کانی کامەران بۆ گوڵان:دەمەوێت تابلۆكەم وەكو چەكێكی قسەكەر بەكار بێنم
كانی كامەران شێوەكارێکی خەڵكی چۆمانە و ئێستا بۆ خوێندن لە هەولێرە و قوتابی كۆلێژی هونەرە جوانەكانە قۆناغی چوار، تاكو ئێستا كارەكانی بە شێوازێكی سەردەمیانە پێشكەش كردووە بۆیە بۆتە جێگای سەرنج و خواستی خەڵك، سەبارەت بە کارەکانی گوڵان دیمانەیەکی لەگەڵدا ساز کرد.
*هەر هونەرمەندێك شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە شێوازی كاركردنی تۆ چۆنە؟
-من لە ئێستادا لەنێو ئەزموونی تاقی كردنەوەی شتەكانم بەڵام رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەو تابلۆی و شێوازی تایبەت بە خۆم هەبێت.
*لەنێوان بەهرە و ئەزمون خۆت لە كامیاندا دەدۆزیتەوە ؟
-بێگومان بەهرە گرنگە، بەڵام من وای دەبینم مرۆڤ بە ئەزموون زێدەتر پێش دەكەوێت زۆرجار بینیومە ئەوانەی بەهرەیان هەبووە پەرەیان پێ نەداوە لەگەل كەسێكدا كە رۆژانە ئەزموونی شتەكان دەكات جیاوازی زۆری هەیە، من پێم وایە بەهرە بەبێ ئەزموون و راهێنانی ڕۆژانە وەک پێویست نابێت، ئەزموون باشترین مامۆستا بووە، بۆیە خۆم لە ئەزموندا دەبینمەوە كەمتر لە بەهرە.
*چۆن دەتوانیت لە رێگەی هونەرەوە گوزارشت لە ئافرەت بكەیت ؟
-بێگومان ئافرەت لە هەموو سەردەمەكان و تاكو ئێستاش پێگەی گرینگی خۆی هەبووە بە خۆشحاڵییەوە من توێژینەوەكەم دەربارەی ئافرەتە، هەر هونەرمەندێك بەشێواز و ئایدیالی خۆی گوزارشت لە ئافرەت دەكات لە هونەردا بەتایبەتی هونەری شێوەكاری ئافرەت چ وەك دایك یاخود پەناگە نیشتیمان خوشك یاخود وەكوو نوێنەرایەتی كردنی كەسێكی جوان و لێهاتوو دەتوانی هەموو ئەو رۆڵانە بگێریت لە تابلۆدا بێگومان ئەوە دەكەوێتەوە سەر هونەرمەندەكە كە چۆن گوزارشت لە ئافرەت دەكات.
*ئەو بابەتانە چین كە لەرێگەی تابلۆكانتەو كە دەتەوێت تیشكیان بخەیتە سەر؟
-پێش هەرشتێكەوە دەمەوێت تابلۆكەم وەكو چەكێكی قسەكەر بەكار بێنم بۆ ئەو بارودۆخانەی لە كۆمەڵگادا هەیە كاریگەریشی لەسەر من دەبێـت و ئەمەیە دواجا وادەكات من تابلۆ بكێشم پەیامی خۆم لە رێگای هونەری شێوەكاری دەرببرم بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام گەر خەیال و خۆشەویستی خەم خۆریت زۆر بوو دەتوانیت ئەم كارە بكەیت و خۆشەویستی و راهێنانی بەردەوام بۆ هونەر وادەكات بگەیت بەو ئامانجەی كە لە تابلۆكەتدا هەیە
*تاچەند هونەری شێوەكار پەیوەندی بە هونەرەكانی دیكەوە هەیە بۆ نموونە شانۆ و سینەما و موزیك؟
-هونەر لەهەر بوارێكی تایبەتی دابێت دواجار هەموویان بەیەكەوە جوانن وەك دەتوانن بەیەكەوە كار بكەن و ئێمە گەر بمانەوێت شانۆ بكەین بەبێ موزیك و تابلۆ رەنگە ئەوە ناكرێت گەر شێوەكاری نەتوانێت لە خزمەت دەربڕینی پەیامێكی ئەدەبی یاخود دیمەنێكی موزیكدابێت كەم دەهێنێت و بۆیە دەبینم گەر هەر بوارێك لەخۆیدا قول بكەینەوە دەتوانین بە تەنیاش كاربكات، بەڵام دواجار هەموویان لە شوێنێك بەیەكەوە دەبەستنەوە و نمایشێكی هونەری دەكەن جا ئەمە لە شێوەكاری یاخود شانۆ و سینەما و موزیك هەربوارێكی تردا بێت.
*ماوەیەكە سەرقالی كاری هونەری دیوار بەندیت دەكرێت ئاماژە بەو بیرۆكەیە بكەیت؟
-بەڵێ من جیا لەوەی كە قوتابی بەشی هونەریم لە دەرەوەی ئەمەشدا گەر كاری هونەری دیوار بەندی هەبێت وەری دەگرم ئەمە بەپێی داواكاری خەڵكە كە تا چەند گرنگی بەم لایەنە دەدەن بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا كاری دیوار بەندی گرینگی زیاتری پێدەدرێت وەك لە پێشتردا بیرۆكەی وەرگرتنی كارەكە بەم جۆرەیە كە خاوەن كارەكە داوای دیوار بەندی دەكات جا ئەمە بۆ جوانكاری شوێنەكەیە یاخود دەرخستنی پەیام و بیرۆكەیە بۆیە لەم ماوەیەدا چەند كارێكی دیوار بەندی بەیەكەوە بوون و وای كرد زیاتر لەو بوارەدا دەربكەوم و هەروەها ئەزمونی جوانتر بكەم
*لەئێستادا زانكۆكان لە چ ئاستێكدا دەبینیت سەبارەت بە بواری هونەری؟
-بەپێی ئەو ئەزمونەی كە وەكوو قوتابییەک لە كۆلێژدا پەیدام کردووە ئاگاداری كۆلێژەكانم زانكۆكان لە قۆناغی یەكەوە چەند قوتابییەک لای خۆیان دیاری دەكەن بۆ ئەوەی پلەی یەكەمی پێ بدەن وەكو كێبركێ كردنی نێوان قوتابیان ئەمەش هەنگاوێکی بێسودە، چونكە ئەو سیستەمەی كە زانكۆ پەیرەوی دەكات دوورە لە دیاری كردنی لێهاتوویی قوتابی بەداخەوە ئەوەندەی كار لەسەر لایەنی سیاسی و خۆنمایش كردنی قوتابیان گرنگی پێدەدرێت، هێندە گرنگی بە سەلیقە و لێهاتوویی نادرێت زانكۆ چەندین ساڵە بەو سیستەمە كاردەكات لە قۆناغی یەكەوە كار لەسەر قوتابی دەكات كە بێ دەنگ بێت، هیوادارم ئەم سیستەمە بگۆرێت و لەهەرشتێك زیاتر گرنگی بە لێهاتوویی بدرێت و كار لەسەر ئەمە بكەن تاوەكوو لە دوارۆژدا نەوەیەكی چاوكراوەمان هەبێت.