پـــڕۆفــیــســـۆر یـــوجـیـــن گـــۆڵـــــز بۆ گوڵان: ترەمپ دەیەوێت لە دەرەوەی دامەزراوە تەقلیدییەكانەوە كار بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنەكان بكات

پـــڕۆفــیــســـۆر یـــوجـیـــن گـــۆڵـــــز بۆ گوڵان:  ترەمپ دەیەوێت لە دەرەوەی دامەزراوە تەقلیدییەكانەوە كار بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنەكان بكات

یوجین گۆڵز، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی نۆتردام، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرینگە، وەك یەكتربڕینی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی ئابووری، سیاسەتی بەرگری، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆی گرینگی وەك، زانكۆی تێكساس، جۆرج مەیسۆن و، توێژەر بووە لە زانكۆی هارڤارد. بۆ بەراوردكردنی سیاسەتی چوار ساڵی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بە سیاسەتەكانی ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و هەڵوێست و هەڵسوكەوتیان لە ئاست دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و پێشبینی و چاوەڕوانییەكان لە ئاست ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیاری ئاراستە كرد.

* دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین كە وەك كەسێكی تایبەتمەندی بواری زانستی سیاسی و ئاسایش و سیاسەتی بەرگری، چۆن لە باری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڕوانن، بەتایبەتی كە لە ئێستادا ڕۆژانی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بەرەو كۆتایی دەڕوات و لە ماوەیەكی نزیكدا دووبارە دۆناڵد ترەمپ دەسەڵات لە كۆشكی سپیدا دەگرێتەوە دەست؟

- هەرچەندە هێشتا ڕۆژانی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن كۆتاییان نەهاتووە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم ئەوەی لە ماوەی ئەم ئیدارەیەدا ڕوویدا، بتوانین بڵێین گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و بنچینەیی بووە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، ڕاستە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا شەڕ هەڵگیرسا و هاتە ئاراوە، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە ئیدارەی بایدن ڕاستەوخۆ هۆكاری بەرپابوونی ئەم شەڕانە نەبووە، یان بە واتایەكی دیكە بە بڕیاری ئەم ئیدارەیە ڕوویان نەداوە. ئەگەرچی خۆی لە خۆیدا شەڕ كاریگەری و دەرئەنجامی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش دەبێت. لەلایەكی دیكەوە ئەوەی بەدی كراوە، ئەوەیە كە چین پتر هەڵوێست و هەڵسوكەوتی دوژمنكارانەی نواندووە، بە چەشنێك كە دەكرێت بڵێین لە ئێستادا شێوازێكی دیكەی شەڕی سارد لە نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هاتووەتە ئاراوە، كە جیاوازە لەو شەڕە ساردەی لە نێوان یەكێتیی سۆڤییەتی پێشوو و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەبوو، كە دووبارە دەبێت لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە سەرۆك بایدن هۆكاری هاتنەئارای ئەم شەڕە ساردە نەبوو، بەڵكو لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپدا دروست بوو، بەڵام ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بەردەوامیی پێدا و چڕتری كردەوە، كە لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەمە لە بەشێكی زۆریدا بڕیار و ویستی ئیرادەی جۆ بایدنی تێدا بەدی كرا، واتە ئەو دەستی پێ نەكرد، بەڵام درێژەی پێدا و توندتری كردەوە و كۆدەنگییەكی لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا دروست كرد، بەوەی چین دوژمنمانە.

* لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، ڕەخنەیەكی زۆر ئاراستەی ئەم ئیدارەیە دەكرا، بەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی فەرامۆش و پشتگوێ خستووە، هەنگاو و هەڵوێستی تاكلایەنانە دەگرێتەبەر، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئیدارەی بایدن ئەم ڕەوتەی پێچەوانە كردەوە و تا چەند پێشبینی دەكرێت دووبارە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ هەمان ڕێچكە بگرێتەوەبەر؟

- لە پەیوەندی بە دوورخستنەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەوا دەكرێت ئاماژە بە دوو حاڵەتی زۆر بەرچاو بكەین، كە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ترەمپدا ڕوویان دا و دواتر لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن ئاراستەیەكی جیاواز لە ئاست یەكێكیاندا نەگیرایەبەر، بەڵام لەوەی دووەمیاندا هەڵوێستێكی جیاوازی پیادە كرد. یەكەمیان بریتی بوو، یان پەیوەست بوو بە هەڵوێستی ئیدارەی پێشووی ترەمپ لە ئاست ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی و ئامادەنەبوونی بۆ دامەزراندنی پاڵێوراوەكان بۆ دەستەی دادوەری، كە كێشە و ناكۆكییەكان (لە نێو ئەم ڕێكخراوەدا) یەكلا دەكەنەوە، ئەمەش بووە هۆی ئیفلیجیكردنی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی كە نەتوانێت كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر بكات، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ئیدارەی جۆ بایدن ئەم ڕەوتەی پێچەوانە نەكردووە و ئەم ڕێكخراوەی بە ئیفلیجی هێشتەوە، واتە دەكرێت بڵێین لەم ڕووەوە سەرۆك بایدن درێژەی بە هەمان سیاسەتی پێشووی دۆناڵد ترەمپ دا لە پەیوەندی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، بەڵام لە پەیوەندی بە ڕێككەوتنی پاریس بۆ كەشوهەوا-كە پێشتر ئیدارەی ترەمپ لێی كشابووەوە-ئەوا ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دووبارە گەڕایەوە نێو ئەم ڕێككەوتنە، واتە ئیدارەی جۆ بایدن كاری كرد بۆ كەمكردنەوەی دەردانی غاز و بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە، واتە ئەمەی كردە ئەولەوییەتی كاری خۆی. كەواتە ئەمە یەكێك بوو لەو بوارە كەمانەی كە تێیدا جیاوازییەكی بەرچاو بەدی دەكرێت لە نێوان ئیدارەی پێشووی ترەمپ و ئیدارەی جۆ بایدندا.

* با پرسیارەكە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆتر بكەین، ئێستا كە دۆناڵد ترەمپ جارێكی دیكە سەركەوتنی بەدەست هێنایەوە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەدا و جیهان و ئەمریكا چاوەڕێی دەستبەكاربوونی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ دەكەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئایا پێتان وایە جارێكی دیكە ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ترەمپ پشت لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات و جۆرێك لە گۆشەگیری و دابڕان هەڵدەبژێرێت، یان سیاسەتێكی جیاوازتر لە سیاسەتی ئیدارەی یەكەمی دەگرێتەبەر؟

- من پێم وانییە ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ خواست و ویستی پشتیوانیكردن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی هەبێت، واتە داخوڕانێكی زیاتری دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەبینین، ئەوەی پەیوەست بێت بە هاوكاریی نێودەوڵەتییەوە، ئەوا لە دەرەوەی دامەزراوەكاندا هەندێ وڵات كە دەكرا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكارییان لەگەڵدا بكات، ڕەنگە بە بێمتمانەییەوە لە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بڕوانن، چونكە پێیان وایە ترەمپ كەسێكی پێشبینی نەكراوە و بەردەوام هەڵوێست و بۆچوونەكانی دەگۆڕێت، ئەگەرچی خودی دۆناڵد ترەمپ ئەمە بە ئەرێنی لێك دەداتەوە و پێی وایە ئەمە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادایە، لەلایەكی دیكەوە ئەو بۆچوونەش هەیە كە لەبەر ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پیاوی ڕێككەوتنەكانە، ئەوا ڕەنگە هاوكاریی زیاتر بەدی بكەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونكە ترەمپ دەیەوێت ڕێككەوتنەكان بەدی بهێنێت، بۆ نموونە لەم ڕووەوە ئاماژە بە ڕێككەوتنەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و چەند دەوڵەتی عەرەبی دەكرێت، كە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ترەمپدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان دا و بەدی هاتن. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا پێم وانییە دۆناڵد ترەمپ دژ بە هاوكاریی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام ڕەنگە مەسەلەكە ئەوە بێت كە ئەو دەیەوێت بە گوێرەی مەرجی جیاواز و بە لەبەرچاوگرتنی ئەولەوییەتی جیاواز كار بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنەكان بكات، نەك بێت و لە چوارچێوە دامەزراوە تەقلیدییەكاندا ئەم كارە بكات.

* پێشتر ئاماژەتان بە هاتنەئارای جۆر و شێوازی نوێی شەڕی سارد كرد لە نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە ئێمە دەزانین لە پاڵ ئەمەدا چەندین شەڕی دیكەش بەرپا بوون، وەك شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و شەڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا پێتان وایە تا چەند ئیدارەی سەرۆك بایدن لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەم شەڕانەدا سەركەوتوو بوو؟

- ئەوەی پەیوەست بێ بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ئەوا دەكرێت بڵێین كە سەرباری ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكارییەكی زۆریان بۆ ئۆكرانیا دەستەبەركرد لە ڕووی زانیاریی هەواڵگری و مەشق و ڕاهێنان و بەشداربوونیان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا، ئەوا ئەم شەڕە بە چەشنێك بەرفراوان نەبوو كە ڕووسیا خۆی بە ناچار بزانێت ڕاستەوخۆ هێرش بكاتە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەروەها شەڕێكی ئەتۆمییش ڕووی نەدا، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەواڵێكی باشە، واتە دەكرێت بڵێین شەڕی بە وەكالەتی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا سەری نەكێشاوە بۆ شەڕێكی ئەتۆمی، كەواتە بایدن هەوڵی داوە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكات و ئەوەندە هاوكاریی ئۆكرانیای كردووە كە شەڕەكە نەدۆڕێنێت، بە بێ ئەوەی دۆخەكەش بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت. كارێكی ئاسان نییە كە هاوكاری دابین بكەیت و ڕێگری لە هەڵكشانی دۆخەكەش بكەیت. كەواتە ئیدارەی بایدن لەم ڕووەوە سەركەوتوو بووە، هەرچەندە ئەگەر لە لایەكی دیكەوە لێی بڕوانیت، ئەوا ئەمە بە شكستیش لێك دەدەرێتەوە، چونكە ئەمریكا و ناتۆ نەیانتوانی ئۆكرانیا بە چەشنێك هان بدەن كە بیر لە چارەسەر و گەیشتن بە ئاشتی بكاتەوە.

* دۆناڵد ترەمپ لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا باسی لەوە دەكرد كە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا كۆتایی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەهێنێت، ئێستا كە سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەست هێناوە، پێت وایە بتوانێت ئەم كارە ئەنجام بدات؟

- ئەگەر ڕاشكاو بم لە گەڵتاندا من نازانم ئەو باسی چی دەكات، چونكە ئەو بانگەشەی ئەوە دەكات كە زۆر بە خێرایی كۆتایی بەم شەڕە دەهێنێت، خۆ ڕەنگە ئەمەش بكات، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە ڕوون نییە، ئەوەیە كە چۆن ئەم كارە دەكات و خۆیشی ئەوەی ڕوون نەكردووەتەوە كە چۆن كۆتایی پێ دەهێنێت.

Top