هەوڵدەدەم زیاتر ئاستی خۆم بەرەوپێش ببم

هەوڵدەدەم زیاتر ئاستی خۆم بەرەوپێش ببم

ئامینە جەبار یاریزانی یانەی سیروانی هەڵەبجە

هەوڵدەدەم زیاتر ئاستی خۆم بەرەوپێش ببم
پارێزگای كەركووك یەكێك لەم پارێزگایانەی كوردستانە كەخاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەهرەمەندە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، كە و ئاست و توانایان تایبەتە لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان، لەم شارەش گرنگی زۆر بە یاریی تۆپی پێی كچان دەدرێت، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی شارەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقی ئەویش كچە یاریزان ئامینە جەبار-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2002ی پارێزگای كەركووكە و یاریزانی یانەی سیروانی هەڵەبجەیە لە خولی نایابی كچانی یانەكانی كوردستان، پێشووتریش یاری بۆ یانەكانی نەوتی باكوور و گازی باكوور و سۆلاڤی نوێ وشەباب وەتەن و سەحە و قوە جەوییە و سەورە و ئافرەتانی نەینەوا كردوە لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* بۆچی یاری تۆپی پێت هەڵبژارد؟
- چونكە خولیاییەكی منداڵیم بوو دەمزانی كە تێدا سەركەوتوو دەبم.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكییە؟
- ڕاستە وەرزشێكی قورسە، بەڵام حەزو خولیام وای كردووە ئاسان بێت بەڵامەوە.
* بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویست دا نییە؟
- لە ڕاستیدا یاری تۆپی پێی لە هەموو دونیا ئێستا گرنگی پێ دەدرێت، بەڵام چونكە وەكو پێویست پاڵپشتی ناكرێت لەلایەن هیچ لایەنێكەوە، بۆیە ئاستەكەی بەم شێوەیە.
* هەست ناكەی ئەم یارییە بۆ ئاستی كچان لە شارەكانی كوردستان پێشوازی باشی لێ نەكراوە ؟
- بەڵێ‌ بەداخەوە لە كوردستان بە گشتی وە بەتایبەت كچان هیچ پاڵپشتەیەك و پشتگیرییەكی لێ نەكراوە .
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی؟
- تاڕادەیەك باشە ئێستا ساڵانە خولێك دەكرێتەوە بۆ ئاستی كچان ئەوەش هەر باشە.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- گرنگی زیاتریان پێ بدرێت و خولی زۆرتریان بۆ بكرێتەوە، پاڵپشتی كچان بكرێت لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ئەمانە هەمووی دەبنە هۆكار بۆ بەرز بوونەوەی ئاستی ئەم یارییە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-هەوڵدەدەم زیاتر ئاستی خۆم بەرەوپێش ببم و و لە خولەكانی ناوەوەی عێراق و پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بەشداری بكەم.
*لە دوو خول بەشداری دەكەی لە كوردستان و عێراق كامەیان بەهێزترە؟
-بە دڵنیاییەوە هەردووكیان بۆ من بەهێزە، تاڕادەیەك ئاستیان نزیكن لەیەكەوە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی یارمەتی پێویست و پاڵپشتی یانەكان بۆمان لە ڕووی مادییەوە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
-خەونم ئەوەیە بگەمە ئاستێكی بەرزی یاری كردن.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی تری عێراقی؟
-بەلێ لە چەندین یانە گرێبەستم پێشكەش كراوە.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
- هەستێكی خۆش و تایبەتە وە خەونی سەدان یاریزان كەیاری بۆ هەڵبژاردەی ووڵاتەكەی بكات.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گوڵانی پێشەنگ، هیوادارم لە كوردستان و عێراق پشتگیری كچە وەرزشوانان بكرێت لە هەموو ڕوویەكەوە.

 

Top