د. یوسف سماقولی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان : وێڕای بوونی كۆمەڵێك كۆسپ، لە بەردەم پێكهێنانی كابینەی دەیەم، بەڵام دەبێت لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو پەلە بكرێت
د.یوسف سماقولی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستانە، كە یەكێكە لە حزبە تێكۆشەر و دێرینەكانی كوردستان لە سەردەمی شاخ و لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئایندەی هەرێمی كوردستان)، وێڕای ئەوەی هەڵویستی حزبەكەی سەبارەت بە خێرایی پێكهێنانی كابینەی دەیەم خستەڕوو، بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی دەربڕی.
زۆر سوپاس بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سازدانی ئەم گفتوگۆیە، كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەڵێنجانی بیرۆكەی بنیادنەر و سەركەوتوو بە قازانجی گەلەكەمان.
دەمەوێت بە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییە سەركەوتووەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ بكەم، بەتایبەتی كە دوێنێ (24ی تشرینی دووەمی 2024) ڕێكاری پەسەندكردنی ئەنجامەكان دوای تانەی لایەنەكان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، دەتوانین ڕێكارەكەی دوێنێ وەك دەستپێك بۆ پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەم وێنا بكەین.
بە ڕای ئێمە، سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەركەوتنی گەلی كوردستان بوو. پڕۆسەكە گرنگ و چارەنوسساز بوو، گرنگ بە قەد پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمان. هەمووان دەزانین عێراقی نوێ ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتە نەبوو كە ئومێدی بۆ دەخوازرا، هەر ئەوەندەی باری سەر شانیان لە كێشە نێوخۆییەكانیان سووك بوو، كەوتنە وێزە و پیلانگێڕی و سنوورداركردنی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك دەزگا و دامەزراوەی گرنگی هەرێمیان هەڵوەشاندەوە، لە نێویاندا پەرلەمانی كوردستان، ئەو پەرلەمانەی كە بە خوێنی شەهیدان بناغەی دانرا، ئەو پەرلەمانەی لە كاتێكدا بنیاد نرا، بەعسییەكان بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبوونەوە، لەو كاتەدا زۆرینەی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق لە ترسی گیانی خۆیان بە هەزاران كیلۆمەتر لە وڵاتەكەوە دوور بوون، بەڵام خەڵكی كوردستان بەو پەڕی ئیرادە بەرزییەوە مومارەسەی مافە سیاسی و دیموكراسیییەكانی خۆیان كرد و دەنگیان بۆ پەرلەمانی كوردستان دا. بۆیە هەڵبژاردن بۆ ئەم خولەی پەرلەمان چارەنووسساز بوو، جارێكی دیكە گەل شەرعییەتی دایەوە بە دامەزراوە دەستوورییەكانی كوردستان.
ئێمە پێمان وایە، سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێكی گەورەی پیلانگێڕییەكانی دوژمنانی كردە بڵقی سەر ئاو و زوو پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی ئەو پلانگێڕییانە لە گۆڕ دەنێت.
خاڵێكی دیكە، لای هەمووان ئاشكرایە سەرەڕای چەندین ڕێككەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بە شاهێدی وڵاتانی دۆست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەڕای وەستاندنی پڕۆسەی هەناردەی نەوت وەك بەشێك لە خواستەكانی دەوڵەتی عێراق، سەرەڕای جێبەجێكردنی پابەندییەكان، كەچی دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادە نین قوت و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرن، هەر مانگەو بە بیانوویەك كێشە بۆ ئەو مافە سەرەتایی و دەستوورییەی گەلەكەمان دروست دەكەن. كارێكیان كردووە هاتنی مووچە وەك مژدە لە میدیاكانەوە بە خەڵك بدرێت. لێرەدا دەمەوێت هەڵوێستێكی بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆكی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە بیر بهێنمەوە، كە تەئكیدیان دەكردەوە، عێراق وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات و، هیچ دوژمنێكیش ئامادە نییە خەرجی دوژمنەكانی بدات، با لە جیاتی عێراق خۆمان داهاتی نێوخۆ كۆبكەینەوە و بەسەر گەلەكەماندا دابەشی بكەین.
وێڕای ئەو ئالنگارییانەی لە نێوخۆی عێراقدا ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبێتەوە، ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە هۆی شەڕ و ململانێكانەوە بووەتە گڕكانێك و ڕۆژانە وڵات و ناوچەی جیاواز دەسووتێنێت، هەموو ئەم ئەگەرانە فاكتەرن كە بڵێین: پێكهێنانی كابینەی دەیەم وەك نەفەس بۆ پاراستنی دەستكەوت و قەوارە و سەروەرییەكان و بۆ گەلەكەمان گرنگ و پێویستە.
ڕاستە كۆمەڵێك كۆسپ و لەمپەری بەهێز هەن لە بەردەم پێكهێنانی كابینەی دەیەم و بەشێك لە هێزەكان هەر زوو و لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان دا، بەشێكی دیكەی پەیوەستە بە ناڕوونی ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە بیر لە كۆتایی حەدەسەكان بكەینەوە. ئەزموونی زۆرمان هەیە لەگەڵ ناتەبایی، دژایەتیی و ڕێكنەكەوتن، لەوەش هەمووان زەرەرمەند بوون و لە كۆتاییدا ئەو ڕاستییە ڕوون بووەوە كە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەری گرفتەكان بە ئاشتی باشترین و كاریگەرترین بژاردەیە.
سەبارەت بە شداریمان لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر ئەو پرسیارەمان ئاراستە دەكرێت، بەوەی ئایا ئێوە وەك حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان بەشدار دەبن، یان دەبنە ئۆپۆزسیون؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە ڕاشكاوانە دەڵێین: سەبارەت بە هەڵوێستی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە كابینەی دەیەم جارێ زووە قسە لەسەر ئەو پرسە بكرێت، بێگومان پاش هەڵسەنگان لایەنی پەیوەندیدار لە بۆچوونمان ئاگادار دەكەینەوە.
لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، لەم گفتوگۆیەدا باس لە كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان و لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكانی كوردستان كرا. كە ئەمە بە غەدرێكی گەورە لە دژی مافەكانیان لە قەڵەم دەدەن، ئەمەش دەرهاویشتەی نەرێنی ئەو ململانێی سیاسییە ناتەندروستەیە كە لە كوردستان بوونی هەیە. لە وڵاتانی دنیا كاتێك هەڵبژاردن دەكرێت، حزبەكان هەر چەندی بۆیان بكرێت، ململانێی یەكتری دەكەن، بەڵام هەوڵ نادەن سیستمی وڵاتەكە بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە ململانێی حزبی گەیشتە ئەو ئاستەی دەستكاری سیستمەكەش بكرێت، بۆیە بە ئەركی سەرشانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی دەزانین، پاراستنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان بكەنە ئەولەوییەت و پێكەوە ئەو سیمای پێكەوەژیانە ئاشتیانەی هەرێمی كوردستان بپارێزین. كێشەی سەرەكیی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ئینتیمای حزبیمان لە سەرووی ئینتیمای نیشتمانییەوە داناوە، دەبێت ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بكرێتەوە و ئینتیمای نیشتمانی بخەینەوە سەرووی ئینتمایی حزبییەوە.