شارەوانی قەرەداغ حیسابی گوندێكی گەورەی بۆ كراوەو دانـیـشتـووانـەكەشی پـێـویستیان بەئاوی خواردنەوە هەیە

شارەوانی قەرەداغ حیسابی گوندێكی گەورەی بۆ كراوەو دانـیـشتـووانـەكەشی پـێـویستیان بەئاوی خواردنەوە هەیە
كاتێك بەرەو باشووری سلێمانی بەڕێدەكەویت، بە دووری 40 كیلۆمەترێك دەگەیتە قەرەداغ؛ كە لەساڵی 1663 تا 1851 قەزابووەو قازی و موفتی و سەربازگەی تێدا بووە، ئەم قەزایە درێژەی كێشاوە تا ساڵی1925، دواتر جوگرافیای عێراق بە تەواوی گۆردڕاو ویلایەتی موسڵ و شارەزوور و بەسرا و بەغدا دروستكراو كرا، وڵات ئەوسا كرابووە سێ ویلایەت. لەو كاتەدا قەرەداغ خراوەتە سەر لیوای سلێمانی لە ویلایەتی شارەزوودا.

قەرەداغ گرنگیەكەی تەنیا بۆ هەڵكەوتە جوگرافیاكەی ناگەڕێتەوە؛ كەناوچەی گەرمیان و كوێستان بەیەكترەوە دەبەستێتەوە، بگرە ئەم ناوچەیە خاوەنی شوێنەواری زۆر دێرینەیە، لە دەربەندی تەكیە پەیكەری (نەرام سین) هەیە كەیەكێكە لە پاشای ئەكەدیەكان و هەروەها قەڵاكانی (پەی كوڵی و باوەكرۆ و گێلاناوا و. تاد) هەمووی راستێتی شایەتحاڵن بۆ سەلماندنی مێژووی كۆن و دێرینەی قەرەداغ. لە دوای هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە تا ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو حوجرە لەقەرەداغ هەبووەو وانەی ئایینی تێدا خوێندراوەو چەندین زانا و پیاوی ئایینی لە مێژوودا لێ هەڵكەوتووە. لەبزووتنەوەی شۆڕشەكانی كۆن و نوێی رزگاریخوازی نەتەوەی كورد بەشداری خەڵكی قەرەداغ لە بەرەنگاربوونەوەی داگیركاران و ستەمكاران حەقیقەتێكی دیارو كاریگەرە، هەر بۆیە قەرەداغ چەندین جار لە قۆناغەكانی مێژوودا سووتێنراوەو بەركاولكردن و كیمیاباران و ئەنفالكردن كەوتووەتەوە، خراپترین جاری وێرانكاری لەم قەزایەدا لە ساڵی 1988بوو.
قەرەداغ لە ساڵی 2008 بۆ جاری دووەم بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە بەقەزاو ئێستاكە ناحیەی سێوسێنان و (84) گوند لەخۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی سنووری قەزای قەرەداغ بە گشتی(10) هەزار كەسە. لەبەرئەوەی ئەم ناوچەیە بنكە و مەڵبەندی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە بووە، بۆیە لەلایەن ڕژێمەكانی عێراقی كاول و خاپووركراوەو بەر هێڕشی دڕندانەی كیمیاباران و ئەنفال كەوتووە، بەڕادەیەك دەتوانین بڵێین ژێرخانی خزمەتگوزاری بەگشتی تێدا نەماوەو وێرانكراوە، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پرۆژە لەقەرەداغ نەك بەپێی قەبارەی وێرانكاریی سنوورەكەی نییە، بەڵكو لە ئاست پێویستی خەڵكەكەشیدا نییە، خەڵكی قەرەداغ داوای كارو پرۆژەی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری دەكەن، لێرەو لەوێ و لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاریدا گلەیی و گازندەیان هەیە، لە بەسەر كردنەوەیەكی گۆڤاری گوڵان دا گلەیی و گازندەو داواكاری خەڵكەكە و چەندین پرسیاری دیكەمان ئاڕاستەی (عەزیز مینە سۆفی) قایمقامی قەزای قەرەداغ كرد، ئەویش بەڕاشكاوانە پەنجەی خستەسەر یەكە یەكەی كەموكوڕییەكان و وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤارەكەمانی داینەوە..
عەزیز مینە سۆفی قایمقامی قەزای قەرەداغ بۆ(گــوڵان):
یەكێك لە كێشە گەورەكانمان پاش دابینكردنی ئاو كێشەی ئاگركەوتنەوەیە
قەزای قەرەداغ تا ئێستا ماستەرپلانی نییە
ماستەر پلان نەخشە ڕێگاو نیشاندەرە بۆ گەورەبوون و فراوانبوونی شار بەشێوازێكی ئەندازەیی رێكوپێك و دوور لە گرفت و كێشە، بەڵام قەرەداغیش وەكو زۆر شوێنی تر گەرچی بەشێوەیەكی بەربڵاوو خێرا فراوان دەبێت، بەڵام بە بێ ماستەرپلان؛ واچاوەڕوان دەكرێت زۆر پرۆژەو كار كە ئێستا ئەنجام دەدرێت لەدواڕۆژدا سەركەوتن بەدەست نەهێنێت، لەمبارەیەوە قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: قەزای قەرەداغ تا ئێستا ماستەر پلانی نییە، بەڵام لە شارەوانی نەخشەیەكی بنەڕەتیمان دروستكردووە بۆ كوژاندنەوەو تاپۆكردنی زەوی لە ناو قەزاكەدا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارێك دەرچوو، لە پاشان چەند لیژنەیەك دانراو زەوییەكانی سنووری شارەوانی قەزای قەرەداغ هەر هەمووی كوژاندنەوەی بەپێی یاسا بۆ كرا، بەڵام تا ئێستاش لەمبارەوە هەرهەندێ كێشە و گرفت ماوە، ئەم كێشانەش لە هەموو كوردستان بوونی هەیە، گەرچی لە تاپۆكردنی ناو سەنتەری قەزا كاری باش كراوەو ئێستاكە لە قۆناخەكانی كۆتایداین، بەڵام پێویستە بۆ گەشەكردنی قەزای قەرەداغ ماستەرپلانێكی هاوچەرخ دروست بكرێت كە دەبێـتە هۆكارێكی كاریگەر و باش و ئەندازەیی سەردەم بۆ بەرفراوانبوونی شارۆچكەكە بە شێوازێكی دروست.
دۆزینەوەی نەوت لەقەرەداغ بۆ بووژانەوەی گەشتوگوزار زیانی هەبوو
هەڵكەوتەی جوگرافیایی و بوونی قۆپیەكانی قەرەداغ و چەندین شوێنی گەشتیاری و شوێنەوار، نزیكی ئەم دەڤەرەیە لە سلێمانییەوە؛ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك فاكتەرن بۆ ئەگەری بووژانەوەی گەشتوگوزار لەم ناوچەیەدا، عەزیزی مینە سۆفی سەبارەت بەم لایەنەو ئەو گرفت و كێشانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە دەڵێت: لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە بەهاوكاری و هەماهەنگی كۆمپانیایەكی فەرەنسی، ماستەرپلانێك بۆ سنووری قەزای قەرەداغ دانراوە، بەپێی ئەم ماستەرپلانە هەموو قۆپییەكان و چەندین شوێنی تر دەكرێنە شوێنی تایبەت بە گەشتیاری، بەڵام ئەمەش دوو سێ كێشەی هەیە لەوانە دۆزینەوەی نەوت لە سنوورەكە، بەشی زۆری كەوتۆتە ناوچە گەشتوگوزارییەكانەوە، ئەمە وادەكات شوێنەكان ببێتە شوێنی پیشەسازی نەوتی و سەربازیی، ئەمە جگە لەوەی ئەم شوێنانە پیس دەبن و مۆركی گەشتیاریشیان دەسڕێتەوە.
سنووری قەرەداغ بەگشتی كەم ئاو
ئاو یەكێكە لەو پێویستانەی كە پێوەندی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بەبێ ئاو ژیان و ئاوەدانی نایەتەدی لەمبارەوە قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: سنووری قەرەداغ بەگشتی بێ ئاوە، گرفتی كەمئاوی یەكێكە لەو كێشانەی كاریگەری لەسەر خەڵك دروست كردووە، بەتایبەتی ئاوی خواردنەوە لە سنوورەكەدا زۆر كەمە، بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوی خواردنەوە لەناو سەنتەری قەزاكە، پرۆژەیەكی باش لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا ئەنجامدراوە، لیژنەیەك ئامادەكراوە بۆ وەرگرتنی پرۆژەكە و كەوتونەتە ئیش و خزمەتكردن، بەڵام زۆربەی گوندەكان بە گشتی گرفتی ئاویان هەیە، لەبەر ئەوەی ئاوی ژێرزەوی لە سنوورەكەدا زۆر كەمە، بۆ هەڵكەندنی بیر چەند تیمێكمان هێناوە، لەوانە لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی بەغدا و مەسحی جیولۆژی كەركووك و سلێمانی بەڵام نەمانتوانیوە گرفتەكە چارەسەربكەین و بیر لە شوێنی وا لێ بدەین سوودی هەبێت بۆ گوندەكان، بەڵام بەشێوەی كاتی بەتانكەر ئاوی خواردنەوە بەسەر ناحیەی سێوسێنان و ئەو گوندانە دابەش دەكەین كە گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، لەلایەكی تر بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاو لە هەندێ شوێن دیزاین و دەرخستەكراوە و گەیشتۆتە قۆناغی ئەوی بودجەی بۆ تەرخان بكرێن.
بودجەكەمان ..بەشی یەك شەقامی
ناو سەنتەری قەزاكە ناكات
رێگاوبان و شەقام یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە ئاسانكاری لە هاتوچۆكردن بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەكات و ژیانی هاووڵاتیانیش لەكارەساتی دڵتەزێن دەپارێزێت، بەتایبەتی دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لەسەر ڕێگای سەرەكی قەرەداغ 8 كەس لەیەك بنەماڵە تێیدا بوونە قوربانی، باشكردنی ڕێگاوبانەكان كاریگەری راستەوخۆشی لەسەر ئاوەدانكردنەوەو برەودان بە كشتوكاڵ و كاروپیشەی شوێن و سنوورەكان هەیە، لەمبارەیەوە قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: یەكێك لەوانەی كە زیانێكی زۆری بەناوچەكە گەیاندووە كەمی ژمارەی دانیشتووانە، چونكە پێوەری كاروپرۆژە و تەرخانكردنی بودجە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانە، نەك لەسەر ئاستی وێرانكاری و كەمی كاروپرۆژەی خزمەتگوزاری بۆیە بودجەیەكی وا كەم بەر قەزای قەرەداغ دەكەوێت كە بەشی یەك شەقامی ناو سەنتەری قەزاكە ناكات، ئەبێ ئەو كاتە بڕۆی لەبەردەمی مزگەوتەكان بەرماڵ داخەین و داوای یارمەتی لە خەڵك بكەین، بۆیە پێویستە میكانیزمی تەرخانكردنی بودجە لەسەر پێوەری ژمارەی دانیشتووان بگۆڕێت، چونكە سنوور و قەزا هەیە زۆر وێراكراوەو و تایبەتمەندی خۆی هەیەو لە شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان گیانفیدایی و خۆبەخت كردنێكی زۆری داوە، پێویستە ئەمانەش بە پێوەر دابنرێت. پێویستە زۆر بەپەلە ئاوڕێك لەشەقام و ڕێگا سەرەكییەكانی قەرەداغ بدرێتەوە چونكە ئێستاكە سنوورەكەمان هاتوچۆیەكی زۆری لەسەرە لەبەر ئەوەی سنووری قەرەداغ بە گشتی و لە وەرزی گەشتیاریدا بەتایبەتی زۆر قەرەباڵغە و هاتوچۆی لەسەرە، هاوكات سەنتەری قەزاكە زانكۆی لێیە بەم هۆیەشەوە قەرەباڵغی تێدا بەردەوامە، هەروەها بەهۆی بوونی ژمارەیەك كانی چەوولم ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر گەڵابە بەو شەقامەدا هاتوچۆ دەكەن.
ئەمە جگە لەوەی هەندێ ناوچە و سنووری وەكو گەرمیان و سەنگاو دەربەندیخان و..تاد لە كاتی هاتوچۆكردن بە سنووری قەزای قەرەداغ دا دێن، هەموو ئەمانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد وایكردووە ئەو ڕێگا سەرەكیەی لە سلێمانی دێت بۆ قەرەداغ كە یەك سایدەو بەپێچ و پەنایە و قەرەباڵغ بێت، پێویستە ئەو رێگا سەرەكیە بكرێتە دوو ساید، چونكە ڕێگایەك بەو جۆرەی ئێستاكە توانای ئەم هەموو هاتوچۆیەی لەسەر نییە، هەر بۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەشغال و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی قسەمان كردووە، بۆ ئەوەی ئەو ڕێگا سەرەكییە بخرێتە پلان و بەرنامە تا بكرێت بە دوو ساید، لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕۆژانەش نەبێت، ماوە ماوە كارەساتی هاتوچۆی جەرگبڕی لێ روودەدات، هەر بۆ نموونە لە چەند هەفتەی رابردوو لەیەك ڕووداودا لەیەك بنەماڵە(8)كەس بوون بە قوربانی، ئەمەش كارەساتێكی زۆر ناخۆش و ئەستەمە كە مرۆڤ ناتوانێ لە بیری بكات، بۆیە تەئكید دەكەمەوە پێویستە لایەنی پێوەندار بیر لەم رێگایە سەرەكییە بكەنەوەو بیكەنە دوو ساید كە لەبەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سنوورەكەیە، هاوكات رێگاوبانی گوندەكانی بەشی سەرەوەی قەرەداغ زۆر خراپە، هەر بۆیە ئەمساڵ ئەمانەش خراوەتە پلان بۆ ئەوەی ڕێگاكان رێكوپێك و قیرتاو بكرێت و چەندین رێگای تری گوندەكان هەیە پێویستیان بەچاككردن هەیە، هەروەها بەشی زۆری كۆڵان و شەقامی گەڕەكەكانی ناو سەنتەری شارۆچكەكەش كۆنكرێت و قیرتاو نەكراوە، بەڵام ئەمساڵ لە پلاندایە لەسەر ئەو 650 ملیۆنەی بۆمان تەرخانكراوە كاریان بۆ بكەین.
شارەوانی قەرەداغ حیسابی
گوندێكی گەورەی بۆ كراوە
سەبارەت بە پاككردنەوە خۆ رزگاركردنی شاروشارۆچكەكان لە زبڵۆخاشاك لە هەرێمی كوردستان دا تا ئێستا كە یەكێكە لە گرفتە گەورەو بەرچاوەكان و شێوازو جۆری كاركردن لەمبوارەدا سیستەمێكی كۆن و هەڵەیە، قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: یەكێكە لەكێشە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان پاككردنەوەو خۆ رزگاركردنە لە زبڵوخاشاك، چونكە بەشێوەیەكی زانستی و سەردەمیانە چارەسەرو ریسایكلین ناكرێت، قەزای قەرەداغیش هەر وەكو هەموو شوێنەكانی تر ئەم گرفتەی هەیە، بەتایبەتی خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاكە زۆر ترسناكە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە، لەبەر ئەوەی زبڵوخاشاكە پاش كۆكردنەوەی لە نزیك شارۆچكەكە فڕێدەدرێت و دەسووتێنرێت، پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە بوودجە بۆ شارەوانی تەرخان دەكرێت بەهەمان شێوە لەسەر حیسابی ژمارەی دانیشتووانە، بۆیە شارەوانی قەرەداغ كەمترین بوودجەی هەیە و گرفتی لە كەمی میلاكات و ئامێرەكانیش هەیە، شارەوانی قەرەداغ لە پلە چوار دانراوە واتە وەكو گوندێكی گەورە حیسابی بۆ كراوە.
یەكێك لەو كێشانەی لە بواری كارەبا هەیە نەبوونی سەلەی كارەبایە
سەبارەت بە بواری كارەباو كێشەو گرفت و كارو پرۆژەكانی كارەبا لە قەزای قەرەداغ، قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: یەكێك لەو بوارانەی كە كەمترین گرفت و كێشەمان لەگەڵی هەیە بواری كارەبایە، لەبەر ئەوەی لە هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتی كارەبا كار و پرۆژەی باشی بۆ ئەنجام داوین و تەنیا چوار گوند ماوە لە سنوورەكە كارەبای بۆ بچێت، ئەوانیش لە پلانی ئەمساڵدایە پرۆژەی كارەبایان بۆ ڕابكێشرێت، هەر ئێستاكە پڕۆژەی وێستگەیەكی كارەبایی گەورە و بینایەی سیانەی كارەبای قەزاكە لە ژێر جێبەجێكردندایە، پاش تەواوبوونی ئەو وێستگەیە گرفتی كارەبا لە سنووری قەرەداغ بە تەواوی نامێنێت، هەروەها هێڵی كارەبای نێوان (سلێمانی - قەرەداغ) كە هێلی(11)بوو، ئێستاكە دەستكراوە بە گۆڕینی بە هێڵی(33)، ئەمەش تەكان و گۆڕانكارییەكی گەورەیە بە بواری كارەبا بۆ سنوورەكە. یەكێك لەو كێشانەی لە بواری كارەبا لە قەزای قەرەداغ هەیە نەبوونی سەلەی كارەبایە بۆ چاككردنی هێڵی كارەبا و گۆڕینی گڵۆپی رووناككەرەوەی ناوشار، كە زۆرجار پێویستمان پێی دەبێت، لەم كاتانەشدا دەبێ لە كارەبای سلێمانی داوا بكەین كە فریامان بكەون.
گرفتی كووژاندنەوەی زەوی، زێدەڕۆیی لەقەرەداغ لێكەوتۆتەوە
زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی شارەوانی و دەوڵەت یەكێكە لەو دیاردانەی كە لە هەموو شارۆچكەكان گرفتێكی گەورە و بەرچاوی دروستكردووە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی:
زێدەڕۆیی دەردێكی كوشندەیەو هەموو قەزا و ناحیەكانی گرتۆتەوە، هەموومان ئەوەندە گیرۆدەین بەم دەردەوە هەر باس ناكرێت، ڕێژەی زێدەڕۆیی كەم و زۆر هەر زێدەڕۆییەو وەكو دیاردەیەك دەردەكەوێت، هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیەش لە قەزای قەرەداغ لەم خاڵانەدا دەردەكەوێت، دابەش نەكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و توێژە جیاجیاكان و گرفتی كووژاندنەوەی زەوی و نەبوونی ماستەرپلان، بەڵام هەندێ كەس هەیە لە بیر و مێشكیدا وا حەزدەكات زێدەڕۆیی بكاتە سەر موڵكی گشتی و دەوڵەت و شارەوانی و ئێمە زێدەڕۆیی دەرەوەی شارەوانیشمان هەیە بۆ نموونە كەسانێ هەیە كە زۆر دەسەڵاتداریشە چووە پارچە زەویەكی لەقەرەداغ دابڕیووەو كردویەتیە ڕەز و باغ بۆ بەرژەوندی شەخسی خۆی، بەبێ ئەوەی پرسیاریشمان پێ بكات و هەیە پاش زێدەڕۆیی دیوارو شوورە بۆ زەوی و باخەكەی دروست دەكات و دەیهێنێتە نزیك شەقام و رێگای سەرەكی، بەڵام ئێستاكە سنوورێكی باشمان بۆ ئەو دیاردانە داناوە و پێش لە زێدەڕۆیكردن گیراوە.
پزیشكی ئافرەتان و ئامێری پزیشكیشمان نییە
سەبارەت بە بواری تەندروستی كە پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بەرەوپێشچوونی بواری تەندروستی لەگەڵ ڕەوتی دنیاو پێشكەوتندا هۆكارێكە بۆ خۆشگوزەرانی و كۆمەڵگایەكی لەش ساخ و تەندروست، لەمبارەوە قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: قەزای قەرەداغ نەخۆشخانەی گەورەو قەرەوێڵەی تێدا نییە، بەڵكو مەڵبەندێكی تەندروستیمان هەیە، چەند پزیشكێكی لێیە كە زۆر دڵسوزو لەخۆبوردون و خەڵكی قەراخ زۆر لێیان ڕازین، بەڵام ژووری نەشتەرگەری گەورە و منداڵبوونی نییە، سەرەڕای ئەمانەش پزیشكی ئافرەتمان نییە، كەموكوڕیەكی زۆر لە ئامێری پزیشكی وەكو ئامێری سۆنار و سیتیسكان و چەندین جۆری تر هەیە، لە گوندەكانیش بەگشتی 17 بنكەی تەندروستی هەیە، بەڵام ئەو بنكانەش ناتوانن بەپێی پێویست خزمەتی خەڵك بكەن، هۆكارەكەش زیاتر ئەوەیە سیستەمی بنكەكانی تەندروستی گوندەكان كۆنە و ئەو سیستەمەش لەم كارانەی ئێستا ئەنجامی دەدەن زیاتری پێ ناكرێت، داواكاریشمان لەسەرئەو كەموكوڕیانە بەرزكردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا بەدەنگمانەوە نەهاتوون، بەتایبەتی بۆ دابینكردنی ئامێری سۆنارو سیتیسكان كە زۆر گرنگ و پێویستن، لەلایەكی تر چۆن شارۆچكەیەكی وەكو ئەم سنوورە بەبێ پزیشكی ئافرەت دەبێت.
بینایەی قوتابخانە زۆر خراپە
سەبارەت بەبواری پەروەردە و كێشە و گرفتەكانی قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: لە قەزای قەرەداغ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەمان نییە، بینایەی قوتابخانەكان بەتایبەتی قوتابخانەی هەندێك لە گوندەكان هەر لە قوتابخانە ناچن، هەروەها بەكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەرەداغ كۆمەڵێك لە كێشەكانی پەروەردەمان بۆ چارەسەر دەبێت، چونكە ئەوكاتە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە میلاك و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت، لەلایەكی ترەوە گرفتەكانیش راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئەو كاتە زووتر لە كێشەكان دەگەن و چارەسەری بۆ دەبیننەوە. بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە لایەنی بەرپرس، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كردووە، بەڵام دیارە ئەوانیش دەسەڵاتیان كەم و سنووردارە، لەلایەكی تر نەبوونی فەمانبەری كارگێڕی و ژمێریاری و بینایە هۆیەكی تری نەكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەیە لە قەزای قەرەداغ. لەبارەی میلاكات و دامەزراندن بەگشتی ئەمساڵ ئەوەندە كەمیان بۆ داناوین ڕووم نایەت هەر باسی بكەم، ئەگەر باسی بكەم ئەوە بۆی هەیە پێم پێبكەنن، بەڵام داوامانكردووە هەندێ میلاكات وەكو مامۆستاو ئەوانەی لە بواری پەروەردە خزمەت دەكەن لە چوارچێوەی ئەو دامەزراندنە نەبێت كە ئێستا هەیە، جارێكی تر بۆ تەئكید دەڵێم بینایەی قوتابخانەكانی گوندەكانی سنووری قەرەداغ زۆرخراپن و لەگەڵ سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ئەم سەردەمە ناگونجێن.بەگشتی لە بواری پەروەرەدا كێشە و گرفتمان زۆرە. پێویستی بە چارەسەركردنی بەپەلە هەیە، لەبەر ئەوەی بواری پەروەردە بوارێكی گرنگە كە پێوەندی بە پێگەیاندنی نەوە و پیاوی دواڕۆژەوەیە بۆ گەلەكەمان و كۆمەڵگایەكی هۆشمەند و بیرفراوان بەڕووی دنیای هاوچەرخ.
وەزارەتی كشتوكاڵ هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیان لە سنوورەی قەرەداغ نییە
سەبارەت بەوەی كە وەزارەتی كشتوكاڵ و شارەوانی و گەشتوگوزار چ پڕۆژەیەكیان لە سنووری قەرەداغ هەیە و پرۆژەكان چین، قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: وەزارەتی كشتوكاڵ تا ئێستا هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژییان لە سنوورەكە نییە و ئەنجامیان نەداوە، بەڵام پرۆژەی بچووكی وەكو جۆگەی ئاودێری كراوە، گەرچی لە بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری پرۆژەیەك نەكراوە كە ببێتە هۆكار و بنەمای گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵی لە سنوورەكە و خەڵكەكە دڵیان پێخۆش بێت و ببێتە پاڵپشتی و هاندرێك بۆ جووتیارانی دەڤەرەكە، لەلایەكی ترەوە لەكاتێك جووتیارێك یان خەڵكێكی ناوچەكە كە دەیەوێت پڕۆژەیەكی ئاژەڵداری یان كشتوكاڵی بكات زۆر بێنەو بەردەی پێدەكەن، ئەمەش وا دەكات خەڵكە بێزار بێت، بەتایبەتی لە ئیجرائات و ڕۆتینەكانی كە رووبەڕووی دەبێتەوە، و تا ئەم ساتەش یەك بەنداوی بچوكیش لە قەراخ دروست نەكراوە.
سەبارەت بە گەشتوگوزارو شوێنەواریش لە كاتی خۆی لە وەزیارە كۆمەڵێك كابینەیان دروستكرد بەپێی ماددەی 32 دایان بە وەبەرهێنێك كە ئێستا بۆ خۆی ئیستیغلالی دەكات، جگە لەمە هیچ پرۆژەیەكی گەشتوگوزاری لە سنوورەكە نەكراوە، لەلایەكی ترەوە لەكاتی خۆیدا داوامكردووە لە هەندێ شوێنی گەشتوگوزاری كە خەڵك بۆ سەیران و گەشتوگوزار ڕووی تێدەكەن هەندێك پێداویستی وەكو شوێنی نوێژكردن و پێداویستی تر دروست بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەم داوایە جێبەجێ نەكراوە، دەتوانم بڵێم هەر لەبیریش كراوە، واتە لە سنووری قەراخ هیچ ئاوڕێكی جددی لە بواری گەشتیاری نەدراوەتەوە. بۆ شوێنەواریش بەهەمان شێوە هیچ كارو پرۆژەیەك ئەنجام نەدراوە.
لەبەر نەبوونی دەسەڵات و بودجە
زۆرجار شەرمەزاردەبم
سەبارەت بەوەی كە چەند مانگێك پێش ئێستا بڕیارێك لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو كە هەندێك لە دەسەڵاتی كارگێڕی دابەزێتەخوارەوە، ئەو بڕیارە كاریگەری لەسەر ڕاپەڕاندنی كارەكانتان دروستكردوە یان هەروەكو قایمقامەكانی تر ئێوەش دەڵێن تا ئێستا هەست ناكەین دەسەڵات دابەزیبێت، لەمبارەوە قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: بە فیعلی لەم دەسەڵاتەی كە باس دەكرێت تا ئێستا مومارەسەی یەك دەسەڵاتم نەكردووە، واتە بەفیعلی كار بەم بڕیارە نەكراوە، هەر كاتێك ئەگەر دەسەڵاتی ئیداری دابەزێتەخوارەوە، ئەوە دەبێت دەسەڵاتی دارایشی لەگەڵ بێت، لەوكاتەدا یەكەی ژمێریاریش زۆر پێویستە، بەڵام ئێستاكە من نەدەسەڵاتی ئیداریم هەیە، نەدەسەڵاتی دارایی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتانەشم نەبێت ئەوە ناتوانم هیچ كارێك بكەم، هەر بۆ نموونە ئەگەر دەسەڵاتەكانم هەبێت و بودجەشم لەبەردەست بێت لەكاتی سەردانم بۆ هەندێك لە قوتابخانەی گوندەكان كە پێداویستی زۆر سادە و بچووك و گرنگیان هەبوو وەكو جام شكانی پەنجەرەكانیان یان كەموكوڕی تر من نەمتوانی بۆیان جێبەجێ بكەم لە ئەنجامدا من شەرەمەزاربووم یان لە زۆر داواكاری تر بۆ نموونە بۆ پێداویستییەكی مزگەوتێك یان تازیەیەك لەبەر نەبوونی بودجە شەرمەزار دەبم، چونكە هیچ جۆرە بودجەیەكم لەبەردەست نییە، جگە لەمانە قەزاكەمان پێویستی بە بانك هەیە. چونكە ئێستاكە خەڵك بۆ كاروباری بانكی دەبێ بچنە سلیمانی لەم هاتوچۆكردنەش، جگە لەوەی ماندوو دەبن و پارە خەرج دەكەن، هەندێ جار خەڵكەكە تووشی ڕووداوی هاتوچۆش دەبنەوە.
ئامێر و پێداویستی
ئاگركوژێنەوەمان نییە
سەبارەت بەكەوتنەوەی ئاگر لە سنوورەكە و هۆكاری ئەو ئاگرانەو چۆنیەتی كووژاندنەوەی و بوونی كێشە و كەموكوڕی لەمبوارەدا، قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: لە مانگی شەش بەدواوە یەكێك لە كێشە گەورەكانمان پاش دابینكردنی ئاو بۆ خەڵك كێشەی ئاگركەوتنەوەیە هەر بۆیە كارمەندانی ئاگركوژێنەوەو پۆلیسی دارستان و كارمەندانی تر دەبێ لە دەوام و ئامادەباشی دابن، جگە لە ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوە هیچ جۆرە ئامێرو پێداویستیەكی تری ئاگركوژێنەوەمان نییە، ئەو ئۆتۆمبێلەش سوودی لێوەرناگرین، چونكە ئەو شوێنانەی ئاگر دەگرێت شوێنی شاخاوی و سەختە وئۆتۆمبێلەكەی پێناگات، بۆیە هەر بەدارو گونیەی تەڕ هەوڵی كووژاندنەوەی ئاگرەكە دەدرێت.
لە كۆتاییدا قایمقامی قەزای قەرەداغ وتی: بڕواتان هەبێت ئەو قسە و كێشە و گرفتانەی كە كردم دەتوانم بڵێم بەشێكی زۆر زۆر كەمە لەوەی كە هەیە، هەر بۆ نموونە ناوچەكە بەرووبوومی میوەجاتی هەیە، گەرچی وەزارەتی پیشەسازی تا ئێستا یەك كارگە و ساردكەرەوەی لە سنوورەكە ئەنجام نەداوە، هەروەها بینایەكی لاوانی زۆر جوان و تایبەتمەندمان هەیە، بەڵام تاكە یەك ئامێر و پێداویستی لاوانی تێدا نییە، هاوكات لەبواری وەرزشەوە تا ئێستاكە قەزای قەرەداغ لەبیركراوە، بەڵكو تەنیا یەك یاریگای زۆر بچووك ئێستاكە لە ژێر ئەنجامداندایە، كێشەیەكی تری هاووڵاتیانی قەرەداغ نەبوونی بینایەی دادگایە، گەرچی لەهەندێ ناحیە دادگا هەیە، بەڵام لەقەزای قەرەداخ دادگا نییە، چونكە ئەمەش پێداویستی و لایەنێكی تایبەتمەندەو پێوەندی بەكاروباری ڕۆژانەی خەڵكەوە هەیە .
Top