هەرا و زەنای كوێران لە چاوی (دریدا)وە

هەرا و زەنای كوێران لە چاوی (دریدا)وە

نووسه‌ر :ئومل زێن بن شێخە

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

بابەتی كوێران بابەتێكی سەرنج راكێشی شێوەكارییە، تەنانەت كوێران بابەتێكی ستاتیكی (جوانناسی)یە، دەتوانێ فەیلەسووفانیش بە لای خۆیدا رابكێشێت. ئەفلاتوون كۆمارەكەی بە گوێرەی نموونەی كوێرانی نێو ئەشكەوت دامەزراند، بەوەی كە دانیشتووانی ئەو ئەشكەوتە، بێ لە سێبەری خۆیان چ شتێكی دی نابینن.
فەیلەسووفی هاوچەرخی فەرەنساش (دریدا)، یەك كتێبی تەواوی لەبارەی كوێرانەوە نووسی. هەڵبەت لە نێوان كوێرانی ئەفلاتوون كە بریتین لە هێمایەكی فەلسەفی بۆ عەوامێك كە وابەستەی بیر و باوەڕی كۆت و بەندی خۆیانن، لەگەڵ كوێرانی دریدا، كە هونەری شێوەكاری ئەوانی لە سەر رووبەری تابلۆی كپ و بێدەنگدا بەرجەستە كرد، مەودایەكی فراوان هەیە، ئەو مەودایەی كەوتووەتە نێوان كوێری زۆربڵێ لە دیالۆگەكانی ئەفلاتوون و كوێری بێدەنگ لە تابلۆی نیگاركێشدا. هەروەها ئەو مەودایەیە كە كەتووەتە نێوان كوێرانی دیموكرات، كە لەبارەی كۆت و بەندەكانیانەوە هەرا و زەنای زۆر دەنێنەوە و كوێرانێك كە بە دەست و پەنجەی خۆیان وێنەی بێدەنگیی خۆیان دەكێشن، هەر بە دەستی خۆیانیش هێڵێكی دی بە ئاراستەی "دیموكراسییەك كە بەڕێوەیە"، دەكێشن.
سەبارەت بە لیستی كوێرانی داهێنەر لە یادگەی مرۆڤایەتیدا، ئەوا لیستێكی قورسە: ئۆدیب، هۆمیرۆس، مەعەڕڕی، بەشار بن بورد و تەها حوسێن. هتد، ئۆدیب لەبەر ئەوەی ویستی بڕوانێتە تاریكی، چاوی لەدەست دا، تاریكیی هەقیەتی تۆقێنەر، (هۆمیرۆس)یش كە بە كوێرییەكەی خۆی خوداوەندانی گریك (یۆنانی كۆن)ی داهێنا. (ئەبوول عەلای مەعەڕڕی)یش كە ویستی بەهەشتی عەرەب لە شێوەی ئاوسییەكی درۆزنانەی شارستانیەتێك بكێشێت، كە لە شێوەی زەقەفۆنە (زەقەفۆنە:واتە كەسێك پشتاوپشت بە پشتی كەسێكەوە بێت، رووی بەرەو پێشەوە سووڕاند بێت، پێشی وا بێت بەرەو پێش دەڕوات، كەچی ئەو بەرەو پاش دەچێت و ئاگای لێ نییە. ئەمەش، بە گوتەی هەندێ لە بیرمەندانی عەرەب، حاڵی نەتەوەی عەرەبە، ئەو (عەرەب) بە پشتی رۆژاواوەیە و بەرەو دوا هەنگاو دەنێت، ئەو بێ ئاگایە لەوەی بەرەو پاش دەچێت- وەرگێڕ). بەڵام هەروەها كوێرانی دنیای سیاسەتیش هەن، ملهوڕ بێ لە ئارەزووەكانی خۆی شتێكی دی نابینێت، خوێنڕێژیش بێ لە بەرژەوەندیی خۆی چ شتێكی دی بەدی ناكات. دەمارگیریش لە روانینی بۆ جیهان لە ریزی كوێراندایە، ئەو بێ لە وەهم و چەواشەییەكانی خۆی، چ شتێكی دی نابینێت، كە رەنگە ئەو وەهم و چەواشەییانە ببنە مەیلی بەتین بۆ كوشتن و تاوان دەرهەق بە سەراپای گەل.
بۆ كەسێك كە نابینایە، ئایا هیچ بیرەوەرییەكی هەیە؟ ئایا كوێر یادگەیە هەیە، لە كاتێكدا ئەو شتێك نابینێ كە شایانی باس بێت؟
لە بەراییدا پەیڤ نەبوو، بەڵكوو ئەوەی هەبوو كوێری بوو. چركەساتی كاووس، بەوەی نە روونی هەیە و نە لە یەكدی جیا كردنەوە. لە بەراییدا، بەرایی دەست پێ كردنی چركەساتی نیگار كێشاندا، نیگاركێش بەرەو بۆشایی دێتە پێش بۆ ئەوەی یەكەمین هێڵی خۆی بكێشێت. ئەو هیچ شتێك نایگرێتە خۆ و هیچ شتێكی سەر بە ئەو نییە. هیچ شتێك نییە تا بیبینێت. ئەوە كە بواری دیتن دەكێشێت. ئەو دڕ بە كوێری دەدات. ئەوە بە چاوی خۆی دڕ بە كوێری نادات، بەڵكوو بە هەردوو دەستی. وەك كوێر دەست بەرەو نادیار دەكوتێت و بەرەو تاریكی هەنگاو دەنێت. نیگاركێشە كە كارامانە بە دەستەكانی دەڕوانێتە تاریكی. ئەمەیە تێزەكەی دریدا لە كتێبێكیدا بە ناوی (بیرەوەریی كوێران). ئەوە كتێبێكە بە بۆنەی پێشانگایەكەوە نووسیی، كە لە 26/ئوكتۆبەر/1990دا لە مۆزەخانەی لۆڤەردا كرایەوە.
لەو كتێبەدا خەونێك هەیە كە دریدا دەیگێڕێتەوە: كوێرێكە دریدا لەگەڵی بە شەڕ دێ، ئەو كوێرە هەڕەشەی لە منداڵەكانی دەكرد. دەنگ و غەڵبەغەڵب دروست دەبێت و لە یادگەی كوێراندادەنگدانەوەی دەبێت، فرۆید و بنیامین و دەقەكانی پیرۆز و پێغەمبەران ئیسحاق و یاقووب و (تۆبیا)ی مالوومی جوو. هەستێكیان تێك دەچڕژێ و بەریەك دەكەون: ئێمە بە دەستەكانمان دەبینین و بە چاو دەست لێ دەدەن و دەبیستین و ئێمە تەماشاش دەكەین. دەنگی ئەوانی دی توندتر دەبێت، كە لە نێو یادگەی كوێراندا لە هەموو كونج و كەلەبەرێكدا دەنگ دەداتەوە.
"هەڵە" ناوی ئەو تابلۆیەیە كە (ئەنتوان كویبل) لە ساڵی 1702دا كێشاویەتی، كویبل نیگاركێشێكی فەرەنسییە لە 1661دا لە دایك بووە، لە 1722شدا مردووە. ئەو نیگاركێش و دیكۆریست بوو، بە شێوازی بارووك دەستی بە نیگاركێشان كرد. بەڵام لەبەر چی ئەنتوان كویبل تابلۆكەی خۆی ناو نا هەڵە؟ ئایا كاتێ قسە لەبارەی هونەرەوەیە، دەكرێ باسی هەڵە و راست بكەین؟ یان هەمیشە هەڵە لە كوێرییەوە دێت؟ لێرەدا (دریدا) هۆشیارمان دەكاتەوە، كە هونەری شێوەكاری هەمیشە بە شێوەیەك لە شێوەكان كێشانی وێنەی كوێرییە. هەمیشە نیگاركێش تەماشای تابلۆكەی دەكات و نیگار دەكێشێت، ئەو نە نموونە و نە بابەت دەبینێ، بەڵكوو ئەو نازانێ ئاخۆ چ دەكێشێت.
هەموو نیگارێك بریتییە لە خۆنیگارێك یان (ئۆتۆپۆرترێت)، نیگاركێش لەو كاتەی نیگەران و راڕایە لەبارەی ئەوەی كە دەیكێشێت،وێنەی خۆی دەكێشێت. لە هەر چركەساتێكی نیگار كردندا، بینین و چاو دەكشێنەوە بۆ ئەوەی نەبینراو تەفرە بدەن تا ئامادە بێت. كەواتە هەموو جارێك جۆرێك لە كوێری هەیە كە لە تابلۆكەوە هەڵدەقوڵێ. ئیدی ئاخۆ لە هەموو ئەمەدا هەڵە كامەیە؟ بۆچی ئا لێرەدا تابلۆ دەبێتە "هەڵەكە"؟ ئایا بە گوێرەی دەستەواژەیەكی شادانەی (نیتچە) بێت، هونەر جۆرێكە لە "درۆی جوان"؟ بەڵام مەودایەك لە نێوانی درۆ و هەڵەدا هەیە، ئەوەی (دریدا) لێرەدا لەبارەی ناوی تابلۆكەی (ئەنتوان كویبل) لێكی دەداتەوە، شتێكی جیاوازە: وا باوە هەڵە لە كوێریدایە. ئێمە ئەو كاتە هەڵە دەكەین كە بە باشی نابینین. مەبەستیش ئەوەیە كە نموونە كلاسیكییەكەی زانین كە (دیكارت) دیاری كرد، بهەژێندرێ. ئێمە بە چەشنێك لە روونی و بەرجەستەیی دەزانین، واتە بە جۆرێك لە "رووناكیی سروشتی" رووناكیی (كۆجیتۆ)، كە بە باشترین شێوە بیر دەكاتەوە، كە بۆ سەراپای بواری زانین (شت) مسۆگەر دەكات و بڕیار دەدات و دادەمەزرێنێت. بنیاتێكی زانین و گوتاربێژی هەیە، كە (دریدا) لە رێی خوێندنەوەی ئەم تابلۆیەوە لەبەر یەكی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەو زەحمەتییەی كە لێرەدا (دریدا) هۆشداریی لەبارەوە دەدات، ئەمەی دادێیە: زەحمەتە بڵێین ئایا ئێمە بە كردەنی بینیمان، كاتێك ئێمە دەڵێین بینیمان. هەڵە هەر لە كوێریدا نییە، بەڵكوو هەروەها لە روانینیشدایە، كاتێك دەمانەوێ دوورتر لەوەی دەیبینین، ببینین. رەنگە تووشی كوێری ببین، وەك ئەوەی بۆ (ئۆدیب) رووی دا، وەك چۆن لە لای هەموو ئەمانەش روو دەدات كە دەڵێن، ئەوان پتر لەوەی مرۆڤ دەتوانێ ببینێ، ئەوان دەبینن. هەموو وەهم و هەڵە و چەواشەییەك لەم جۆرە قسانەوە سەرچاوە دەگرن.
ئا لێرەدا (دریدا) هەڵەیەكی فەلسەفی راست دەكاتەوە كە هەڵەی (دیكارت)ـە، كاتێك (دیكارت) پێی وایە هەڵە هەمیشە لە چاوەوە دێت، چونكە "هەست تەفرەمان دەدات"، لە ناهەقییەكی كۆندا دادپەروەرانە لەبارەی هونەری نیگارەوە، قسە دەكات.
دژ بە فەیلەسووفانی چاو، (دریدا) تابلۆكەی (كویبل) بەدەست دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێ: مرۆڤ دەتوانێ تەنانەت ببینێ، تەنانەت ئەگەر هەدوو چاویشی بەسترابنەوە، دەشتوانێ ئەوەی رێگرە لە دیتن ببەزێنێ، كوێریش توانای هەیە هەست بە جیهان بكات، هەروەها رووی تێ بكات، هەروەها نەخشی ئاییندەش بە دەستی خۆی بكێشێت. هەڵە نەلە دیتن و نە لە كوێریدایە، بەڵكوو لە بڕوایەكدایە، بەوەی كە ئێمە دەبینین یان ئێمە كوێرین. (دریدا) شكست بەم بۆچوونە دەهێنێ.
وڵاتی ئێمە تەژییە لەوانەی بە بڕوا و بە بۆچوون كوێرن. چاو لە هەڵە كردن رزگارمان ناكات، چونكە ئەو زۆر جار پاڵمان پێوە دەنێت بەوەی ئێمە پتر لەوەی كە دەیبینین، دەبینین. هەمیشە مێژوو لە دیوی چاوەوە دەنووسرێت. هەروەها لە دیوی هەقیقتەوە و لە دیوی "ئەو رووناكییەی خودا خستوویەتییە نێو دڵەوە."
ئیدی كاتی ئەوەی هاتووە لە دیوی كوێریشەوە بنووسرێت. كاتی ئەوە هاتووە كە لە دیوی بێدەنگیی چاو و رەنجی دەستانیشەوە بنووسرێت، كە بە بێدەنگی پەی بە رێ دەبات. كاتی ئەوە هاتووە لە پێگە و شوێنی كوێری و تاریكییەوە بنووسین، ئەو كوێری و تاریكییەی ئێمەی نقومی نێو گێژەنی تۆقێنەری تەم كردووە.
كوێرانی (ئەنتوان كویبل)ی نیگاركێش وەك كوێرانی ئەفلاتوون نین: ئەو كوێرەی لەم تابلۆیەدا دەی بینین، دەستی بۆ پێشەوە درێژ كردووە، چونكە پێشێك هەیە و ئەو هەنگاوی بۆ دەنێت، بە هەردوو دەستی خۆشی ئەو پێشەوەیە دەكێشێت. هەرچی كوێرانی ئەفلاتوونن، ئەوان بێ لە یادگە چی دیكەیان نییە: نەوەیەكن و ناچارن، كە ئەو یادگەیە بەدەست بهێننەوە بۆ رزگار بوون لە "دیموكراسیی دەبەنگان" لە پێناو "كۆمارەكەی فەیلەسووف"، بە گوێرەی بۆچوونی ئەفلاتوون.
-ئەم بابەتە لە 17/1/2015دا بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی (ئەلئەوان)دا بڵاو بووەتەوە.
Top