مەترسییە تەندروستییەكانی گەرمكەرەوەی نەوتنی
گەرمكەرەوە (زۆپا) ی نەوتی ئۆكسجین بەكار دەهێنێت بۆ سووتان، بۆیە لە ژوورێكی بچووك یان هەر ژوورێكی داخراودا كە هەواگۆڕكێی باشی تێدا نەبێت، ڕێژەی گازی ئۆكسجین لە هەوای ناو ژووردا تا ئاستی مەترسیدار كەم دەبێتەوە، ئەمەش وا لە فتیلی زۆپا دەكات بە دروستی نەسووتێت، كە هۆكارە بۆ پەیدابوونی گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن و سووتماك (تەنی) Soot و گازی دیكە. هەڵمژینی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن (كە گازێكی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە) بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێتە هۆی خنكان Asphyxia. لە لایەكی دیكە، زۆپای نەوتی هەوای ناوماڵ ئالوودە دەكات بە گازەكانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، ئۆكسیدی نایترۆجین، لەگەڵ دووەم ئۆكسیدی گۆگرد. هەڵمژینی ئەم گازانە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت بەتایبەتی ئافرەتی دووگیان، تووشبووانی ڕەبو یان نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، هەروەها منداڵی بچووك و كەسانی بەتەمەن. پێویستە كە هەواگۆڕی باش لەو ژوورەدا هەبێت كە زۆپای نەوتی تێدا دادەگیرسێنرێت، هاوكات لەگەڵ دانانی ئامێری ئاگاداركەرەوەی دوكەڵ و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن.