محه‌مه‌د سه‌بیلا: داعش له سه‌رده‌می سه‌دامه‌وه دروست بووه
دیمانه: فاتیمه عاشوور
وه‌رگێڕ: تاریق كارێزی
بیرمه‌ندی عه‌ره‌ب چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر ڕای گشتییه‌وه هه‌یه؟ له‌م كاته‌دا چ ئاسته‌نگ له به‌رده‌م هزری عه‌ره‌بدایه؟
له وڵامدا محه‌مه‌د سه‌بیلا پێی وایه، تێكه‌ڵییه‌كی له ڕه‌وشه‌كه‌دا هه‌یه. له ناخدا ململانێیه‌ك له نێوان نه‌ریت و نوێ‌دا هه‌یه، به‌شێكی زۆری ئه‌و ململانێیه له نێوان هزری نه‌ریت و هزری نوێخوازی له هه‌موو ئاستێكدا گه‌رمه، مه‌یدانی ململانێ ته‌نیا له نێوان كۆن و نوێ‌دا نییه، به‌ڵكوو ململانێیه‌كی ناوخۆ له نێو هزری نه‌ریتیدا هه‌یه، جووته پێكهاته‌ی نه‌ریتی و پێكهاته‌ی هاوچه‌رخی ئه‌م هزره له ناوخۆیدا له به‌ریه‌ك كه‌وتندایه. به دیوێكدا حه‌ز به ژیان و نوێ بوونه‌وه ده‌كات، به دیوێكی دیكه‌شدا چاوی له ڕابردووه. ئه‌مانه ده‌رهاویشته‌ی ئاڵۆزن، له ئه‌ستۆ گرتنیان كارێكی ئاسان نییه. بۆ نموونه باس له سوود وه‌رگرتن له ته‌كنیكی نوێ بۆ خزمه‌ت كردنی ڕه‌وت و هزری نه‌ریتی ده‌كرێت. كولتووری نه‌ریت ڕۆحه و له‌گه‌ڵ نوێ‌دا له به‌ره‌نگاریدایه، نه‌ریتی هه‌وڵی مانه‌وه ده‌دات و حه‌زی له ژیان و به‌رده‌وامییه، بۆیه فاكته‌ری مانه‌وه ده‌هێنێته به‌رهه‌م. نوێخوازیش بۆ خۆی ڕۆحێكه ده‌یه‌وێت له ڕێی ته‌كنیكه‌وه به‌سه‌ر نه‌ریتدا زاڵ بێت. له قووڵاییدا ململانێیه‌كی سه‌خت له ئارادایه، به ڕواڵه‌تیش ته‌وژمه شه‌پۆل و تێكه‌ڵ بوون هه‌یه.
ئێوه بڕوانن، ڕێكخراوگه‌لی توندڕه‌و توانییان له ڕێی ته‌كنیكی تازه‌وه پێگه‌ی خۆیان به‌هێز بكه‌ن، ئه‌و ته‌كنیكه‌ی ئه‌و ڕێكخراوانه به به‌رهه‌می ڕۆژاوای كافری ده‌زانن، تا ئه‌و په‌ڕه‌كه‌شی سوودی لێ وه‌رده‌گرن. سه‌بیلا ئه‌م دووفاقییه به‌م جۆره شرۆڤه ده‌كات: هه‌رده‌م ته‌كنیكی تازه مایه‌ی سه‌رنج و چاو تێبڕینه، له‌م ڕووه‌وه شان له شانی میرات و كه‌له‌پوور ده‌دات. میراتی نه‌ریتی شرۆڤه‌یه‌كی ساكار بۆ گه‌ردوون و دیارده‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته ڕوو، ته‌كنیك گه‌لێك كرده و هه‌ڵوێست ده‌خاته به‌ر ده‌ست و به‌ده‌ست هاتنی هێزیش ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌و هێزه‌ش سه‌ربازی بێت یان میدیا و زانیاری و هی دیكه. ڕێكخراوێكی وه‌ك داعش جووت پێكهاته‌یه، یه‌كه‌م پێكهاته‌ی نه‌ریته كولتووره، كه له ڕێكخراوی قاعیده‌وه بۆی ما بووه‌وه، دووه‌م پێكهاته‌ی ته‌كنیكه، كه له سوپای عیراقه‌وه كه‌وته ده‌ستی. داعش له‌م جووته پێكهاته‌یه دروست بوو. من بۆ خۆم زۆر جار گوتوومه داعش له سه‌رده‌می سه‌دامه‌وه دروست بووه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له دۆستانی ناسیونالیستم ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه. با ڕوونی بكه‌مه‌وه. برێمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نیی ئه‌مریكا به‌سه‌ر عیراقه‌وه سوپای وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ئه‌و سوپایه‌ی نه‌ك به چه‌ك و تفاقی به‌هێزترین سوپای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو، به‌ڵكوو به ته‌كنیكیش هه‌ره به‌هێز بوو. ئه‌فسه‌رانی سوپای عیراق كه ئیزن دران، به گشتی پاشخانی ئایینیان هه‌بوو، سه‌دامیش به حوكمی ململانێی له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا، كه‌وته گه‌شه پێدانی جۆره ئایدیۆلۆژیایه‌كی ئیسلامی، خۆی له نووسینی ده‌سته‌واژه‌ی "الله اكبر" له سه‌ر ئاڵای عیراقدا نواند، ئامانجیش ڕاكێشانی سۆزی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامی بوو، هه‌روه‌ها به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی پشتیوانی و هاوسۆزیی گه‌ل له ده‌روازه‌ی ئایینه‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی گه‌لێك له ئه‌فسه‌رانی سوپاكه په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی مه‌لا و زانایانی ئایین بوون، به ڕاستی ئاوێته كردنێكی زۆر سه‌یر له نێوان پێكهاته‌ی توند و تیژی نه‌ریت كه‌له‌پوور و پێكهاته‌ی ته‌كنیكی نوێ‌دا هه‌یه. جگه له‌وه، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی له ڕووسیا و ڕۆژاوا خوێند بوویان، ئاستێكی به‌رزیان له توانا و ته‌كنیكدا هه‌بوو.
چه‌مكی جیهاد په‌یوه‌ست به سه‌رده‌مێك واتا و ئامانجی ده‌گرته خۆ، وێڕای ئه‌وه له زه‌ین زانینی ئیسلامی‌دا نه‌خشی درز و كه‌له‌به‌ری كێشاوه، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌مه، پێویست به حوكمی تازه‌ی شه‌رع هه‌یه. سه‌رباری ئه‌وه، ده‌بینین ڕێكخراوێكی وه‌ك داعش و هاوشێوه‌كانی گوته و دروشمی "سه‌رزه‌مینی ئیسلام و سه‌رزه‌مینی كوفر" ده‌كه‌نه میتۆد و به‌رنامه‌یان، بانگه‌شه بۆ سه‌بایا و دابه‌ش كردنی غه‌نیمه و خۆ ته‌قاندنه‌وه ده‌كه‌ن. ئاخۆ ئه‌م بیرۆكانه له چییه‌وه گوڕ و تاو ده‌ستێنن؟
محه‌مه‌د سه‌بیلا له وڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌ڵێ: داعش دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و تایبه‌ته، هه‌وڵی زۆر له ئارادایه بۆ تێگه‌یشتن و شرۆڤه كرنی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان هزری یان مێژوویی، كاتی زۆری ده‌وێت تا هه‌موو ده‌رهاویشته‌كانی كۆ بكرێنه‌وه و به قووڵی شرۆڤه بكرێن. هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی به كات هه‌یه بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رهاویشته و توێژینه‌وه‌كانی په‌یوه‌ست به ئه‌و، تا له تێگه‌یشتنی نزیك ببینه‌وه و هه‌نگاو به ئاراسته‌ی توێژینه‌وه‌ی وه‌ك دیارده‌یه‌كی هه‌مه‌كی بنێین. مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌م دیارده‌یه هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵ (گرێ و گۆڵ، ئایین، سیاسه‌ت، جیۆسیاسی و هه‌واڵگری) ده‌گرێته‌وه، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه وه‌ك پێویست زانیاری‌یان له باره‌وه نه‌هاتووه‌ته ده‌ست. جاری وا هه‌یه لۆژیكی پۆلیسی یان هه‌واڵگری یان ئایدیۆلۆژی به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت، هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ی زانكۆش هه‌ن بایه‌خیان به لایه‌نی ده‌روون و بنیاتی ده‌روون و گرێی ده‌روونی و هی دیكه داوه، هه‌شه بایه‌خ به لایه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و بێ به‌شی و توند و تیژی.. هتد، ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی په‌رده‌پۆش ده‌كرێت، بابه‌تی ئایینه‌كه‌یه، جۆرێك له سازش و خاپاندن هه‌یه، ئایا ئه‌مه به مه‌به‌سته؟ به‌رنامه‌ڕێژه یان خۆڕسك؟ بۆ نموونه كه ده‌ڵێن "تیرۆر ئایین نه‌ناسه"، به‌ڵێ "تیرۆر ئایینی نییه"، وێڕای ئه‌وه، ئێمه ناتوانین چاو له خه‌ڵكانێك بپۆشین كه لۆژیكێكی تایبه‌ت ده‌گرنه خۆ، خۆشیان ده‌ده‌نه پاڵ ئایین و ڕه‌وتێكی دیاری كرا‌و، ئه‌وانیش زۆر ئاشكرا بانگه‌واز بۆ خۆیان ده‌كه‌ن. پێویسته توێژه‌ر جه‌خت بكاته سه‌ر ڕیشه‌ی گرێ و ڕیشاڵی ئایینیی ئه‌و ڕه‌وتانه. هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌ن كار بۆ په‌رده‌پۆش كردنیان ده‌كه‌ن، به مه‌به‌ستی دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌م كاره له ئایین و داكۆكی كردن له ئایین. بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی ئه‌م شته‌ش، توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه پێویسته.
ڕایه‌ڵی ڕێكخستنی داعش و ئایدیۆلۆژیاكه‌ی به ژماره‌یه‌كی زۆر له ده‌وڵه‌تانی ئاسیای ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا و وڵاتانی ڕۆژاوا به فراوانی بڵاو بووه‌ته‌وه، ئایا به هێزی سه‌ربازی و ئه‌منی ده‌وره ده‌درێت، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی هزر و كولتوور و میدیاشی نه‌یه‌ته پاڵ؟
سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نه سه‌بیلا ده‌ڵێ: هه‌ر چییه‌كی ناو بنێین، پرسه‌كه له‌ناو بردنی ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌یه به زه‌بری هێز، به‌ڵام بیر و لێكدانه‌وه‌كه ماوه، وه‌ك په‌تاش بڵاو ده‌بێته‌وه، توێژی زۆر فراوانیش به لای خۆیاندا ڕاده‌كێشن. داعشخوازی یان توندڕه‌ویی ئایینی له‌گه‌ڵ په‌یدا بوونی ئیسلامی سیاسی له سه‌ده‌ی نۆزده‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا په‌یدا بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا موسڵمانان به تایبه‌تی ڕۆشنخوازان، به‌رانبه‌ر به هێرشی كۆلۆنیالیزمی ئه‌وروپا، خۆیان له دۆخی به‌رگریدا بینی. ئیدی به‌م جۆره بیرۆكه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه بوو، كه ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتمان له ئایین كرد ئیدی لاواز بووین، هه‌ر بۆیه كافر به‌سه‌رماندا زاڵ بووه. ئه‌مه چه‌واشه لۆژیكه، هه‌وڵێكه بۆ پاساو هێنانه‌وه بۆ خود. من پێم وایه ئیسلامی سیاسی به هه‌ردوو باڵی توندڕه‌و و میانڕه‌وییه‌وه، ورده ورده گه‌ڵاڵه بوو تا گه‌یشته قۆناغی ئێستای. بۆیه ده‌كرێ ڕیشه‌ی داعش بۆ سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت ڕێنیسانسی عه‌ره‌ب و هاتنی كۆلۆنیالیزم بگه‌ڕێنینه‌وه. داعش لووتكه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه كه داوا ده‌كات بۆ كه‌له‌پوور و میرات بگه‌ڕێینه‌وه و خۆمان له پاڵ ئه‌ودا بپارێزین. مخابن لایه‌نی گه‌شی میراتی عه‌قڵانی و رۆِشنخواز و بیریاری له كولتووری عه‌ره‌ب زیندوو نه‌كرایه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و لایه‌نه سڕگوم كرا و لایه‌نی تاریك و توندڕه‌وی كه بانگه‌شه بۆ توند و تیژی ده‌كات، زیندوو كرایه‌وه.