بەمزووانە..فیلمی كوردی(خۆری ناو سێبەر) نمایش دەكرێت
لەژێر ناونیشانی (خەمی هیوا خەمی هەموومانە),بڕیارە لە ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەدا ڕێكەوتی 4/2/2025 كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ لە سینەما ساڵم لە شاری سلێمانی, فیلمی كوردی(خۆری ناو سێبەر) نمایش بكرێت,لە نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی (ڕێبوار محەمەد) و (باوەڕ ڕەفیق) كاری وێنەگرتن و مۆنتاژی ئەنجامداوە.
فیلمی(خۆری ناو سێبەر) كە دەكاتە 23هەمین بەرهەمی گروپی هونەری خێزان بە پاڵپشتی كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت بەرهەم هاتووە,90 خولەك ماوەی فیلمەكەیەو لە شاری سلێمانی كاری وێنەگرتنی ئەنجامدراوە,لەم كارە هونەرییەدا 40 ئەكتەر بەشدارییان كردووەو ژمارەیك هونەرمەندی بەئەزموون تێیدا بەشدارن كە ئەوانیش پێكهاتوون لە (حیكمەت هندی-بەیان زەریفێ-دایكی ئاریان-ڕێبوار محەمەد-ئارەزوو كاكە برا)و چەند ئەكتەرێكی دیكە لە فیلمەكەدا ڕۆڵیان هەیە.
ناوەڕۆكی ئەم فیلمە باس لە ڕۆژگارە سەختەكانی تووشبوانی شێرپەنجە دەكات كە بە هەزاران كەس لەگەڵ ئەو نەخۆشییە دەجەنگن و ڕووبەڕووی ئازار و سەختییەكان دەبنەوە,لەم بارەیەوە (ڕێبوار محەمەد) دەرهێنەری ئەم فیلمە بە گۆڤاری گوڵانی ڕاگەیاند:ناوەڕۆکی ئەم فیلمە باس لە چەند چیرۆك و بەسەرهاتی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە دەکات کە هەزاران چیرۆك لەپشت ئەو نەخۆشیەوە هەیە,کە بە ئازارەوە دەناڵێنن بەداخەوە نەخۆشی شێرپەنجە بووە بە دیاردە لە ناو کۆمەڵگەکەمان,وە ئەم فیلمە باس لە دڵسوزی و بەهاناوەچوونی پزیشك و کارمەندانی نەخۆشخانەكان بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دەكات,هەروەها لە نێو ئەم فیلمەدا چەند پەیامێك هەیە كە هوشیاری و ڕێنمایی گرنگە بۆ خەڵكی تاوەكو لە هەندێك حاڵەتدا لە ڕێی پشكنینی پێشوەختەوە زووتر ڕێگە لەم نەخۆشییە بگیرێت,سوپاس بۆ ئیدارەی نەخۆشخانەی هیوا و سە نتەری ژیانەوە کە هاوکارمان بوون بە ئەنجامدانی ئەم بەرهەمە,ئامانجمان گەیاندنی هوشیاری خەڵکی و گەیاندنی پەیامی جوانە لە ڕێگەی فیلمەکانمان بۆ کۆمەڵگەی کوردی,خوای گەورە شیفای هە موو نەخۆشەکانمان بدات.
ئارەزوومەندانی فیلم و سینەما دەتوانن لە ڕێكەوتی 4/2/2025 لە سینەما سالم ئامادەی نمایشی ئەم فیلمە كوردییە بن, هاتن بۆ هەمووانە و بینینی فیلمەكە بێ بەرامبەرە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی