بهدبیری، له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
بەشی یەکەم
نووسه‌ر: نه‌دا حتیت
وه‌رگێڕ: تاریق كارێزی
بهدبیری، وه‌ك زاراوه‌یه‌كی تازه به‌رانبه‌ر به (التفكیر السیئ: bad thinking) له هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی دامڕشت، بیركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌گرێته‌وه، كه لێكدانه‌وه‌ی خراپ و چه‌وت و ڕه‌شبین و نه‌گریسانه بۆ شتان ده‌كات- (وه‌رگێڕ). له گه‌شتێكی خێرادا به نێو ناوه‌رۆكی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له نێو ڕۆژنامه‌گه‌ری و سۆشیال میدیادا بڵاو ده‌كرێنه‌وه، ئنجا هه‌ڵسه‌نگاندنیان له ڕووی عه‌قڵ و هۆشمه‌ندییه‌وه، به دڵنیاییه‌وه گه‌شته‌كه‌مان ئاماژه به قه‌یرانێكی سه‌راپاگیری زانین (مه‌عریفه) ده‌كات، ئه‌و قه‌یرانه‌ی فه‌یله‌سووفان ناویان ناوه "بهدبیری"، واته نه‌بوونی پاساو بۆ قسه و بۆچوون، ئنجا ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی هه‌ر به‌ڵگه و نیشانه‌یه‌ك كه ده‌خرێنه ڕوو. بهدبیری ته‌نیا به خه‌ڵكانی ئاسایی و قسه و بۆچوونی ئه‌وان له باره‌ی جیهان و ڕووداوهكانییهوه په‌یوه‌ست نییه، به‌ڵكوو په‌ل بۆ قسه و بۆچوونی ڕۆژانه‌ی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیرانیش ده‌هاوێت، ئه‌وانه‌ی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، بژاده و سه‌ركرده‌ی بیری جیهانی سه‌رده‌من. ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری خه‌ڵك كه له مێژوودا نموونه‌ی نه‌بووه، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژاوا هه‌ن، بۆ ڕاڤه كردنی گۆڕانكاریی كات و سه‌رده‌مه‌كان، باوه‌ڕیان به بیر و بۆچوونی سه‌یر و سه‌مه‌ره هه‌یه، یان بۆ پاساو دانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ده‌مارگیرییه‌كی نه‌گریس (نه‌ته‌وه‌یی و تایه‌فی و جه‌نده‌ری تا ده‌گاته چین و توێژ) دژ به ئه‌وی دیكه‌ی جیاواز، بۆچوونی لۆژیك چه‌وت و چه‌واشه‌یان هه‌یه. یان ئه‌وه‌تا ئه‌و خاوه‌ن بۆچوونه چه‌وت و چه‌واشانه، ته‌واوی ته‌مه‌نیان له نێو زیندانی ئه‌شكه‌وتی داخراوی هزردا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ناشیانه‌وێت جێی بهێڵن. نیگه‌رانی له‌وه‌دایه، ته‌كنۆلۆژیای نوێ كه په‌نجه‌ره‌ی به ڕووی گوڵشه‌نی زانین (مه‌عریفه)دا كردووه‌ته‌وه، ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی سی چل ساڵێك به‌ر له ئێستا بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك نه‌كرا بووه‌وه، ئه‌میش له لای خۆییه‌وه به‌شدار بوو له فراوان كردنی ئه‌و به لاڕێدا چوونه ئه‌پستمۆلۆژی (زانینناسی)یه‌دا، هه‌روه‌ها گه‌لێك پڕ و پووچ و خه‌یاڵ پڵاویی كه سه‌رده‌مانی پێشوو له ناوخۆدا باو بوون، به‌ره‌و جه‌ماوه‌رێكی جیهانگیری سنووربڕ و زمانبڕ و ئایینبڕ، ته‌شه‌نه‌یان كردووه. په‌تای بهدبیری (قسه‌ی خۆمان بێت، به خه‌ستی و چڕی كوردستانی خۆشمانی گرتووه‌ته‌وه- وه‌رگێڕ) وه‌ك چالاكییه‌كی تایبه‌ت و كه‌سی، كاریگه‌رییه‌كه‌ی ته‌نیا په‌یوه‌ست به كه‌سی بهدبیر نییه، به‌ڵكوو وه‌ك په‌تا ته‌شه‌نه ده‌كات، ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م په‌تایه ده‌بن، ڕه‌نگه به زمان و به ده‌ست، تاوان و ده‌ست درێژی ده‌رهه‌ق به ئه‌وانی دی بكه‌ن، جار هه‌یه تا ڕاده‌ی كوشتن ده‌چێت. گرفتی كوشنده‌ش له‌وه‌دایه، به‌شێكی زۆر له‌م بهدبیری و به‌د بیركردنه‌وه‌یه نامرێت و كۆتایی نایه‌ت، وه‌ك زۆمبی له نێو كه‌شی زانین و مه‌عریفه‌مان ئاوا نابێت، له مردن یاخی ده‌بێت، به گوته‌ی بیرمه‌ندی ئه‌مریكایی پۆل كروجمان، به زۆریش بهدبیری له به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌نه‌كه‌یدا نابێت. (زۆمبی: (Zombie) مرده زینده، تهرمێكه به سیحر و ته‌لیسم ده‌جوولێته‌وه. له كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه كه‌سایه‌تیی زۆمبی له نێو منداڵ و هه‌رزه‌كاراندا ناوبانگی زۆری په‌یدا كرد، به تایبه‌تی له ئه‌مریكای باكوور و فۆلكلۆری ئه‌وروپادا. زاراوه‌ی زۆمبی بۆ ناساندنی مرده زینده (مردووی زیندوو) له فیلمی ترس و تاریكی‌دا به‌كار هێندرا، له ساڵی 1968دا جۆرج رومیرۆ فیلمێكی به ناونیشانی (شه‌وی مرده زینده) له باره‌ی زۆمبی ده‌رهێنا. سه‌رچاوه‌ی زۆمبی و زاراوه‌كه‌ی بۆ فۆلكلۆری هاییتی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه جه‌سته‌ی مردوو به سیحر زیندوو ده‌كرێته‌وه- وه‌رگێڕ). له‌وه ناچێت بهدبیری ته‌نیا به خه‌ڵكانی كه‌م خوێنده‌وار یان كه‌سانی به خۆڕسك نازیره‌ك یان نه‌بوونی زانیارییه‌وه به‌ند بێت، كه به تێكڕا ده‌بنه هۆی خوو نه‌گرتن به بیركردنه‌وه‌ی دروست له هه‌ندێك حاڵه‌تدا، پاساوی ئه‌وتۆش به كه‌سی بهدبیر ده‌دات، له ڕووی ئاكاره‌وه، نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه و چه‌وتی، به ڕاست ببینێت، به‌ڵكوو وا باوه بهدبیری له نێو خه‌ڵكی خوێنده‌وار و پسپۆر و ڕۆشنبیرانیشدا ته‌شه‌نه ده‌كات، ئه‌وانه به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌توانن به گه‌ڕان و لێكۆڵنه‌وه ڕاستیی پشت چه‌وت و چه‌واشه به‌دی بكه‌ن، به ڕاده‌یه‌ك ده‌توانن به ویستی خۆیان به‌ره‌نگاری كه‌وتنه نێو داوی بهدبیری ببنه‌وه، به‌ڵام له پای هۆی هه‌مه‌جۆره‌وه، ڕه‌نگه بكه‌ونه نێو ته‌ڵه و داوای هزره ته‌مبه‌ڵی و ئیفلیج بوونی بیره‌وه، ئاماده‌ش نابن بۆ له یه‌كدی جیا كردنه‌وه‌ی بیرۆكه و بۆچوونی مه‌ترسیدار له هی دروستی ڕوون و ڕه‌وان، هێنده ئه‌رك بكێشن. ئه‌وان وایان له شان خۆش دێت بۆچوونی كۆنی خۆیان، باوه‌كوو به‌سه‌ریش چوو بن، هه‌ر ئه‌وان بڵێنه‌وه، زاتی ئه‌وه‌ش ناكه‌ن شاپێك له چه‌وت و چه‌وێڵییه‌كانی بهدبیری بده‌ن و دان به كرۆكی ڕاستیدا بنێن. پسپۆرانی هزره ته‌مبه‌ڵی (الكسل الفكری: intellectual laziness)، ئه‌مه به دیارده‌ی لامله زانین (العناد المعرفی: Cognitive stubbornness) داده‌نێن، واته ده‌ست هه‌ڵنه‌گرتنی ناعه‌قڵانی له باوه‌ڕ و بۆچوونێك كه له پووچه‌ڵ بوونه‌وه‌یدا، ههمهجۆر به‌ڵگه هاتوونه‌ته ده‌ست. مه‌رج نییه لاملانی زانین كه‌سانی خراپ و به‌د بن، به‌ڵكوو ئه‌وان به گوێره‌ی نه‌ریتی ده‌وروبه‌ریان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، هۆش و بیری خۆیان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر بیرۆكه‌ی له لای ئه‌وان ده‌خرێته ڕوو، ناخه‌نه گه‌ڕ، یان ئه‌وه‌تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تایبه‌ت و كاتی له پای ئه‌و باوه‌ڕ و بۆچوونانه‌وه ده‌بینن. ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌كه مایه‌ی دڵخۆشی، به‌وه‌ی بهدبیری قه‌ده‌ر و چاره‌نووس نییه، به‌ڵكوو به كرده‌نی مرۆڤ ده‌توانێت خۆی له ته‌ون و داوی بپارێزێت. نابێت ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت، بهدبیری ده‌روازه‌ی سه‌رزه‌نشتی ئه‌خلاقی، تۆ بڵێ به‌رپرسایه‌تیی یاسایی، به‌ره‌و ڕووی ئه‌و كه‌سه ده‌كاته‌وه، كه له زانیاری ورد نابێته‌وه، هه‌ر چییه‌كی بۆی ده‌خه‌نه ڕوو، سه‌ری ئه‌رێی بۆ ده‌له‌قێنێت، به بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی ته‌واوی له به‌ر ده‌ستدا بێت، یان به‌ڵگه‌ی چه‌وت و ناته‌با ڕه‌ت بكاته‌وه، نه‌خاسمه كه كاتێك كه‌سی لامله زانین، له كۆتاییدا زیان به ئه‌وانی دیكه بگه‌یه‌نێت.