جگەرە هۆكاری سەرەكیی هەوكردنی بۆڕیی هەناسەیە
هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕییەكانی هەناسە Chronic bronchitis دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی ڕێڕەوەكانی هەناسە لە ئەنجامی ئاوسان و سووتانەوەی بۆڕییەكانی هەناسە، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی دەردراوی لینج كە گرفت بۆ ئاڵوگۆڕی گازی ئۆكسجین و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە سییەكانەوە بۆ لەش پەیدا دەكات، هاوكات لەگەڵ گرفت لە هەناسەوەرگرتندا كە بە تێپەڕبوونی كات سەختتر دەبێت. جگەرەكێشان هۆكاری سەرەكییە، ئینجا هۆكارەكانی دیكەی وەك: هەڵمژینی هەوای پیسبوو بە گەرد، دووكەڵ، یان ماددەی كیمیایی جیاواز لە شوێنی كاردا. نیشانەكان لە سەرەتادا سووكن، پاشان بەرەبەرە توندتر دەبن كە بریتین لە: كۆكەی زیاد بە دەردراوی لینج، دەنگی ویزە لەگەڵ هەناسەدا، هەناسەتەنگی بەتایبەتی لەكاتی جووڵە و مەشقی وەرزشیدا، هەستكردن بە توندبوونی سینگ. وازهێنان لە جگەرەكێشان گرنگترین هەنگاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕیی هەناسە، ئینجا خۆراكی هاوسەنگ، دەرمانی فراوانكەرەوەی بۆرییەكانی هەناسە، لەگەڵ دەرمانی دژەژی بە ڕێنمایی دكتۆر، هەروەها پێدانی ئۆكسجین Oxygen therapy یان تەنانەت گواستنەوەی سییەكان لە حاڵەتە سەختەكاندا.