چۆن قەڵەوی دەبێتە ئەگەری نەخۆشیی دڵ؟
كێشی زیاد بەتایبەتی چەوریی زیادی سك و دەوری كەمەر، هۆكارە بۆ نیشتنی چەوری لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان كە بە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis ناسراوە. قەڵەوی هۆكارە بۆ كۆبوونەوە یان خەزنكردنی چەوری لە دەور و لە ناو ئەندامەكانی لەشدا، كۆبوونەوەی چەوری لە سك و دوری كەمەردا دەبێتە هۆی دەردانی چەند هۆرمۆنێك و چەند ماددەیەكی پەیداكردنی هەوكردن، وەكو سایتۆكاینەكان Cytokines كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەرز دەكەنەوە، لێكۆڵینەوەكان ڕوونیان كردووەتەوە كە قەڵەوی دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی چەوری لە دەوری بەشی هەرە دەرەوەی دڵدا، ئەمەش پەیوەندی زۆری هەیە بە نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕانەوە. لە لایەكی دیكە قەڵەوی دەبێتە ئەگەری چەند حاڵەت و گرفتێكی دیكە كە هاندەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، بۆنموونە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ لە خوێندا، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، هەروەها وەستانی كاتیی هەناسە لەكاتی خەودا Sleep apnea.