محه‌مه‌د سه‌بیلا: هه‌وڵ ده‌درێت ته‌مه‌نی مرۆڤ بگه‌یه‌ننه 200 ساڵ
دیمانه: فاتیمه عاشوور
وه‌رگێڕ: تاریق كارێزی
بەشی یەکەم:-
ماڵپه‌ڕی (ئه‌لفه‌یسه‌ڵ) دیمانه‌یه‌كی فاتیمه عاشووری له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندی مه‌غریب د. محه‌مه‌د سه‌بیلا (1942-كازابلانكا) بڵاو كردووه‌ته‌وه، لێره‌دا به پێویستی ده‌زانین پوخته‌ی وڵامه‌كانی سه‌بیلا به كوردی بڵاو بكه‌ینه‌وه:
له باره‌ی دوایین پرۆژه‌ی خۆی سه‌بیلا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌ك گیرۆده‌ی نه‌خۆشی بووم، له پاڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رقاڵی بابه‌تی گه‌شه كردنی ته‌كنۆلۆژیا بووم، ئه‌م بابه‌ته جێ بایه‌خی منه. به چڕی كه‌وتمه خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی مرۆڤتێپهڕی (Transhumanisme)، دوای به‌رهه‌م هێنان و دروست كردنی خانه‌ی زیندوو، ئیدی ته‌كنۆلۆژیا چووه‌ته قۆناغی دروست كردنی ژیانه‌وه.
ئه‌و وه‌رچه‌رخانه جۆرهكییهی له گه‌شه كردنی ته‌كنۆلۆژیا به‌دی هات، وه‌رچه‌رخانێكی كوشنده‌یه، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه ئیدی ژیان به دروست كردنی مرۆڤ له ڕێی ته‌كنۆلۆژیاوه ده‌ست پێ ده‌كات. له‌م ڕووه‌وه ئه‌و شتانه‌ی ئێستا له ئه‌مریكا و چین و ژاپۆن به‌دی ده‌كرێن، ئه‌وه‌یه كه پێی ده‌ڵێن گه‌شه پێدانی ته‌مه‌ن. ئێستا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ته‌مه‌نی مام ناوه‌ندیی مرۆڤ بگه‌یه‌ننه 200 ساڵ، هه‌وڵیش ده‌ده‌ن گه‌شه به زیره‌كی بده‌ن، ئه‌ویش له ڕێی چاندنی میمۆریی وابه‌سته به ئینته‌رنێت له مێشكی مرۆڤدا، هه‌روه‌ها دانانی عه‌قڵ.
له‌م كاته‌دا شۆڕشێكی ته‌كنۆلۆژی (بایۆته‌كنۆلۆژی) له ئارادایه، ئه‌مه ته‌كنۆلۆژیای ژیان و خانه و جینه، واته كار له پێكهاته‌ی بایۆلۆژی و جینی مرۆڤ ده‌كه‌ن. ته‌كنیك ده‌ڕژێنه نێو یه‌كدییه‌وه، ئامانجیش به‌دی هێنانی گۆڕانی جۆرهكییه له مێژووی مرۆڤایه‌تی، به تایبه‌تی ئه‌م جاره‌یان ته‌كنیك له خه‌سڵه‌تی ده‌ره‌كییه‌وه به‌ره‌و خه‌سڵه‌تی ناوه‌كیی مرۆڤ ده‌ڕوات.
زانایانی سه‌رده‌م ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌ده‌ی ته‌له‌فۆن و ئوتومبیل و كاره‌با بوو، ئه‌وا سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م شازه سه‌ده‌ی شۆڕشه‌كانی ته‌كنۆلۆژیایه. له ئایینده‌شدا فرۆشگا بۆ چاك كردنه‌وه‌ی خانه یان گۆڕینی ئه‌ندام یان كڕینی پارچه یه‌ده‌گی زیره‌كی و بلیمه‌تی ده‌كرێته‌وه، ئێمه له شۆڕشێكی تهكنۆلۆژیداین، كولتووری ئێمه‌ی (ڕۆژهه‌ڵاتی) پشتی تێ ده‌كات، چونكه له‌وه ده‌ترسێت له‌گه‌ڵ بیر و باوه‌ڕی چه‌سپاو به‌ریه‌ك كه‌وتنی هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ت ئێمه لێره‌دا قسه له باره‌ی ململانێی ژیان و په‌رجووی زانست ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی ئێستا له جیهاندا ڕوو ده‌دات، ڕاستییه‌كه‌ی شتێكی سامناكه.
با له بیرمان نه‌چێ، هه‌میشه فه‌لسه‌فه له ئه‌پستمۆلۆژیای زانست و فه‌لسه‌فه‌ی زانست ده‌كۆڵێته‌وه، به هه‌مان شێوه له واتا و ئیماژی فه‌لسه‌فه و دۆزینه‌وه‌ی زانستیش ده‌كۆڵێته‌وه. داهێنانی ته‌كنۆلۆژیا له ئاستێكی زه‌به‌لاحدایه. سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه ئێمه له ئاكام ده‌كۆڵینه‌وه، مرۆڤ كێیه؟ ئاخۆ غه‌یب چییه؟ چ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوانی جه‌سته و ده‌رووندا هه‌یه؟ ئه‌مانه گرفتی گه‌وره‌ن، فه‌لسه‌فه ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌ركی بیر كردنه‌وه له‌و ڕه‌هه‌ند و ڕواڵهتانهی هزر و ئاكار كه به‌ره‌نجامی ئه‌و گه‌شه گردهبڕه جۆرهكییهن، پاشان كاردانه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به به‌ره‌ی پێشكه‌وتووی مرۆڤ و به‌ره‌ی پاشكه‌وتووی.
په‌یوه‌ست به گرفتی نوێخوازی و ئه‌زموونی شكست خواردووی له لای عه‌ره‌ب و گه‌لانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیش، سه‌بیلا ده‌ڵێ: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كرایه به‌هانه‌یه‌ك بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی نوێخوازی و گه‌شه، ئه‌وه بوو كه وێنایه‌كی نه‌رێنییان بۆ سكولاریزم (عه‌لمانیه‌ت) خسته ڕوو، وه‌ك: دژی ئایینه، خوانهناسییه، كفره، حه‌رامه، زۆر شت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له باره‌ی سكولاریزمهوه گوترا. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به ڕه‌وتی به‌ره‌نگاری و شێواندنی چه‌مكه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ڕه‌تیان بكه‌نه‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی سكولاریزم (عه‌لمانیه‌ت) وه‌ك لێكۆڵینه‌وه ساغی كردووه‌ته‌وه دوو جۆره، سكولاریزمی ڕادیكاڵ كه له پاش شۆڕشی فه‌ره‌نسا په‌یدا بوو، ئه‌م ڕه‌وته‌یان ده‌ڵێ: ئایین پاشكه‌وتنه، ئایین هی سه‌رده‌مێكه ئیدی گه‌شه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره تێپه‌ڕاندووه. قۆناغی غه‌یب و میتافیزیكه، پێویسته له ده‌سه‌ڵات دوور بخرێته‌وه و كۆمه‌ڵیش له‌م جۆره بۆچوونه بپارێزرێت. ئه‌مانه ئه‌و په‌ڕی بۆچوونه‌كانی سكولاریزمی ڕادیكاڵن. له پاڵ ئه‌ویشدا، سكولاریزمی ئاسایی هه‌یه، ئه‌میان ده‌ڵێ: پێویسته ئایین و ده‌سه‌ڵات له یه‌كدی جیا بكرێنه‌وه، نه‌ك ئایین وه‌ك به‌شێك له كولتووری كۆمه‌ڵ دوور بخرێته‌وه، ئه‌م سكولاریزمه ته‌نیا باسی لایه‌نی سیاسی ده‌كات، پێی وایه ئه‌گه‌ر ئایین له ململانێی سیاسی‌دا به‌كار بێت، ئه‌وا گه‌لێك ناهه‌قیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. پێویسته كۆمه‌ڵ خۆڕسكانه له ڕێی ململانێی ئابووری و ئایدیۆلۆژی و دوور له به‌كار بردنی ئایین له سیاسه‌تدا، گه‌شه بكات. ئه‌زموونی سكولاریزمی ئه‌وروپا به هه‌ردوو باڵی شۆڕشگێڕ و ئاساییه‌وه، ڕوونی ده‌كاته‌وه كه گه‌شه كردنی ئه‌رێنیانه‌ی كۆمه‌ڵ پێویستی به له یه‌كدی جیا كردنه‌وه‌ی ئایین و سیاسه‌ت هه‌یه، به واتای ده‌سه‌ڵات ده‌بێت بێلایه‌ن بێت.
ئاخۆ چ پێوه‌رێك بۆ دیاری كردنی ده‌وڵه‌تی ئایین هه‌یه؟ سه‌بیلا وڵام ده‌داته‌وه: ده‌كرێ به ڕێژه و ڕاده‌ی جۆربه‌جۆر قسه له باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئایین بكه‌ین. ڤاتیكان له بنه‌ڕه‌تدا ده‌وڵه‌تی ئایینه، ڕای گه‌یاندووه و باوه‌ڕی پێیه‌تی. ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا ئایین و سیاسه‌تیان له یه‌كدی جودا كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان سكولارن، ئێران ده‌وڵه‌تی ئایینه به ئه‌زموونی ئه‌وروپا خۆی موتوربه كردووه، بۆ نموونه هه‌ڵبژاردن ده‌كات. گرفته‌كه له‌وه‌دا ده‌وڵه‌تی ئایین هه‌ر ده‌بێ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌ندێك ڕواڵه‌تی نوێخوازی بخوازێت، به لای كه‌مه‌وه له بواری سیاسی‌دا بۆ هه‌ڵسووڕاندنی ده‌سه‌ڵات، دیموكراسی له بنه‌ڕه‌تدا به‌ڕێوه بردنی ده‌سه‌ڵاته له نێو كۆمه‌ڵدا. ئێمه‌ش له مه‌غریب ئه‌زموونێكی كارلێكی نێوان ئایین و سیاسه‌تمان هه‌یه، به‌ڵێ میری موسڵمانان ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، له ته‌ك ئه‌ویشدا ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی هه‌یه له هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌رایه‌تییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. جۆرێك له پێكه‌وه گونجان له نێوان سیسته‌می دیموكراسیی سیاسی و نێوان كه‌ڵه‌كی میراتێكی ئایینی له مه‌غریبدا هه‌یه. دۆخی كارلێكی نێوان ئایین و سیاسه‌ت له ده‌وڵه‌تێكه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێكی دی، جیاوازه.