ئـــه‌نــتـــی كــورد

ئـــه‌نــتـــی كــورد

(*)

ئەم چەمكە نوێ نییە، لە رامان بەڵام ووشەی ئەنتی-یەكە نوێیە، واتە دژ، هەر چونیەك بلێی دژە كورد، هەزارەها ووشەو رستەت بو ریز دەبێت، هزارەها ناو كەسایەتیت دێتە پێش چاو، جا لە عەرەب بگرە لە تورك، فارس و كوردی خۆ فرۆش، بۆیە چەمكەكە زۆر فراوان و مانادارە، بەڵام با ئەم جارە تەنها تەركیز بخەمە سەر بابەتە سەرەكی و گرنگەكە، ئەویش بەغدایە،
هەر كەناوی بەغدا دەبیستی هیچ سەردەمێك و دەسەڵاتێكی تێدا بەدی ناكەی و هەست بە ئاسودەیی ناكەی لە روی دەسەڵاتدارەكانیەوە. كورد هەرگیز بەرامبەر بەغدا ئیسراحەت و ئارامیی بەخۆیەووە نەبینیەوە، هەردەم كورد چاوەرێی هەموو شتێكی ناخوشی لەم بەد ناوە كردوە. تاكە سەردەم كە بە ویژدانەوە بڵێم سەردەمی مەلیك فەیسەلی یەكەم بوو، كەوا كورد هەستی بە ئارامی و هەبوونی خۆی كرد، ئەویش هەر زوو تیڕۆریان كرد، لەم رۆژەوە تا ئەمرۆ، بو یەك روژیش گەلەكانی عێراق خۆشی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیەوە، جار كودەتا و خیانەت، جار كوشتن، داگیركردن و دیكتاتوریەت، كوتا جار كەلە هەموان ترسناكتڕو خراپتر بووە دەسەڵاتی مەزهەبی ئایینی شیعی شوڤینی توندرەو بووە کە لە ٢٠٠٣ وە تا ئەمرۆ دەسەڵاتی هەبووە،
بەڵام ئەوەی ئەو تەبەقە دەسەڵاتدارە شیعە مەزهەبیە كردی سەددام حوسێنی دیكتاتوریش نەیكرد، ئەوان هیچ لە بەڵێن، پەیمان، سۆز، وەفا و ڕێككەوتن نازانن. من بەم شێوەیە سەیری دەسەڵاتی شیعە دەكەم وەك ووتەی بۆش كاتێ پێش جەنگی عێراقدا گوتی (If you are not with me you are against me).
شیعەش دەڵێ ئەگەر تو سەر بە مەزهەبی من نەبی, دژی منی و دژی تۆ دەبم، وە هەرگیز لەگەڵت ڕێك
ناكەوم و قبوڵت ناكەم.
ئەوانە بێجگە لە كورد هەر بۆ خۆ و گەل و نیشتیمانە وێرانەكەشیان هیچیان نەكرد و هیچیان پێ نیە. لەساڵی ٢٠١٤، کە لە بەغدا بوم، تەنها زبل و خاشاك، وێرانی، پیس و پەلوسیم لەوێ بینی، شتێكی تریش لە هەموو كۆچ و كولانەكانی بغدام بینی، ئەویش (شیعاراتی مەزهەبی) بوون، بۆ نموونە (لبیك یا حسین، لبیك یا ابا العباس، لبیك یا ابا الفضل، يا فاطمة الزهراء) ببورن لەگەڵ ئەو پەری رێزو خوشەویستم بو هەموو یاوەرانی پێغەمبەرمان، رێزم بو هەموو ئایین و ئاینزاكان هەیە، بەڵام ئەو هوتاف و شیعاراتانە جوانتر، دلخۆشتر و لەجێی خۆ دا دەبون، ئەگەر لە ئاوەدانی، نۆژەنكردنەوە، پێشكەوتن و خزمەتكردنی وڵات، گەڵ و نیشتیمانەكەت تەواو ببی، تەنها ئەوە بمێنێ یەك شیعاری جوان لەسەر شەقامێكی جوان و رووناكی نوێ بنووسی (يا علي يا حسين)، ئەو كات بێ دینێكیش لە بەرامبەرتدا زمانی ڵال و بێ دەنگ دەبێت. نەك لە وڵاتێكی وێرانی بێ سەروبەری بێ ئاو، كارەبا، خزمەتگوزاری و شەقام پڕبكەی لە شیعاراتی ئاینی مەزهەبی، جا لەوەش كارەسات بارتر، بێی تەنها شیعارەكانی خۆت بەرزبكەیەوە، لەكاتێكدا عێراق پڕە لە پێكهاتەكانی تری وەك سوننە، مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی و توركمان،
ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە من زۆر گوێ لە مەراجع و ئیمامە شیعەكان دەگرم، ئەوەی زۆر سەرنجی راكێشام ئەوەیە كەوا، هێشتا ئیمام و مەراجیعەكانیان دوای ١٤٠٠ ساڵ، هەموو تەركیزیان لەسەر شەهیدبونی ئیمام حسێنە و هەر لەم روژگارەدا دەژین وەكو هزر، ئەگەرنا ئەو ئیمام و مەراجیعانەیان لە خۆشترین ژیان دان، ڤیلە، پارە و ئۆتۆمبێلی گران بەها، بەڵام دەیانەوێت گەنجە داماوەكانیان هەر لەم وەهم و خەیالەدا بهێلنەوە كەوا هیچ داواکاری و تموحیان نەبێت و داوای هیچ نەكەن، بۆ نموونە من گوێم لە یەكێك لە وتاربێژەكانیان دەگرت و دەیوت: (ئێوە چۆن داوای ئاوو كارەبا دەكەن لە كاتێكدا ئیمام حسێن لە تێنویەتیدا خنكا)،
یان یەكێكی تر دەیوت (دەبێت تۆلەی ئیمام حسێن بكەینەوە)، دوای ١٤٠٠ سال!!!.
سەیركە ئەوان خەڵكی خۆیان چۆن گەوجاندوە چۆن فێری رق و كینە دەكەن، نموونەی ووتار بێژێكی بەناوبانگی تری ئەوان كە دەیوت (الكرد قوم من الجن).
هەندێك لەبابەتی خۆم دورکەوتومەتەوە بەڵام هەر ویستم بە خوێنەری بەرێز بلێم فەرموون لەگەڵ ئەم عەقلییەتە بژی، گفتوگۆ بكە، هەڵسەو دانیشە!!
خالی دووەم ویستم باسی بكەم ئەوەیە كەوا ئەم دەسەڵاتە شیعەیە بە حوكمی ئەوەی هیچیان پێشكەش بە گەڵ و نیشتیمانەكەیان نەكردووە، جا سەرەتا قسەی خۆش و نەرم بەرامبەر بە كورد دەكەن، بەڵام هەر كە زانیان هەلبژاردن نزیك بۆیەوە، ئیتڕ دەست دەكەن بە دژایەتی دارو بەردی كورد و هەرێمی كوردستان، چونكە تاكە رێگاو تاكە چارە بۆ بەدەست هێنانی دەنگ، دژایەتی كوردو كوردستانە، وەك ئەو بەچكە ئێڕانییانەی كوردستان.
ئەمانە پێیان وایە دژایەتی كردنی هەرێم كارتێكی باشە تا دەنگ بەدەست بێنن بەڵام راستیەكەی پێچەوانەكەی تەواوە، ئەگەر بپرسن چۆن؟
ئێستا هەموو دەنگدەرێكی عێراقی باش راستیەكە دەزانێت و دەبینێت چی روودەدات، دەسەڵاتدارە شیعە عیراقیەكان هێشتا پێیان وایە خەڵك گەوجە و لەسالی ٢٠٠٣ دا دەژی !! نەخێر خەڵك تێگەیشت و دەبینێت چی دەگوزەرێت، هەروەها كوردستان چۆنە و بغدا و بەسرە چونن.بەڵام كێشە سەرەكیەكە ئەوەیە ئەو خەڵكە داماوە دەنگیان دەسوتێنرێت و دەنگیان لە جیاتی دەدرێت، ئاراستەی دەنگدانی عێراق بە حەزو ئارەزوی هەندێک لایەنی دەوروبەر و ولاتی ئیقلیمی دیاردەكرێت، بۆیە ئەم تەبەقەیە دژایەتی هەرێم دەكات تا دلی ئاغاكانیان خۆش دەكەن و خۆیان شرین دەكەن. لە هەڵبژاردنە دەستكردەكاندا كێرڤیان بەرز دەكەنەوە پێیان دەلێن ئافرم!!
بەڵام با ئەوان ئەوەیان لەبیربێت ئەگەر رۆژێك لە رۆژان ئەم دەنگدەرە خەوێنڕا و كپ كراوانەوە هەڵسنەوەو ئازاد ببن، لەم باوەرەدان خراپتر لە سەددام حسێن لەم دەسەلاتدارانە دەكرێن و فرێ دەدرێنە سەرشەقام، بۆیە با دڵیان بەم حەپین، ووتار، گۆشەگیری و دژایەتی كردنی هەرێم خۆش نەكەن. گەنجی بغدا هاواری لێ هەڵساوە، معقولە گەنج لە بغداوە بێتە هەرێم بە مەبەستی گەشت، رێست، پیاسە و ئارامیەك !!.
لە كۆتاییدا هەموو دونیا دەزانێت دەسەلاتدارانی شیعە چاویان بە ئارامی و ئاوەدانی هەرێم هەڵنایێت، با راستگۆش بین لەگەڵ خوماندا، نەشمان گوتوە هەرێمەكەمان شامی شەریفە، كەم و كورتی گلەیی كێشەمان زۆرە بەڵام لە كەناری ئارامی و ئاوەدانین.

 

 

(*)

Top