ە ئێستادا خەونم بردنەوەی خولی كوردستانە

شێوە عارف یاریزانی تۆپی پێی ئافرەتانی سۆران
ە ئێستادا خەونم بردنەوەی خولی كوردستانە
كەركووك یەكێك لەم پارێزگایانەی كوردستانە كەخاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەهرەمەندە و بەتوانان لە یارییە جۆراوجۆرەكان كە ئاست و توانایان بەرزە لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان، لەم شارەش گرنگی زۆر بە یاریی تۆپی پێی كچان دەدرێت بەشێك لە یاریزانانی ئەو شارەش بۆ دەرەوەی یانەكانی شارەكەی خۆیان یاری دەكەن و جێگای دەستیان دیارە، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی شارەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش ئەویش كچە یاریزان شێوە عارف-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2008ی پارێزگای كەركووكە و ئێستا یاریزانی یانەی ئافرەتانی سۆرانە لە خولی نایابی كچانی یانەكانی كوردستان، پێشووتریش یاری بۆ یانەكانی چیای شاری سلێمانی و پێنجوێن و هەڵبژاردەی لاوانی عێراقی بۆ خوار 18 ساڵ كردوە،ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* چۆن بوو بڕیارتدا یاری تۆپی پێت هەڵبژێریت؟
- چونكە ئاشقی ئەو وەرزشەم و شەڕی دۆڕان و بردنەوە وایكردووە هەرگیز لێی بێزار نەبم.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكییە؟
- بێگومان هەمیشە هەوڵی بوون و بە باشترین و براوە وایكردوە بە چێژتر ببێت.
* بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویست دا نییە؟
- هۆكارەكەی بۆ بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان دەگەرێنمەوە كە گرنگی بە تۆپی پێی كچانی كوردستان نادەن، زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی پیاوان دەدرێت.
* هەست ناكەی ئەم یارییە بۆ ئاستی كچان لە شارەكانی كوردستان پێشوازی باشی لێ نەكراوە ؟
- بێگومان بە بەراوردی تۆپی پێی كوڕان وەرزشی كچان گرنگییەكی بەرچاوی پێ نادرێت ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی كچان بە شێوەیەكی زۆر نەهێنە نێو ئەم یارییە.
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی؟
- یاری فوتساڵ بە بەراورد لە تۆپی پێی لە وەرزشی كچاندا زیاتر گرنگی پێ دەدرێت نەك لە یاریگای گەورەی یازدە یاریزانی، فوتساڵ زیاتر بایەخی هەیە.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- ڕاگەیاندن كاریگەری زۆری هەیە بۆ بەناوبانگ كردن و ناساندنی تۆپی پێی خانمان لە كوردستان و هاندانی كچانی دیكەش بۆ ناو ئەم یارییە جوانە،بۆیە دەبێ بەهەمووان هاوكار و پاڵپشت بین بۆ ئەوەی كچانی زیاتر ڕوو لەم یارییە بكەن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-لە ئێستادا تەنها چاومان لە سەر خولی كوردستان و بردنەوەیە كە سوپاس بۆ خوای گەورە تیمەكەمان توانای بردنەوەی هەیە و لە داهاتووشدا هەوڵی بەرەوپێشچوون دەدەین و پشت بەخوا هەموو شتێك ئاسانە.
*لە دوو خول بەشداری دەكەی لە كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
-خولی عێراقی زیاتر كێبڕكێی تێدایە و بەهێزترە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- گرنگیەكی كەم بە یاریزانەكان دەدرێت و لە زۆر شار هیچ هاندەرێك نییە كە بێگومان تۆپی پێی بە هاندەرەوە جوان دەبێت كە ئێمە وەكو یانەی ئافرەتانی سۆران سپاسی هاندەرەكانمان دەكەین هەوڵی بردنەوەیان بۆ دەدەین.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
- لە ئێستادا خەونم بردنەوەی خولی كوردستانە و چاومان تەنها لەسەر ئەوەیە.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی تری عێراقی؟
-بەلێ لە چەندین یانە گرێبەستم پێشكەش كراوە.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
- توانیم لەگەڵ لاوانی هەڵبژاردەی عێراق بەشداربم و ئەو ماوەیە ماوەیەكی جوانی وەرزشیم بوو زانیم كە ئەو هەوڵانەی دوامە بە زیاد نەبووە، بێگومان بە یارمەتی خودا هەموو شتێك جوانە و هەستێكی خۆشم هەبوو.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گوڵان خزمەتێكی زۆری وەرزشی ناوەخۆ دەكات، سوپاس بۆ مامۆستاكانم حەمید جەزا و مامۆستا سەمیرە دەكەم كە زۆر یارمەتیان داوم.