ماددەی زیانبەخش لە ناو ئاوێتەكانی جوانكاریدا

ماددەی زیانبەخش لە ناو ئاوێتەكانی جوانكاریدا

 هەر جۆرێك لە ئاوێتەكانی جوانكاری لیستێكی دوور و درێژ لە پێكهاتەی كیمیایی لەخۆدەگرێت، ئایا ئەم پێكهاتانە سەلامەتن بۆ تەندروستی؟ لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە تا ئێستا زیاتر لە 45 ماددەی كیمیایی لە ئاوێتەكانی جوانكاریدا بە زیانبەخش و ماددەی ژەهراوی تۆمار كراون. نزیكەی 8،500 بەرهەمی جوانكاری یەكێك یان زیاتر لەم ماددانە لەخۆدەگرن، كە هۆكارن بۆ تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، شێرپەنجە، لەگەڵ گرفتەكانی كۆئەندامی هەناسە، بۆنموونە فۆرمەلدیهاید، پارافۆرمەلدیهاید، میتیلین گلایكۆل، كواتێرنیەم Quaternium-15، جیوە، فتالەیتەكان Phthalates، پارابینەكان Parabens، PFAS...تاد. بە پێی ڕاپۆرتەكانی سەنتەری ئەمریكیی خۆپاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكان CDC، لەم چەند دەیەی دواییدا بە هۆی ئەم ماددانەوە گرفتەكانی نەزۆكی و گرفتەكانی پەرەسەندنی منداڵ زیادیان كردووە، بەتایبەتی فتالەیتەكان كە لەم بەرهەمانەدا بە ڕێژەی جیاواز بەدی دەكرێن: پۆلیش یان بۆیەی نینۆك، سپرای قژ، هەندێك جۆری شامپۆ، كرێمی شێداركەرەوەی پێست، ئاوێتەكانی لابردنی بۆنی ناخۆشی لەش Deodorants، پاودەری منداڵ، سابونی منداڵی ساوا، لەگەڵ گەلێك لۆشنی لەش و بۆنی جیاوازدا.

Top