناحیەكەیان رێژەیەكی زۆر كەمە و یەكێكی وەكو ئەو كە دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی بەشی رووپێوە بە وانەبێژی و گرێبەست لە قوتابخانەی بنەڕەتییەكەی ناو سەنتەری شارۆچكەكە وانە دەڵێتەوە. لەسەر كەموكوڕی و خراپی شەقام كۆڵانەكانی ناحیەكە هاووڵاتییەك بەناوی سەلمان حەمەد وتی: شەقامی سەرەكی بالیسانی كۆن زۆر نارێك و تەسكە پێویستە شوێنی جۆگەلەكان ببەنە پاش تاوەكو شەقامە سەرەكیەكە فراوان بكرێت، هەروەها مشورێكی دواكەوتنی پرۆژەی دووسایدی سەرەكی دەروازەی ناحیەكە بخورێت كە لەوادەی خۆی دواكەوتووە. بەشێوەیەكی گشتی هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی ئەوەدان لەیادی كیمیابارنكردنی دۆڵی بالیسان حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێكی جدی لەپرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكانی ناحیەكەو سنوورەكە بداتەوە.



ساڵح ئەكرەم بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان لە وەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان) دا باسی لە هۆكارەكانی گرفتی خزمەتگوزاری و نەبوونی پڕۆژەی گرنگ و پێویست كرد، هەروەها ریزبەندی گرنگترین ئەو پرۆژانەی خستەڕوو كە بۆ ئەمساڵ بۆ ناحیەكەیان و دۆڵی بالیسان جێبەجێ دەكرێت، لەم رووەوە پێی راگەیاندین:( ناحیەی بالیسان ساڵانە پرۆژەی بۆ جێبەجێ دەكرێت، بەڵام پێداویستی و خواستی خەڵكەكەی لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەو گەشەی كۆمەڵایەتی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، بۆ نموونە توانرا لە 99%ی گرفتی دابینكردنی كارەبای سنوورەكە چارەسەر بكرێت بەڵام گرفتی ڤۆڵتیە ماوەو بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناحیەكەیان دۆڵی بالیسان پێویستی بەوێستگەیەكی مۆبایلە، هاوكات گەرچی توانرا پرۆژەیەكی ئاویخواردنەوە بۆ ناحیەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا گرفتی ئاویخواردنەوەیان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش بڕی 450 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ لێدانی 2 بیری ئاویخواردنەوە تاوەكو ئەو ئەمبارەی بۆ گلدانەوەی ئاویخواردنەوە دروستكراوە زووتر پڕ بێت . هەروەها بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاویخواردنەوە لە گوندەكانی دەراش و خوران و كەندە سورو میراوەی نوێ بیری ئاویخواردنەوەیان بۆ لێدەدرێت. سەبارەت بەبودجەی تەرخانكراوی ئەمساڵ بۆ بالیسان بەڕێوەبەری ناحیەیەكە وتی: ئەمساڵ لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر 1 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ ناحیەی بالیسان و سنوورەكە تەرخانكراوەو لە بودجەی پێترۆ دۆلاریش بەرنامەو پرۆژەكان ریزبەندی بۆ دانراوە كە چارەسەركردنی گرفتی ئاویخواردنەوە و پرۆژەكانی ئاودێری لە گوندەكان و پرۆژەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانی ئەمساڵ دێت، هاوكات بڕە پارەیەك بۆ دروستكردنی نهۆمی دووەمی بینایەی ناحیەكە تەرخانكراوە. گلەیی و رەخنەی زۆریشیان لەسەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە كەمترین كارو پرۆژەیان بۆ ناوچەكە ئەنجام داوە. بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان تیشكی خستەسەر پرۆژەكانی شارەوانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی گوندەكان و لەمبارەیەوە وتی: لەساڵی 2012 پرۆژەكانی شەقام و شۆستەی گەڕەكەكانی بالیسانی خواروو دەستی پێكردووە، شەقامی جووت سایدەكەی دەروازەوە تا سەنتەری ناحیەكە قۆناغی باشی بڕیوە، راگرتنی كارەكانی ئەم پرۆژەیەش بۆ بەفربارین و بارانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، لە بودجەی 2013 بەبڕی 250 ملیۆن دینار پرۆژەی رووناككردنەوەی جووت سایدەكە جێبەجێ دەكرێت، بۆ ڕێگای توتمەش بەدرێژیی 2 كیلۆمەتر پارە تەرخانكراوە. بەجووت سایدكردنی ڕێگای سەرەكی بالیسان كارێكی زۆر پێویستە، چونكە رۆژانە 600 قەلاب و لۆریی بارهەڵگر بەم ڕێگایە هاتوچۆ دەكەن و ڕێگاكە بەپێگەی گەیاندنی بادینان و هەریرو سۆران و بارزان و ناوچەی بێتوین و پشدەر دادەنرێت. لەرووی پاكوخاوێنكردنی ناحیەكەو چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك كێشەو گرفتمان هەیەو وەكو پێویست بەو بەرنامەو سیستەمە كۆنە ناتوانرێت لەكارەكان سەركەوتوو بین، لەناو هەموو سنووری پارێزگای هەولێر و شەقڵاوە لەلایەن كەرتی تایبەت كاری پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك بەڕێوە دەچێت و تەنیا لەناحیەی بالیسان نەبێت، هاوكات پێویستیمان بەئامێری پاككەرەوەو ئۆتۆمبێلی كەپس هەیە. لەلایەكی ترەوە بۆ بالیسانی كۆن نووسراوم بۆ نۆژەنكردنەوەی كردووە لەگەڵ ئەمەش دا سەرجەم كۆڵانەكانی بالیسانی كۆن كۆنكرێت كراون داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم مشورێكی نۆژەنكردنەوەی خانووە كۆنەكان لەسەر شێوازی كۆن بخوات، چونكە سیمایەكی مێژوویی كۆنی لەخەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان هەیە. لەوەڵامی رەخنەو داواكاریی هاوڵاتیانیش بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیان بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان ئەوەی پشتڕاست كردەوە كەوا نەبوونی تاپۆی خانووەكان گرفتی بۆ ئەوانیش دروستكردووە، بڕیاڕی تاپۆكردنی خانووەكانیش بە پرۆسەیەكی ئاسان تێپەڕ دەبێت و كاری كوژانەوەی زەوی لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەوێت و دواتر بخرێنە سەر وەزارەتی دادو شارەوانی و بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و پرۆژەی خزمەتگوزاری بەكار بهێنرێت، لەگەڵ تەواوبوونی ماستەرپلانی بالیسان زۆر پێویستمان بە جێبەجێكردنی پرۆسەی كوژانەوەی زەویی و قەرەبووكردنەوەی جوتیاران و تاپۆكردنی خانووەكان هەیە.
لەگوندەكانیش پرۆژەكانی ئاویخواردنەوەو راكێشانی كارەباو دروستكردنی بینایەی قوتابخانەكان و ڕێگاوبان دروستكراوە، بەڵام هەندێك پرۆژە لەگوندەكان پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە. لەرووی پرۆژەكانی ئاودێریشەوە لەساڵانی رابردوو لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا چەندین پرۆژە ئەنجامدراوە جێی داخە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو یەك پرۆژەی ئاودێری بۆ ئەنجام نەداوین.
سەبارەت بەوەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان چی بۆ شەهیدان و بریندارانی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان گوتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی بۆ شەهیدانی كیمیابارانەكە بڕیوەتەوە، وەكو شەهیدی سەنگەر هەژماركراون، بریندارەكانیش بە وەجبە بەپێی كاریگەری كیمیایەكە بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران و دەرەوەی وڵات كراون. بەڵام پرۆژەی دروستكردنی 150 خانوو بۆ شەهیدانی جینۆسایدی بالیسان كە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، كەموكوڕی لەخانووەكان و خزمەتگوزارییەكان زۆرە هەربۆیە بڕیاردراوە ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت ئەو كات خانووەكان دابەش بكرێت. بڕیاریشە لەیادی كیمیابارنكردن و جینۆسایدكردنی بالیسان و شێخ وەسان كە سبەینێ بەڕێوەدەچێت ژمارەیەك لەنەمامی زەیتون بچێنرێت و پێشانگایەكی شێوەكاریش بكرێتەوەو چەند داواكارییەكیش پێشكەشی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت لەوانە ئەو 63 بریندارەی بالیسان وەكو شوێنەكانی تری كوردستان مینحەو مووچەیان بدرێتێ لەكاتێكدا چەند مانگێكە لەسنووری سلێمانی مووچەكە وەردەگیرێت.
لەرووی كەرتی پەروەردەشەوە كە ژمارەی قوتابیانمان 800 قوتابییە بۆ چارەسەركردنی دووری بینایەی قوتابخانەكان چەند كۆستەرێك قوتابیەكان هاتوچۆ پێ دەكات، لە ڕێگای پەروەردەی شەقڵاوەشەوە قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لەنزیك خانووەكان دروست دەكرێت كە هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاكو قۆناغی 12لەخۆدەگرێت و منداڵانی هەموو ناحیەكەو سنوورەكە سوودی لێوەردەگرن و زۆر لە گرفتەكانی دووری بینایەی قوتابخانەكان چارەسەر دەبێت.
سەبارەت بەكەرتی تەندروستیش بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان وتی: نەخۆشخانەی بالیسان لەرووی پزیشك و میلاكات و دەرمان و چارەسەرییەكانەوە بەراورد بەساڵانی پێشوو باشترە، هەروەها هۆڵی لەدایكبوون لەنەخۆشخانەكەمان ئامادەیە تاوەكو چیتر دایكانی دووگیان روو لەناوچەكانی تر نەكەن و لە نەخۆشخانەی بالیسان چارەسەریان بۆ بكەین، بەڵام كەموكوڕی هەر دەمێنێت، چونكە بەگشتی كەرتی تەندروستی بەسیستەمێكی كۆن بەڕێوەدەچێت.
Top