ئازادیی ژن

ئازادیی ژن

نووسه‌ر :رێبوار سیوەیلی

بەشی سێیەم لە وتاری ژنی ئازاد و ئازادی ژن
چەمكی ئازادیی ژن ئاماژەیە بە پەیوەندیی ئازادی و ژن، ئەو كاتەی ئازادیی بۆتە شێوەژیانی كۆمەڵگا و ژنیش سوودمەندە لەم ئازادییەی، كە ئازادییە بۆ هەر تاك و گرووپێكی كۆمەڵایەتی تر. ئازادیی ژن، چەمكێك، یان بیرۆكەیەك، یاخود سەرەتا و هەنگاوێكی سەرەتایی نییە بۆ ئازادكردنی ژن، لە پێش ئازادبوونی ئەوانیترەوە. لەبەر ئەوە نابێت ئازادیی ژن، وەك ئیمتیازێك لێكبدرێتەوە، كە پێش هەمووان ئەم ئازادییە بۆ ژن دابیندەكرێ و ئەمەش بكرێتە درووشمێكی خێرخوازانە بەسەر ژنانەوە. ئەم ئازادییە بارودۆخێك نییە پیاو، حكومه‌ت، یان نێرینەش بۆ ژن و مێیینەی دابین كردبێ، بەڵكو ئەمە ئازادییەكە، كە ژنی ئازاد لە بەرهەمهێنان و دابینكردنیدا بەشدار بووە و ئەمە ئەو بەشەی بەرهەمی شێوە ژیان و خەباتی ژنی ئازادە، كە تیایدا ئازادییەكەی سوودی گشتیی و بەرژەوەندیی گشتی دەهێنێتە بەرهەم. ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە، كە ژنی ئازاد لە هەمان كات و لە درێژەی خەباتی خۆیدا بۆ ئەوەی ئازادیی بكاتە شێوەژیانی خۆی، هەوڵیش دەدات ئازادیی ببێتە شێوەژیانی گشت كۆمەڵگا و لە ئازادیی بۆ یەكڕەگەزەوە دەیكاتە ئازادیی بۆ گشت و بۆ هەمووان.
ژنی ئازاد هەمیشە لەگەڵ پیاوی ئازاد هاوبەرژەوەند و هاوخەبات بوون. بۆیە ئەوكاتەی ئازادیی ڕاستەقینە و ئازادیی گشتی دەبێتە ئامانجی تێكۆشانەكان، ڕەگەز نە دەبێتە پێوەر بۆ مەرجی بەشداربوون و نە دەشبێتە پێوەر بۆ بە قارەمانبوونی ڕەگەزێك و خستنەپەراوێزی ڕەگەزەكەی ترەوە، وەكئەوەی سیستەم و كولتووری نێرسالاری كردویەتی. نابێت ژن پێی خۆش بێت ئەوەی لە مێژووی چەوساندنەوە و سـەركـوتـانـەوە و چـەپـانـدنی خۆیدا بەسەری هاتووە، بەسەر پیـــاویشدا بێت، چونكە ئەم خواستە جگە لە بەرز ڕاگرتن و بە پیرۆزكــردنی پێكـــــهێنەرێـــكی نێــرایەتی، كە بریــتــیــە لە (تۆڵەكردنەوە) و ئەمەش بەشێكە لەو میكانیزمانەی نێرسالاری بەهۆیانەوە، ژن بەنێرینە دەكات و دەیمژێتە ناو مێژووەكەی خۆیەوە، ئاواش زیانێكی گەورە لە ئامانجی ئەو ئازادییە گشتییە دەدات، كە ژنی ئازاد خەباتی بۆ دەكات و دەیەوێ لەگەڵ خەباتكارانی تری كۆمەڵگاكەیدا بیكاتە فەزایەك بۆ ئازادیی ژن و ئازادیی هەمووان.
ئازادیی ژن هیچ خەسڵەتێكی ژن و مێیینەیی ناكاتە پێوەر بۆ سوودمەندبوون و نەبوونی ڕەگەزەكەی تر لەو ئازادییە. ئەوەی لە ئازادیی ژندا پێوەرە، ئازادیی خۆیەتی وەك ئەوەی ئازادییە بۆ هەمووان. لەبەر ئەوە ڕەگەز، لە فەزایەكدا كە ئازادیی ژن هەیە، تەنیا لە ئاستی جەستەییدا دەمێنێتەوە و ئەمەش ئاماژەیە بە جیاوازییە بایۆلۆجیی و سرووشتییەكان، بایی ئەوەش پێویستە ڕەگەز لەسەر ئاستی كولتووری و یاسایی كاڵبێتەوە و لاواز بكرێت، چونكە ئەگەر ڕەگەز لە ئاستی كولتووری و یاساییدا كرایە پێوەر، ئەوە بە مانای ئەوەیە هێشتا ئەو ئازادییە نەهاتووە و هێشتا چەوساندنەوە و جیاكارەیی ڕەگەزیی ماوە. ئازادیی ژن فەزایەكی كۆمەڵایەتییە كە تیایدا ژن وەك تاكەكەس و خودێتی و كەسایەتی ئامادەیی هەیە، نەك وەك ڕەگەزە بایۆلۆژی و جەستەییە ڕووتەكەی، كە لە زۆرینەی كۆمەڵگا مێژووییەكاندا سەرچاوەی چەوساندنەوە و بە مێیینەهێشتنەوەی بووە و ئەمەش ڕێگای تەخت كردووە بۆ ڕەگەزیی نمونەیی و ڕەگەزی باڵا، تا بەو شێوەیە وێنای ژن بكات، كە سەرچاوەی بچووككردنەوە و چەوساندنەوەیەتی.
كەسێتی ژنی ئازاد مەرجی وەدیهاتنی ئەو بەشەیە لە ئازادیی بەشێوەیەكی گشتی، كە تیایدا گشت كەسێكی تر ئازادە. ئەو ئازادییە ئازادییە بۆ هەمووان و ئازادییەكە هەمووان لە خەباتیاندا بۆ ئازادی، هێناویانەتە دی. ژنی ئازاد لە فەزایەكدا كە ئازادیی ژن هاتۆتە دی، كەسێك نییە بە ئەوانیتر بڵێت: «تۆ لە وەدیهێنانی ئازادیدا بەشدار نەبوویت»، وەكئەوەی لە گوتاری سیاسیی دوای ڕاپەڕین و لە كولتووری حزبە كوردییە چەكدارەكاندا ببووە باو: «تۆ لە شاخ نەبوویت و تۆ پێشمەرگایەتیت نەكردووە!».
پەیوەندیی ژن و ئازادی:
پەیوەندیی ژن و ئازادیی و ئازادیی و ژن، پەیوەندییەكی خاوەندارانە نییە، بەڵكو پەیوەندییەكی پەیوەستدارانەیە (Relational). په‌یوه‌ندیی په‌یوه‌ستدارانه‌ به‌و په‌یوه‌ندیه‌ پێناسه‌ ده‌كرێ، كه‌ تیایدا كه‌سێتی مرۆڤانه‌ی مرۆڤ ئاماده‌یی هه‌یه‌، نه‌ك پێگه‌ی مرۆڤانه‌ له‌ ئاست یه‌كتردا. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ جه‌وهه‌ری مرۆڤبوون ده‌كرێته‌ پێوه‌ر له‌ وه‌ده‌ستهێنانی ماف و ئه‌ركدا، نه‌ك ڕه‌گه‌ز و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و فه‌رمییه‌كه‌ی. ئه‌م وانه‌یه‌ له‌ ئه‌خلاقی گوتاریانه‌ی هابرماسه‌وه‌ فێربووین، كه‌ هه‌مووان له‌ پێكهێنانی نۆرمه ئه‌خلاقییه‌كاندا مافی به‌شداربوونی یه‌كسانیان هه‌یه‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌زیی و پێگه‌كانیان، له‌ گفتۆگۆیه‌كی ئه‌خلاقیدا. بۆیه‌ ‌لە هەموو په‌یوه‌ندییه‌كی پەیوەستدارەكاندا، سۆژە و جەوهەر، یان سۆژە و بەها، پێناسەی یەكتر دەكەن.
بەمجۆرەش ژنبوون پەیوەستە بە ئازادییەوە، و ئازادییش بە ئازادیی ژندا، لە ئازادیی تاكڕەگەزییەوە دەبێتە ئازادیی بۆ گشت ڕەگەزێك و ئازادیی بۆ هەمووان وه‌كئه‌وه‌ی مرۆڤن. لەگەڵ ئەوەشدا كە ژنی ئازاد پێشمەرجێكە بۆ هاتنە دی ئازادیی ژن، كەچی جیاوازییەكی بنەمایی لە نێوانیاندا هەیە: ژنی ئازاد پەیوەندیی ژن و ئازادییە لە ئاستی ئۆنتۆلۆژیكدا و بوونی كەسایەتی و خودێتی ژن وەك خودێكی بیركەرەوە، وه‌ك مرۆڤێك، دەبەستێت بە ئازادییەوە و ئازادی ناخاتە دەرەوەی بوونی ژنەوە وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زێكه‌.
لەكاتێكدا ئازادیی ژن، پەیوەندیی ئازادیی و ژن، پەیوەندییەكی مەرجدارە و لەسەر بوونی ئازادییەوە بۆ ژن بەندە. بەمجۆرەش دەتوانین بڵێین: پەیوەندیی ژن و ئازادیی لە ئاستی ئۆنتۆلۆژیكدا پەیوەندییەكی یەكایەتیانەی پەیوەستدارانەیە و پەیوەندییە لە ئاستی ناخه‌كیی و جەوهەریی و بنەماییدا، نە ژن بەبێ ئازادی هەیە، نە ئازادیش لە دەرەوەی ژن دەبێت.
لەكاتێكدا پەیوەندیی ئازادیی بە ژنەوە، پەیوەندییەكی دەرەكییە و پەیوەستە بە كات و شوێنەوە: مەرج نییە لەو شوێنەی ئازادیی هەیە، ژن ئازاد بێت، ئەگەر لەو كاتەدا ژنی ئازاد بوونی نەبێت. ژنی ئازاد گەرانتێكە بۆ هەبوونی ئازادیی ژن، ئەگەر ئەم گەرانتە نەبێت، ئەوە بۆی هەیە ئازادیی لە شێوەی ئازادیی چەوساندنەوە و ئازادیی بەكاربردن و ئازادیی بازرگانیكردن و ئازادیی كوشتن و ئازادیی حەرامكردن و ئازادیی فرەژنی و ئازادیی ڕووتكردنەوە و ئازادیی داپۆشینی ژندا به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه‌، هەبێت. ئەمە ئەو جۆرە ئازادییانەن كە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی كوردستان و عێراقدا پراكتیزە دەكرێن، كە نە ئازادین بۆ ژن و نە ژنی ئازاد تیایاندا بوونی هەیە، ئەمە ئازادییەكە، كە یاساكان و بەرهەمهاتنەوەی بەردەوامی نەرێت و نۆرمە كۆمەڵایەتیە تەقلیدیەكان بەرهەمیان هێناون، تا لە سایەیدا بتوانن بە جۆرەها شێوە بەردەوام بن لە چەوساندنەوەی ژن.
لە جیاتی ئەنجام:
ئەوەی كە لە عێراق و هەرێمی كوردستانی پۆست سەدام حوسەین و داگیركاریی ئەمەریكیدا بینیمان و دەیبینین، فۆرمە ژیانێكی ڕزگارییە نەك شێوەژیانێكی ئازاد. لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا و بەشێوەیەكی دانپیانراو، نە ژنی ئازاد و نە ئازادیی ژنمان نییە. بۆ ئەوەی باشتر لەمە تێبگەین، نمونەی ئێران دەهێنمەوە: لەكاتێكدا كە لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئازادیی ژن بەدی ناكرێت، بەڵام ژنی ئازادمان هەیە. لە پشت بزووتنەوە سێكسگەراكارانی كچانی ئێرانەوە، لە پشت چالاكیی و پرۆتێست و یاخییبوونەكانیانەوە، لە پشت داهێنانەكانیانەوە، له‌ پشت مافی ده‌نگدانه‌ ملیۆنیه‌كانیانه‌وه‌، خودێكمان هەیە كە بیركردنەوەی لە كەسایەتی خۆی و لە ڕێرەوی خەباتیدا بۆ سەلماندنی شوناسی خۆی، هاندەریی سەرەكییەتی. ئەوەی ژنی ئێرانی لە ژنی ناوچەكانیتر جیادەكاتەوە، هووشیارییەتی لە ئاست كەسایەتی و جەستە و دەسەڵاتی خۆیدا، كە دەتوانێت نۆرمی خۆی لە كۆمەڵگادا بسەپێنێ و ببێتە فاكتەر و هێزێكی كۆمەڵایەتی گوشارهێنەر بۆسەر سیستەمی سیاسی، بەبێ ئەوەی لەم خەباتەیدا هەمیشە پێویستیی بە ئەندامبوون هەبێت لە فۆرمەكانی ڕێكخستنی نێرینەدا.
بەڵام لە عێراق و هەرێمی كورستاندا هاندەریی هەر چالاكییەكی ژنان، بەخودبوونی كەسایەتی ژن نیە كە دەبێتە بەگەڕخەری چالاكییەكانی، بەڵكو باڵادەستیی ئایدیۆلۆژیا جیاوازەكانن كە خزمەت بە فۆرمەكانی ڕێكخستنی نێرینە دەكەن. ئەم فۆرمانەی ڕێكخستن لەلایەكەوە، توانیویانە وزەی ژنان لە خزمەت ئامانجەكانی خۆیاندا، بخەنە گەڕ و لەلایەكەی تریشەوە سەركەوتنێكی ڕێژەییان لە بەپیاوكردن و بەنێرینەكردنی ژناندا بەدەستهێناوە. ژنی ئازاد لە ئێراندا توانیویەتی بەردەوام ئازادیی ژن بە بیری ئێرانییەكان بهێنێتەوە و بیكاتە هەڕەشەیەك بەسەر ئایدیۆلۆژیای دینسالار و پیاوسالاری شیعەوە، لەكاتێكدا ئەو ئازادییەی لە عێراقی پۆست سەدام حسەیندا بانگەشەی بۆ دەكرێ نەیتوانیوە ژنی ئازاد بەرهەم بهێنێ و بوار بۆ ژنی ئازاد بسازێنێ تاكو بیر لە ئازادیی ژن، لەدەرەوەی ئازادیی مەرجداریی نێرسالاریی، بكاتەوە. سه‌رژمێرییه‌كانی، به‌ ڕووپۆشكردنی نانی زانكۆ و دائیره‌كان له‌ هه‌رێم و عێراقدا، ڕێژه‌ی پۆسته‌كان، پله‌كان، به‌شداریه‌كان و له‌وه‌ش خراپتر ژماره‌ی ده‌ستبۆبردن، خۆسووتاندن، كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستانی پۆست سه‌دام حوسێندا به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه‌ نه‌ نی ئازاد و نه‌ ئازادیی ژن نه‌بۆته‌ به‌شێك له‌ واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
لەبەر ئەوە، (ئەمەش ئەنجامێكی كەمێك تاڵ و ناخۆشە، كە لە كۆتایی ئەم لێخووردبوونەوانەدا دەخرێتە ڕوو)، ڕاستەقینەی بوونی ژن لەم هەرێم و وڵاتەدا تاڵترە لە هەر شوێنێكی تر: پێویستە ئەوان لە دوو بەرەی پێشەوەی جەنگدا خەبات بكەن: هەم بە ئاراستەی بوونە خود و بوونە كەس و بوونە ژنێكی ئازاد، هەم بە ئاراستەی وەدیهێنانی ئازادییدا بۆ ژن. هەم بە خۆ ڕزگاركردن لە فۆرمەكانی ڕێكخستنی نێرسالاری و هەم بە خۆڕێكخستنەوە لە فۆرمی ڕێكخستنی ژنانەییدا. هەم بۆ خۆ ئازادكردن لە مەرجەكانی ئەو ئازادییەی پیاوسالاری وەك دۆزەخێك پێشكەشیی كردوون، هەم بە ئاراستەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ نێرینە و پیاو، لەو ئازادییە گشتییەدا كە پێویستە بیهێننە دی و جێگەی پیاویشی تێدا ببێتەوە.
یەك شت مایەی دڵخۆشییە: ئەگەرچی بەردەوام نێرینە وەك براوەكەی ناو واقیع خۆی ناساندووە، بەڵام هێشتا مێژوو، هیچ ئەنجامێكی سەركەوتنی بۆ كەس ڕانەگەیاندووە. ئەوەی كە مەعلومە ئەوەیە، مێژوو بۆ یەكەمجارە لەم هەرێمەدا دەرفەتی بە ژنان داوە لەو جەنگەدا بەشدار بن و تا ئەو جەنگەش كۆتایی پێنەیەت قارەمانە سەرەكییەكە دەرناكەوێت. بۆیە ژنان بوار و دەرفەتی بوونە قارەمانیان لەبەردەمدایە، ئەگەر هات و بوونی خۆیان لە بوونێكەوە بۆ پیاو، گۆڕی بۆ بوونێكی ئازادانە و وەدیهێنانی ئازادیی بۆ ژن. ئەوكاتەش مێژوو لەسەرەتاوە و بە شێوازێكی تر دەنووسرێتەوە. ئەمجارەیان لە ڕوانگەی ژنی ئازادەوە، كە لە هەمان كاتیشدا گەرانتە بۆ ئازادیی بۆ هەمووان و بۆ گشت كەسێكیتر..


* سەرۆكی بەشی فەلسەفە كۆلیژی ئەدیبات زانكۆی سەڵاحەدین
Top