ئەوی هەر خۆی خۆش بوێت، ددان بە خەوشی خۆیدا نانێت
April 30, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسهر :حەمەسەعید حەسەن
پێوەندیی ڕۆح بە جەستەوە،ئەوە بە خەوش لە ئینساندا هەژمار ناکرێت، کە لایەنی هاوبەش لە نێوان ئینسان و ئاژەڵدا هەبێت. جۆرە خۆشەویستییەکی ساکار هەیە کە دەتوانین ناوی (هۆگربوون)ی لێ بنێین، وەک چۆن لە نێوان ئاژەڵاندا هەیە، لە نێوان ئینسانگەلیشدا هەیە. ئەم جۆرە خۆشەویستییە، یان هۆگری یەکدی بوونە، لە نێوان ئینسان و ئاژەڵیشدا هەیە و دەشێت هێندە قووڵ و پتەو بێت، تا ئاستی ئەو پێوەندییەی، ئەندامانی خێزان پێکەوە دەبەستێتەوە. هۆگربوون لە نێوان دوو ئەویندار یان دوو هاوڕێدا، کە دەگاتە لووتکە، هەر یەکێکیان لە لای خۆیەوە، وا هەست دەکات، بۆ ئەوی دیکە خوڵقاوە.
وەک پێوەندیی خۆشەویستی وایە بە ڕۆحەوە،
وەک چۆن کە ڕۆح بزر دەبێت، جەستە دەمرێت، هەر وایش
کە خۆشەویستی بزر دەبێت، ڕۆح دەمرێت.
هۆگری یەکدی بوون، ڕەنگە ناعەقڵانیترین جۆری خۆشەویستی بێت، ئاخر بۆ ئەوەی کەسێک خۆشی بوێین، پێویستمان بەوە هەیە، بە کردەوە پێی بسەلمێنین کە ئێمەیش ئەومان خۆش دەوێت و بێ یەک و دوو، ئامادەین قوربانی لە پێناویدا بدەین، بەڵام دەشێت کەسێک هۆگرمان ببێت، بێ ئەوەی ئێمە لەو پێناوەدا، هیچ هەوڵێکمان دابێت. ڕەنگە ئێمە شیاوی ئەوە نەبین، کەسێک خۆشی بوێین، بەڵام نزیکەی هەمیشە کەسێک پەیدا دەبێت، هۆگرمان ببێت. کە ساڵانێکی دوورودرێژ لە بن هەمان میچدا، لەگەڵ هەمان کەسدا، ژیان بەسەر دەبەین، ڕەنگە ئەوەی کۆی کردووینەوە، خۆشەویستی نەبێت، هۆگری یەکدی بوون بێت.
خۆشەویستیی نێوان دایک و منداڵ، لای دایک بەخشین و لای منداڵ زادەی پێویستییە. دایک بە سەلیقە منداڵی خۆش دەوێت و لەو پێناوەدا چی لە دەست بێت، درێغی ناکات. دایک پێی خۆشە، منداڵی، لە هەموو بوارێکدا لە خۆی باشتر بێت و داهاتووی ئەو، زۆر لە هی خۆی گەشتر بێت، تەواو وەک ئەو مامۆستایەی، پێی خۆشە قوتابییەکانی لە خۆی زیرەکتر دەربچن، یان وەک ئەو ڕاهێنەرەی دەخوازێت، یاریکەرانی تیپەکەی، گەلێک لە سەردەمیی لاویی خۆی، جوانتر گەمە بکەن.
ڕکابەری، هەر تەنیا لە بواری ئابووریدا ڕۆڵی کاریگەری نییە، لە ژیانی تایبەتی و پێوەندییە ئینسانییەکانمان و خۆشەویستیشدا، کەم و زۆر هەر ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت. ئەوە زادەی ڕکابەرییە، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەین، زۆرترین نامەی دڵداریمان پێ گەیشتووە، سەدان ژووانمان دیتوە و دەیان کەس عاشقمان بووە. ئەوە ڕکابەرییە، وا دەکات، ئێرەیی بەوانە ببەین کە لەم یان لەو بواردا، لە ئێمە سەرکەوتووترن، گاڵتەمان بەوانە بێت، کە زۆر لە دوای خۆمانەوەن. ڕەنگە بە هۆی ڕکابەرییەوە، بڕوا و متمانەمان بە کەسانی دیکە هێندە لاواز ببێت و کار بگاتە ئەوەی، تەنیا و تەریک بمێنینەوە.
خۆشەویستی، تاکە ڕێگەیە، بۆ ئەوەی بە چاکی لە کرۆکی یەکتری تێبگەین. لە گەوهەری یەکتر تێناگەین، تا خۆشەویستی نەکەوێتە نێوانمانەوە، ئاخر تەنیا بە هۆی خۆشەویستییەوە، دەتوانین، تایبەتمەندییەکانی یەکتر بخوێنینەوە. تەنیا کە یەکتریمان خۆش ویست، ئەوسا نهێنییەکانی ناخمان بۆ یەکدی ئاشکرا دەکەین. ئێمە بۆچی باڵاترین زیندەوەرین؟ چونکە توانای ئەوەمان هەیە یەکدیمان خۆش بوێت، چونکە توانای ئەوەمان هەیە، بەدەم هاواری ویژدانەوە بچین، چونکە توانای ئەوەمان هەیە، لە نێوان خێر و شەڕدا، یەکەمیان هەڵببژێرێن، ئەگەر ئەو توانایانە شک نابەین، با خۆمان پێ ئینسان نەبێت.
ڕەنگە سەدان فیلمی ڕۆمانتیکمان دیتبێت و گوێمان لە هەزاران گۆرانیی دڵداری گرتبێت و هێشتایش هیچ لە هونەری خۆشەویستی نەزانین، ئاخر ڕەنگە هەر هەستمان بەوەیش نەکردبێت، کە خۆشەویستی هونەرێکە، دەبێت فێری ببین. ژن، کاتێک سەرنجی پیاو ڕادەکێشێت، کە جەستەیەک بێت لە سۆز، پیاو کاتێک دەچێتە دڵی ژنەوە، کە ڕۆحێکی تەژی لە تۆلێرانس شک ببات. گرنگ ئەوە نییە، بکەوینە نێو دنیای خۆشەویستییەوە، ئەوە گرنگە بتوانین لەو دنیایەدا بمێنینەوە. خۆشەویستی ئەو کاتە دەست پێ دەکات، کە لەناکاو دیواری نێوان دوو کەس بزر دەبێت و وا هەست دەکەن بوون بە یەک، ئەو وەختی بەیەکبوونە، خۆشترین، وەختی ژیانە، ئاخر وەختێکە لە کوشندەترین حاڵەت کە دوورەپەرێزییە، ڕزگارمان دەکات. ئەگەر ئەو هەستە گەرموگوڕەی لە سەرەتاوە، بۆ یەکتری دەردەبڕین، زادەی ئەو دوورەپەرێزییە بێت کە تێیدا ژیاوین، نەک زادەی خۆشەویستی، ئەوە ڕەنگە هێندە نەبات، لە یەکدی بێزار ببین و چرای ئەو هەستە ئاگرینەی نێوانمان، خامۆش ببێت.
با ئازا و بوێریش بین، ئەگەر خۆشەویستی دڵی ئاوەدان نەکردبینەوە، وەک مەحاڵ وایە، لە ژیاندا سەرکەتوو بین. هیچ وەک خۆشویستنی ئینسان بە هانامانەوە نایەت، با لە گەرمەی شەڕێکی نابەرابەریشدا بین، ئەگەر دڵمان تەژی بوو لە ئەوین، ئەوا بێ شک سەردەکەوین. کونفۆشیۆس گوتوویەتی: ئەوی خەڵکی خۆش نەوێت، بە چاوپۆشین لەوەی لە هەلومەرجێکی سەخت یان خۆشدا، ژیان بەسەر دەبات، تەمەنی درێژ نابێت. بە لای ئەو مامۆستایەوە، تەمەن ئەو بایەخەی نەبووە، ئەوەتا دەڵێت: ئەگەر دانی بەیانی ڕێی خۆشەویستیمان دۆزییەوە، ئیدی ئەوە هیچ گرنگ نییە، ئەگەر تاقی ئێوارە بمرین. لە ڕوانگەی کۆنفۆشیۆسەوە، ئەگەر ئینسانمان خۆش بوێت، کاری خراپمان لێ ناوەشێتەوە و ئینسانی چاک لە لووتکەی نائومێدیشدا، خراپ هەڵسوکەوت ناکات.
تەنیا ئەوانە نەمر دەبن کە ئینسانیان خۆش ویستووە. لای کۆنفۆشیۆس: (خۆشەویستی ئەوەیە، لە ماڵی خۆماندا، لەگەڵ میواندا چۆن ڕەوتار دەکەین، لە دەرەوەیش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەم و ئەودا هەڵسوکەوت بکەین. خۆشەویستی ئەوەیە، پێمان خۆشە ئەو خەڵکە لەگەڵماندا چۆن بن، ئێمەیش لەگەڵ ئەو خەڵکەدا وابین. ئەوی ئینسانی خۆش بوێت، کەسێکە ئازا، بەڵام مەرج نییە، هەموو ئازایەک، ئینسانی خۆش بوێت. کەسێک مەعدەنی پاک بێت، هەرگیز لە پێناوی ئامانجی تایبەتیی خۆیدا، دەستبەرداری خۆشویستنی ئینسان نابێت.)
ئەگەر خۆری خۆشەویستی لە نێوان خەڵکدا ئاوا ببێت، شەوەزەنگی ڕق جێی دەگرێتەوە. خۆشەویستیی پاک، هیچ مەبەستێکی لە دواوە نییە، ئەوی ژیانی بۆ خۆشویستنی ئینسان تەرخان دەکات، نە بەو مەبەستە دەیکات، شانازییەکی گەورە بۆ خۆی تۆمار بکات، نە مەبەستی پەیداکردنی ناوبانگە. خۆشەویستی دژی ئەوەیە، قسەی ئەم، بۆ ئەو ببەین، ئاخر (ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە بزانێت، کەسە نزیکەکانی چی لە بارەیەوە دەڵێن، ڕەنگە ئەوسا لە وڵاتێکدا بۆ دوو دۆستی بەوەفا بگەڕێین، بۆمان پەیدا نەکرێن.)
وەک چۆن ئێمە بێجگە لە نیشتمانی خۆمان، دەشێت وڵاتێکی تریشمان هەبێت و ناوی نیشتمانی دووەمی خۆمانی لێ دەنێین، هەروایش منداڵەکانمان هەر خۆمانن، بەڵام خۆمانی دووەم. ئەوی منداڵی خۆی خۆش بوێت، زەبروزەنگ لە دژی بەکار ناهێنێت، ئاخر نواندنی توندوتیژی، لە بڕوابوون بە کۆیلایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت و هەرگیز زادەی خۆشەویستی نییە. خۆشەویستیی دایک و باوک بۆ منداڵ، بەهێزترە لە خۆشەویستیی منداڵ بۆ دایک و باوک. ئەرەستۆ دەڵێت: (تۆ کە چاکە لەگەڵ کەسێکدا دەکەیت، ئەوە بەو مانایەیە کە خۆشەویستیی تۆ بۆ ئەو، زیاترە لە خۆشەویستیی ئەو بۆ تۆ. خۆشەویستیی نێوان خاوەنقەرز و قەرزداریش بە هەمان شێوەیە، خۆشەویستیی یەکەمیان بۆ دووەمیان، قووڵترە لە هی دووەمیان بۆ یەکەمیان.) لای خوداناسان، ئەوەیش مشتومڕ هەڵناگرێت کە خۆشەویستیی خالیقیش بۆ مەخلووق، گەلێک زیاترە لە هی مەخلووق بۆ خالیق.
دەشێت دایک ئەگەر چەند منداڵێکی هەبێت، هەموویانی وەک یەک خۆش نەوێت، لە حاڵەتی وەهادا، دایک هێندە دلۆڤانە، ئەوەیانی زیاتر خۆش دەوێت کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، نوقسانە. سولەیمانی حەکیم گوتوویەتی:(منداڵی عاقڵ، باوکی دڵخۆش دەکات، بەڵام هی گێل، دایکی خەمبار دەکات.) ئەگەر دایک دلۆڤان نەبووایە، چی زیندەوەرە، بەرەو ڕووی فەوتان دەبووەوە، ئەگەر منداڵیش باوک و دایکی خۆی خۆش نەویستبا، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دروست نەدەبوو. ئەوە خۆشەویستیی پاکی منداڵان بوو بۆ دایک و باوکیان، هانی دان بەجێیان نەهێڵن و ئیدی بەو جۆرە خێڵ سەری هەڵدا و گەشەی کرد.
ئەوانەی زێدەڕۆیی لە خودی خۆ خۆشویستندا دەکەن، کەم و زۆر زیانیان بۆ کۆمەڵ هەیە، بۆیە وا باشە بتوانین هاوسەنگی لە نێوان خۆخۆشویستن و بەجێگەیاندنی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕابگرین و وەفامان بەرانبەر بە خۆمان، تا ئەو ئاستە بێت، کە ستەم لەوانی دیکە نەکەین. ئەوانەی تەنیا خۆیان خۆش دەوێت، لەو مشکانە دەچن کە هەر ئەو خانووەی تێیدا دەژین، خەریک بوو بڕووخێت، دەستبەجێ جێی دەهێڵن. ئەرەستۆ دەڵێت: ئەوەی دوورەپەرێز بژی، یان ئاژەڵی کێوییە، یان خوداوەند. نەرسیس کە هەر خۆی خۆش دەویست، دوورەپەرێز دەژیا و لەگەڵ کەسدا هەڵی نەدەکرد. کەسانی خۆویست، لە کۆمەڵێک ناکۆکیدا دەژین، جارێک درۆزنن، جارێکی تر ڕاسبێژ، کەڕەتێک دلۆڤانن، کەڕەتێکی تر دڵڕەق، ماوەیەک شەیدای ناوبانگن، ماوەیەکی تر بە دوای ساماندا وێڵن.
ئەوی هەر خۆی خۆش بوێت، پێی وا دەبێت، مرۆڤایەتی لە خۆیدا چڕ دەبێتەوە. پاسکاڵ دەڵێت: ئەوە خراپە، ئینسان خاوەنی چەندان خەوش بێت، وەلێ لەوە خراپتر ئەوەیە، ددان بە هەبوونی خەوشەکانیدا نەنێت. لای پاسکاڵ نابینا، کەسێکە خەوشی خۆی نەبینێت و خۆی پێ خوداوەند بێت. فرۆید پێی وایە، ئەگەر هاوسەنگیی لەبیدۆی ئینسان تێک بچێت، وەک نموونە ئەگەر هاوڕەگەزباز بێت، ڕەنگە زیاد لە پێویست خۆی خۆش بوێت. دەشێت ئەم خۆخۆشویستنە لای تاوانبارانیش هەبێت، بە تایبەتی ئەوانەیان کە ددان بە تاوانەکانی خۆیاندا نانێن و خۆیان بە غەدرلێکراو دەزانن.
لە شاری گەورەدا، دوورەپەرێزیی گەورەیش هەیە، خەڵکەکە هێندە لە یەکدییەوە دوورن مەحکوومن بە دوورەپەرێزی. ئەو خۆشەویستی و دۆستایەتی و هاوسێیەتییە گەرموگوڕەی لە شارێکی بچووکدا هەیە، لە شاری گەورەدا شوێنەواریشی نەماوە. فیساگۆرس دەڵێت: دڵی خۆت بەر قەپاڵ مەدە! ئەوی تەنیا و دوورەپەرێز بژی و کەسی دەست نەکەوێت، هەستی خۆی بۆ دەرببڕێت و دڵی خۆی بۆ بکاتەوە و هەر خۆی بخواتەوە، وەکوو ئەوە وایە، گۆشتی خۆی بخوات. ئەگەر خۆشەویستیی ڕاستەقینە شتێکی دەگمەن بێت، ئەوا هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە دەگمەنترە.
ژن پێی خۆشە نزیکترین هاوڕێی، پیاو بێت، پیاویش پێی خۆشە نزیکترین هاوڕێی، ژن بێت، ئەم جۆرە پێوەندییە، ڕەنگە خۆشەویستی نەبێت، بەڵام دۆستایەتییش نییە، پێوەندییەکی دیکەی تایبەتە. تێپەڕبوونی زەمان، ڕەنگە دۆستایەتی بەهێز بکات، بەڵام خۆشەویستی لاواز دەکات. ئینسان لە خۆشەویستیدا لە هەڵەی خۆشەویستەکەی دەبوورێت، بەڵام لە دۆستایەتیدا کەمتر لێبوردنی هەیە. دەڵێن ژن دۆستایەتی ناکات، ئیللا مەگەر بڕێک لە هەستی خۆشەویستیی بۆ قەرز بکات. ئەوە لووتکەی بەختەوەرییە بۆ پیاو، ئافرەتێک بناسێت، هەم یاری بێت و هەم یاوەری.
نە پیاو توانای ناسینی پیاوی هەیە و نە ژنیش بە تەواوی ژن دەناسێت، ئاخر هەندێک لایەنی پیاو هەیە، تەنیا ژن دەیبینێت و هەندێک لایەنی ژنیش هەیە، تەنیا پیاو دەیبینێت. زۆر پیاو کە ڕەنگە لە ڕوانگەی پیاوانەوە، کەسانی بەختەوەر بن، دەشێت لە ڕوانگەی ژنەکانیانەوە، مایەی بەزەیی پێدا هاتنەوە بن. زۆر ژنیش کە ڕەنگە دەستەخوشکانیان ئێرەیییان پێ ببەن، دەشێت ئەگەر باش بیانناسن، بۆیان بدەنە پڕمەی گریان.
کە ڕێمان دەکەوێتە ناو کەسانێکەوە و هیچ کامیان لە نزیکەوە ناناسین، شەرم دەکەین و دەشڵەژێین، بەڵام هەر کە لە ماوەیەکی کورتدا یەکێکیان دەبنە دۆستمان، ئیدی تەمی شەرممان دەڕەوێتەوە و متمانە بە خۆمان پەیدا دەکەین. دەشێت ئەو دۆستایەتییە کە لەو شڵەژانە قوتارمان دەکات و وامان لێ دەکات بکرێینەوە و بە بڕوا بە خۆ بوونەوە، ناخی خۆمان دەرببڕین، تەمەنێکی درێژی هەبێت و بە تەواوبوونی دانیشتنەکە، تەواو نەبێت. دەشێت دۆستایەتیی وەها، لە نێوان ژن و پیاویشدا سەر هەڵبدات و پاڵنەری پێویستیی ئێرۆسیی لە دواوە بێت و تا ئاستی وەچەخستنەوەیش بڕوات. خۆشەویستییەک کە زادەی پێویستیی ئێرۆسی بێت، نە لەگەڵ دۆستایەتییەکی قووڵدا ناکۆکە، نە لەگەڵ خۆشەویستیی ڕۆحیدا، بۆیە دەشێت تەمەنێکی هێندە درێژی هەبێت کە بتوانین ناوی بنێین، خۆشەویستیی تەمەن.
ئەوە خۆشەویستی نییە کە لاوێکی سەرچڵ، تەنیا بیر لە خۆشییەکانی خۆی بکاتەوە و هیچ گوێ بە ژیانی خۆشەویستەکەی نەدات و لە گەلێک ڕووەوە زیانی پێ بگەیەنێت، ئاخر خۆشەویستی هەمیشە خێری بۆ ئەوی دی دەوێت و شەڕی لێ ناکەوێتەوە. هەندێک خۆشەویستیی درۆزنە هەیە، سەرەتا بە گوڕ و تینەوە دەست پێ دەکات، بەڵام هێندە نابات، بە ڕقێکی ئەستوور کۆتایی دێت. کە بە برینداری لە پێوەندییەکی خۆشەویستی دێینە دەرەوە و بۆ ساڕێژکردنی برینەکەمان، بە پەلە پێوەندییەکی تازە، دادەمەزرێنین، ئەوە چاوەڕوانکراوە، بە برینی نوێوە، لەم پێوەندییە تازەیەش بچینە دەرەوە.
خۆشەویستی هەستێکی سەیرە، ڕەنگە قووڵترین (خۆشەویستی) بە ئەستوورترین ڕق دوایی بێت. مەرج نییە ئەو (خۆشەویستی)یەی درێژەی هەیە، هەستێکی گەرموگوڕ درێژەی بە تەمەنی دابێت، ئاخر دەشێت، لە خۆشەویستی دەرچووبێت و وەک بەجێگەیاندنی داوایەکی سەپێندراوی لێ هاتبێت. خۆشەویستی، سۆزێکە، ئەگەر هەمانبوو، ناتوانین بیشارینەوە، ئەگەر نەمانبوو، ناتوانین بیبەخشین. جاری وا هەیە، خۆشەویستی شکۆمان هێندە بریندار دەکات، کە لێی ڕزگار دەبین و بیری لێ دەکەینەوە، شەرممان بە خۆمان دێت.
گیانلەبەرێک هەیە، هیچی لە دەست نایەت و بەردەوام دەزیکێنێت، زیکزیکە هەموو هێزی خۆی لە زیکەزیکدا کۆ دەکاتەوە. جەنگاوەری دێرینی وایش هەیە، بە قووڵایی تەمەندا ڕۆ چووە و لەسەر گێڕانەوەی سەروەرییەکانی دەژی، تەواو وەک ئەوانەی دڵیان لە ئارەزووی سێکس تەژییە، بەڵام چونکە پیری بە پیریانەوە هاتووە و کاروانی دڵداری بەجێی هێشتوون، هەمیشە سەرچڵییە دڵدارییەکانی ڕابردوویان دەگێڕنەوە. لایەنی هاوبەشی ئەو جەنگاوەرە دێرین و عاشقە بە ساڵدا چووانە، سەرقاڵبوونیانە بە زیکەزیککردنەوە. ئەم بەزیکزیکەبوونە، بۆ ژن کە تەمەنی هەڵدەکشێت و بەردەوام باسی جوانییەکانی تافی لاویی خۆی دەکات، گرانتر ڕادەوستێت، ئاخر هەم دەبێتە جێگەی پێکەنین و هەم مایەی بەزەیی پێدا هاتنەوەیش.
نووسەری فەرەنسایی لارۆشڤۆکۆ (١٦١٣ _ ١٦٨٠) دەڵێت: (خۆشەویستی یەک جۆری ڕاستەقینەی هەیە، جۆرە زۆر و زەبەندەکانی دیکەی هەموویان ساختەن. خۆشەویستی وەک ئاگر وایە، هەر کە هێور بووەوە، دەمرێت. خۆشەویستی وەک جنۆکە وایە، هەموومان باسی دەکەین، بەڵام بە دەگمەن کەسێکمان چاوی پێی کەوتووە.) کە دوو ئەویندار لە یەکدی جیا دەبنەوە و دواتر دیسان تێ هەڵدەچنەوە، وەک مەحاڵ وایە، هێندەی یەکەم جار، یەکدییان خۆش بوێتەوە. ئەوە ئاسانە، ئەوانە خۆشیان بوێین کە پێمان سەرسامن، گران ئەوەیە، ئەوانە خۆشیان بوێین کە پێیان سەرسامین. لایەنی هەرە گەشی خۆشەویستی ئەوەیە، ئەوی ئەویندار بێت، لێبوردەیش دەبێت. ئەوە ئەویندار نییە کە هەڵە زلەکانی خۆی نابینێت، بەڵام لە هەڵە گچکەکانی ئەوی دی نابوورێت. عاشق دەشێت، کەسێکی شێتئاسا بێت، بەڵام گێلئاسا نابێت.
پیاو پێی باشترە، خۆشەویستەکەی فریوی بدات، نەک ڕاستییە تاڵەکانی بۆ بگێڕێتەوە. ژن گەورەترین خراپەی لەگەڵدا بکەیت، ڕەنگە زوو لێت ببوورێت، بەڵام بچووکترین ناپاکیی لێ بکەیت، ئەستەمە لە بیری بچێتەوە. ژن، تەنیا ئەو کاتە، باسی ناپاکییەکانی دۆستە کۆنەکەی دەکات، کە خۆی دۆستێکی تازەی گرتبێت. هیچ ئازارێک هێندەی ئەو ئازارە بەسوێ نییە، کە ئەویندارێک هەست بکات، خۆشەویستەکەی ناپاکیی لێ دەکات، ئەو ئازارە هێندە سەختە، ئەگەر کۆتایی بە ژیانی عاشقی دڵبریندار نەهێنێت، ئەوا کۆتایی بە چیرۆکی خۆشەویستییەکەی دەهێنێت. خۆشەویستی و بەگەڕ خستنی عەقڵ دانوویان پێکەوە ناکوڵێت، تا زیاتر عاشق ببین، کەمتر عەقڵ دەخەینە گەڕ، ئەوە بۆیە کە ئاگری خۆشەویستی کز دەبێت، ئەوسا ئەویندار، خەوشەکانی خۆشەویستەکەی دەبینێت. ئۆرفیۆس، گۆرانیبیژێک بوو، کە لە ناخەوە گۆرانیی خۆشەویستیی دەگوت، بەرد لە جێی خۆی دەبزوا، شەپۆل هێور دەبووەوە، ڕووبار دەوەستا و درەخت تا باشتر گوێبیست بێت، لقی شۆڕ دەکردەوە. ئەگەر عاشق بیت، بێ یەک و دوو، باوەڕ بەم ئەفسانەیە دەکەیت.
*
(١) کلایف ستیبز لویس، الحب، التعلق،
(٢) لون یوی، القرن الخامس قبل المیلاد.
(٣) میشیل دی مونتین، محاولات.
(٤) فرنسیس بیکون، عن الأهل والأبناء.
(٥) فرانسو دی لاروشفوکو، حکم وتأملات أخلاقیة.
(٦) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الثاني، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.