محه‌مه‌د سه‌بیلا: نه‌ریت نامرێت و نوێخوازیش ڕاناماڵدرێت
دیمانه: فاتیمه عاشوور
وه‌رگێڕ: تاریق كارێزی
محه‌مه‌د سه‌بیلا پێی وا نییه تیرۆر به ته‌واوی هیچخواز بێت. له‌م ڕووه‌وه به‌م جۆره دێته گۆ: تیرۆر سێ ڕه‌هه‌ندی هه‌یه:
یه‌ك: ڕه‌هه‌ندی سیاسی یان ئایدیۆلۆژی كه تیرۆریست باوه‌ڕی پێیه‌تی.
دوو: ڕه‌هه‌ندی ته‌كنیك یان ئامرازی ته‌كنه‌لۆژیا كه تیرۆریست به‌كاری ده‌هێنێت.
سێ: ڕه‌هه‌ندی میدیا كه توند و تیژیی سیاسی و سه‌ربازی چه‌ند پات ده‌كات.
تیرۆری ئه‌م سه‌رده‌مه به كرده‌نی گێل و ده‌به‌نگ نییه، سوود له هه‌موو توانایه‌كی ئایین و ته‌كنیك و مرۆیی له پێناو به‌دی هێنانی سه‌ركه‌وتن ده‌بینێت. هه‌ندێك توێژه‌ر داوا ده‌كه‌ن جه‌خت بكرێته سه‌ر بكه‌ر، بكه‌ریش لێره‌دا (تیرۆریست)ـه، به‌ڵام خۆ تیرۆریست ده‌مرێت، مه‌به‌ستمه بڵێم یه‌كێك له ڕواڵه‌ته‌كانی كه‌م و كوڕی له توێژینه‌وه له باره‌ی تیرۆره‌وه، ئه‌وه‌یه كه بكه‌ر بزر ده‌بێت و نامێنێت، ئیدی تۆ نا‌توانیت بیخه‌یته به‌ر لێپرسینه‌وه یان بنیاتی ده‌روون و هزری شرۆڤه بكه‌ین. لێره‌دا وێنه و واتا بزرن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له كه‌م و كوڕییه ئاشكرایه‌كانی توێژینه‌وه له تیرۆر.
له باره‌ی ئاستی ئاماده بوونی ڕۆشنبیر له كۆمه‌ڵ و له بواری سیاسه‌تدا، سه‌بیلا پێی وایه: ئێمه كاتێك به شێوه‌یه‌كی گشتی ناوی ڕۆشنبیر ده‌هێنین، خۆمان ده‌خه‌ینه نێو كێشه‌وه، ڕۆشنبیران هه‌مه‌جۆرن، ڕۆشنبیری نه‌ریتی هه‌یه، هی فه‌رمی هه‌یه كه داكۆكی له هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی ده‌كات، ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌ش هه‌یه، ئێمه له فه‌لسه‌فه‌دا به گشتی ده‌چینه نێو ڕه‌وتی هزری نوێخوازی ڕه‌خنه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیری نوێخوازی نه‌ریتخواز به قۆناغی نیشتیمانی و قۆناغی پێشكه‌وتنخواز و قۆناغی سۆشیالیزم‌دا تێپه‌ڕی، پاشان هه‌ندێك ڕۆشنبیر بۆیان ده‌ركه‌وت، كه جۆره ناته‌بایی یان نه‌گونجان له نێوان بژارده‌ی سیاسی و بژارده‌ی كولتووردا هه‌یه، له‌به‌ر پێشكه‌وتنی زانكۆیه‌كان، هه‌روه‌ها له‌به‌ر مه‌زنیی ئه‌ركی توێژینه‌وه و وانه گوتنه‌وه، ئیدی ڕۆشنبیر له‌و ساته‌دا هه‌ست ده‌كات كه كاریگه‌ریی ئه‌و به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌وه سنوورداره، ئه‌ركی ئه‌ویش ئه‌وه نییه درێژه به كۆبوونه‌وه‌ی سیاسی و خه‌باتی نێو سه‌ندیكا بدات، هێنده‌ی كه ئه‌ركی ئه‌و له گه‌ڵاڵه كردن و نووسین و توێژینه‌وه‌دایه. ئه‌م جۆره كاره تا ماوه‌یه‌كی درێژ كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، كه‌چی كاری سیاسی وه‌ك بڵقێك وایه، ده‌ئاوسێ و ده‌ئاوسێ تا ده‌ته‌قێت، ڕه‌نگه هیچ كاریگه‌رییه‌ك جێ نه‌هێڵێت. هه‌ر بۆیه ده‌بینین له نێو ڕۆشنبیراندا مه‌یلی نووسین و پسپۆرایه‌تی و بیركردنه‌وه چه‌كه‌ره‌ی كردووه، هاوشانی ئه‌وه‌ش جۆرێك له بێزاری له كاری سیاسی ده‌نوێنێت له پای ئه‌و ده‌رهاویشته‌یه، چونكه چوونه پێش له توێژینه‌وه و مامۆستایه‌تی پێویستی به خۆ ته‌رخان كردنی ته‌واو هه‌یه، چی دی كه‌س ناتوانێت هه‌م له ڕووی سیاسی و هه‌م له ڕووی كاری سه‌ندیكاوه چالاك بێت، چونكه كات به فیڕۆ ده‌ده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسین و كتێب دانان پێداویستی خۆیان هه‌یه. له هه‌مان كاتدا جۆره ڕۆشنبیری دیكه‌ش په‌یدا بووه، ئه‌ویش ڕۆشنبیری ئۆرگانییه، با بڵێین ڕۆشنبیری ئیسلامی كه هه‌واداری بزووتنه‌وه تازه‌كانه، ئه‌و بزووتنه‌وه ئیسلامیانه‌ی له دۆخی ڕاچه‌نیندان. بزووتنه‌وه‌كانی ئیسلامی سیاسی به لایه‌كدا كاری سیاسین، پێویستیان به خۆراكی هزر هه‌یه. كه‌واته له‌م بواره‌دا پێویستییه‌كی مێژوویی به ڕۆشنبیر و توێژه‌ر هه‌یه كه له‌م بواره‌دا بنووسن و گه‌شه‌ی پێ بده‌ن. به‌م چه‌شنه جۆره ڕۆشنبیرێكی ئۆرگانیی ئیسلامی په‌یدا بوو، ئه‌مه‌یه ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستا ئێمه تێیدا ده‌ژین. ئێمه له قۆناغی كوژانه‌وه‌ی ڕۆشنبیری ئۆرگانیدا یان با بڵێین نوێخواز به واتای ڕادیكاڵانه‌ی زاراوه‌كه و په‌یدا بوونی جۆره ڕۆشنبیرێكی دیكه‌دا ده‌ژین. به هه‌مان ئاراسته حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه به‌و هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری و مێژووییه بكه‌م، كه ڕۆشنبیر له چوارچێوه‌یدا كار ده‌كات، كه ڕه‌نگه له قۆناغێكدا به‌هێز و له قۆناغێكی دیكه‌شدا هێزی كه‌متر بێت. به واتای ئه‌وه‌ی ناوم لێ ناوه مه‌رجی مێژوو یان هه‌لومه‌رجی مێژوویی به واتای وردی وشه‌كه به زمانی فه‌ره‌نسی "La condition historique"، واته ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵ و ئاراسته‌ش ده‌كات، وه‌ك گوزارشتێك له پێداویستی مێژوو و كۆمه‌ڵایه‌تی. ئیدی ئه‌مانه‌ن سنووربه‌ندیی مه‌زن، جا چ مێژوویی بن یان كولتووری، كه من له شرۆڤه‌دا بایه‌خێكی زۆریان پێ ده‌ده‌م.
له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا (به سیاسه‌ت بۆ سیاسه‌ت)، سه‌بیلا پێی وایه پارته‌كانی مه‌غریب له حوجره (زاویه)وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ئه‌و به‌م جۆره ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی خۆی شرۆڤه ده‌كات: من به ئه‌زموون و ورد بوونه‌وه به‌م ده‌ره‌نجامه گه‌یشتووم. سۆسیۆلۆژیاش به‌م جۆره باسی ئه‌م بابه‌ته ده‌كات. تێكڕای ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی نوێ یان زاده‌ی نوێخوازی، له نێویشیاندا پارتی سیاسی وه‌ك چه‌مكێكی نوێ و هاوچه‌رخ، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕای له یه‌كدی نزیكی ئایدیۆلۆژییه‌وه له باره‌ی ده‌سه‌ڵات و شتی دیكه‌وه، ئه‌ندام و هه‌وادار كۆ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه كولتوورێكی گشتیی سیاسییه، یان با بڵێین ئایدیۆلۆژییه. هه‌ڵبه‌ت پارت وه‌ك ڕێكخراوێكی سیاسی، ئه‌ویش له نێوان ناوه‌ڕكی نوێی نوێخوازانه‌ی و شێوه‌كانی درێژه كێشانی نه‌ریتی مایه‌ی مشتومڕه. به گوێره‌ی تێگه‌ی نوێ و نوێخوازانه‌ی، پارت نوێنه‌رایه‌تیی تایه‌فه یان ڕه‌گه‌ز یان ئایینێك ناكات، به‌ڵكوو دید و دیدگایه‌كی جڤاكییه، به‌ڵام به گوێره‌ی دیدی نه‌ریتانه‌ی به‌و جۆره‌یه كه سه‌ركرده ده‌بێته ڕابه‌ر، وه‌ك ئه‌وه‌ی (سه‌ركرده‌ی ڕابه‌ر) بیه‌وێت هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی پارته‌كه‌دا بسه‌پێنێت، نه‌ك به‌وه‌ی ئه‌ندامان ئازادن، به‌ڵكوو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی ئه‌وان مرید و لایه‌نگرن. دیدی نه‌ریتی بنیاته‌كانی هاوچه‌رخیش ڕاو ده‌نێت، له هه‌مان كاتدا نوێخوازیش هه‌وڵ ده‌دات هه‌ندێك ئامرازی نه‌ریتی به‌كار بهێنێت و بیانخاته خزمه‌تی خۆیه‌وه.
د. سه‌بیلا له باره‌ی ململانێی نێوان كۆن و نوێ، یان هاوچه‌رخ و نه‌ریتی، درێژه به خوێندنه‌وه‌ی خۆی ده‌دات و ده‌ڵێت: ڕاستییه‌كه و له قووڵایی فه‌لسه‌فه‌وه، ململانێی نێوان نه‌ریت و نوێخوازی له ناخدا چه‌شنی شه‌ڕێكی كوشنده‌یه، به‌ڵام له تێك ئاڵان و ڕواڵه‌ته‌كانیدا، له چه‌ندین ئاستدا له‌گه‌ڵ یه‌كدا تێكه‌ڵكێش ده‌بن و تێگه‌یشتن و ململانێشیان له نێواندایه. دروست ئه‌وه‌یه نه‌ریت نامرێت و نوێخوازیش ڕاناماڵدرێت، جۆرێك له دینامیك و دیالكتیكێكی قووڵ له ئارادایه، خۆ ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی بۆچوونی خۆم قسه بكه‌م، ده‌بێ بڵێم ڕێڕه‌وه‌كه نوێخوازه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی زۆر هێواش و توند و كوشنده ده‌ڕوات. له ڕووی به‌راورده‌وه وه‌ك نموونه با بڵێین، جڤاكی مه‌غریب به هه‌موو چین و توێژێكییه‌وه، هه‌نگاوی گه‌وره‌یان ناوه، ژنانی مه‌غریب قه‌ڵه‌مبازێكی جۆره‌كییان هاویشتووه، ئه‌وان بوونه‌ته به‌شێك له فه‌زای گشتی و داواش ده‌كه‌ن له میراتدا یه‌كسانی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش لووتكه‌ی تێكۆشانه، ڕێڕه‌وی نوێخوازی هێواش و ته‌فره‌ده‌ره، ته‌نانه‌ت مه‌زنده بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه ئه‌گه‌ر هه‌یه نه‌ریت شه‌ڕه‌كه بباته‌وه، به‌ڵام له ناخ و قووڵاییدا ململانێیه‌كی ورد هه‌یه.