پڕۆفیسۆر مایكڵ مۆسۆ بۆ گوڵان:   شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا وای كردووە، چین لە هێرشكردنەسەر تایوان سڵ بكاتەوە

پڕۆفیسۆر مایكڵ مۆسۆ بۆ گوڵان:     شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا وای كردووە، چین لە هێرشكردنەسەر تایوان سڵ بكاتەوە

 

مایكڵ مۆسۆ، پڕۆفیسۆری سیاسەت و ئاسایش و كاروباری نێودەوڵەتییە لە زانكۆی سەنتڕاڵ فلۆریدا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پەیوەندیی نێوان هەلومەرجە ئابوورییەكان و دامەزراوە و ناكۆكییەكان دەدات و، خاوەن تیۆرێكی تایبەتە كە پەیوەستە بەوەی چۆن دەرفەتی یەكسان لە بازاڕدا بایەخ دروست دەكات، بۆ لیبڕاڵ دیموكراسی و هێنانەئارای ئاشتی لە نێوان نەتەوە و دەوڵەتەكاندا. مۆسۆ پشتیوانی لەوە دەكات كە وڵاتە دەوڵەمەندەكان هەوڵی ئەوە بدەن، دەرفەتی بەربڵاوی ئابووری بۆ ئەو وڵاتانە بڕەخسێنن، كە كەمتر گەشەكردوون، چونكە ڕای وایە ئەمە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەكی هەمیشەیی و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی جیهان. بۆ لێكدانەوە و تیشكخستنە سەر پەرەسەندنە جیهانییەكان، بەتایبەتی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پرسەكانی پەیوەست بە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كە پتر لە دوو ساڵ و نیوە بەردەوامە، ڕووداوێكی تێپەڕ و ڕاگوزەر نییە و، تەنانەت ئەگەر ئەم شەڕەش كۆتایی بێت، ئەوا دەرئەنجام و لێكەوتەكانی بۆ ئایندەیەكی بەرچاو بەردەوام دەبن. بە تێڕوانینی ئێوە ئەم شەڕە چ ئاڵوگۆڕێكی لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، یان لە سیستمی جیهانیدا بەدیهێناوە؟

- سەرەتا من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە هاتنەئارا و درێژەكێشانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بوونە هۆی بەهێزكردن و پتەوكردنی پێگەی دەوڵەتە دیموكراتییە پیشەسازییەكان و زیادكردنی ئەگەرەكانی بەدیهێنانی سیستمێكی جیهانیی سەقامگیر و ئارام. چونكە ئێمە دەزانین كە دەوڵەتە دیموكراسییە پیشەسازییەكان خوازیاری ئەوەن جیهانێك بەدی بهێنن كە لەسەر بنەمای مافی سەروەریی بنیاد نرابێت، كە تێیدا مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ سەرجەم دەوڵەتان دەستەبەر كرابێت، كە پێیان وایە جیهانێكی لەم چەشنە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەكانیان دەكات. ئەگەر پرسیار بكەین كە چۆن ئەم شەڕە ئەگەری كاركردن بۆ بەدیهێنانی ئەو سیستمەی زیاتر كردووە كە ئاماژەم پێكرد، ئەوا دەڵێم: پێش هەڵگیرسانی شەڕ، سەركردەكانی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چین دەركیان بەوە نەدەكرد، كە دەوڵەتە دیموكراسییە پیشەسازییەكان هێندە پێداگرن لەسەر كاركردنی پێكەوەیی بۆ هێنانەئارای جیهانی دڵخواز و خوازراوی خۆیان. هەروەها كاردانەوە و پەرچەكرداری یەكگرتووی دەوڵەتە دیموكراتییە پیشەسازییەكان لە ئاست هێرش و پەلامارەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ئەو پەیامەی بە چین دا، كە ئەگەر هێرش بكاتە سەر تایوان، ئەوا دەبێت نرخێكی گران بدات لە ڕووی ئەو زیانە بازرگانییانەی دەیكات لە بەرانبەر دەوڵەتە دیموكراتییە پیشەسازییەكاندا.

* ئەگەر بە دروستی لە وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە تێگەیشتبین، ئەوا ئێوە دەتانەوێت بڵێن، ئەم كاردانەوەی دەوڵەتە دیموكراسییەكان لە ئاست داگیركارییەكەی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا بووەتە هۆی ئەوەی چین سڵ بكاتەوە لە هەڵگرتنی هەنگاوێكی هاوشێوە و هێرشكردنەسەر سەر تایوان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی دیكە كەمتر ببێتەوە؟

- بەڵێ، ئەمە دروستە، چونكە لە كاتێكدا كە سەركردەكانی وڵاتی چین دەیانەوێت هێرش بكەنە سەر تایوان، ئەوا دەزانن بەم كارەیان تووشی زیانێكی زۆر دەبنەوە لە ڕووی بازرگانییەوە. لەم ڕوانگەیەوە من پێم وایە دەكرێت بڵێین ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بووتە هۆی برەودان بە ئەگەری بەدیهێنانی سیستمێكی جیهانیی ئارامتر لە مەودای دووردا.

* ئێوە باس لە هەڵوێستی یەكگرتووی دەوڵەتە دیموكراسییە پیشەسازییەكان دەكەن لە ئاست داگیركارییەكەی ڕووسیا لە ئۆكرانیا، بەڵام ئێمە لێرەدا دەمانەوێت ئەوە بپرسین كە ئایا ئەم شەڕە، یان بڕیاری شەڕی ڕووسیا بۆ هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا و درێژەكێشانی شەڕەكە چ گۆڕانكارییەكی بەسەر تێڕوانینی ئەم دەوڵەتە دیموكراسییانەدا هێناوە لە ئاست ڕووسیادا؟

- بە تێڕوانینی من هێرشكردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا بووە هۆی بەهێزكردنی ئەو بۆچوونەی نێو دەوڵەتە دیموكراسییە پیشەسازییەكان كە پێیان وایە ڕووسیا بووەتە دەوڵەتێكی لادەر و پێشێلكاری مافی بڕیاردانی چارەنووسی چەندین وڵاتی دیكە، كەواتە لە ئێستادا ئەم وڵاتانە تێڕوانینێكی هاوبەشیان بۆ دروست بووە و لەوە تێگەیشتوون كە پێویستە لە ڕێی ڕێكار و سزا ئابوورییەكانەوە كار بۆ ئیحتیواكردنی ڕووسیا بكرێت. ئەوەتا ئەم ڕێكارانەش بوونە هۆی ئەوەی ڕووسیا پتر لە وڵاتانی وەك ئێران و كۆریای باكوورەوە نزیك ببێتەوە. هەرچۆنێك بێت، ئێمە دەزانین كە دەوڵەتە دیموكراسییە پیشەسازییەكان باڵادەستییەكی بەرچاویان هەیە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، لەم ڕووەشەوە دەتوانن پاڵپشتیی بێسنوور بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر بكەن. بەڵام ئێران و كۆریای باكوور ناتوانن تا سەر پشتیوانیی پێویست بۆ ڕووسیا دابین بكەن.

* كەواتە ئێوە پێتان وایە خاڵی لاوازی چین – ئەگەر دەربڕینەكە دروست بێت- بریتییە لەلایەنی ئابووری و بازرگانی، كە وای لێدەكات سڵ بكاتەوە لە پەنابردنەبەر هێرشكردن و داگیركردنی تایوان؟

- بەڵێ، من پێم وایە ئەوەی ڕەفتارەكانی چین سنووردار دەكات، ئەوەیە كە لە بواری هەناردەكاردندا پشت بە دەوڵەتە دیموكراتییەكان دەبەستێت، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەركردەكانی چین هێندەی نرخ و بایەخ بە بازاڕەكانی كاڵا و هەناردەكراوەكانیان دەدەن، هێندە گرنگی بە پشتیوانیكردنی ڕووسیا نادەن. ئەوەشی پەیوەندی بە ڕووسیاوە هەبێت، ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا شەڕەكە دەدۆڕێنێت.

* ئایا پێت وانییە ئەم لێكدانەوەیەی ئێوە لە پەیوەندی بە وڵاتی چینەوە- بەتایبەتی لە پەیوەندی بە سڵكردنەوەی چین لە پەنابردنەبەر پەلاماردانی تایوان- ئەو تیۆرە پشتڕاست دەكاتەوە كە دەڵێت: بوونی پەیوەندییە بازرگانییەكان هۆكارێكە بۆ ڕێگەكردن لە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان دەوڵەتاندا، ئەگەرچی ئەگەر لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بڕوانین، ئەوا ڕەنگە بۆچوونێكی دیكەمان بۆ دروست بێت؟

- ئەوە ڕاستە كە تیۆریسینەكانی بواری پشت بە یەكتربەستنی ئابووری ئاماژە بەوە دەكەن كە بوونی پشت بەیەك بەستنی بازرگانی دەبێتە هۆی كۆت و بەندكردنی وڵاتان لە پەیوەندی بە ئەگەری پەنابردنە بەر جەنگەوە لە دژی یەكتر. بەڵام هەرچۆنێك بێت، ڕوودانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا ئالنگاریی بۆ ئەم تیۆرە دروست كردووە، لەبەر ئەوەی ڕووسیا بڕیاری دا هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیا، سەرباری ئەوەی ئەم بڕیارە بووە هۆی ئەوەی داهاتێكی زۆر لە دەست بدات لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتەوە بە وڵاتانی ئەوروپا. تیۆری پشت بە یەكتر بەستن، ئەوە دەخاتەڕوو كە وڵاتان بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان زاڵ دەكەن بەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەكانیانەوە. بەڵام بینیمان چەندین وڵاتی ئەوروپی بڕیاریان دا، نەوتی ڕووسیا نەكڕن- ئەگەرچی ئەمە زیانیشی پێگەیاندن-، كە ئەمەش پێمان دەڵێت، ئەوان زیاتر گرنگییان بە بەرژەوەندییە ئەمنییەكان دا و زاڵیان كردن بەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیانەوە. بەڵام هەروەك لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكردووە، ئەوا ئەوەی پەیوەندی بە چینەوە هەبێت، ئەوا دەكرێت بڵێین كەیسی ئەم وڵاتە پشتڕاستكردنەوەیە بۆ تیۆری پشت بە یەكتر بەستن لەو وڵاتەدا. واتە ڕاستە كە وا دەردەكەوێت چین پێی وایە بەرژەوەندی لەوەدایە ڕووسیا سەركەوتوو بێت لە بەرانبەر ئۆكرانیادا، بەڵام تاوەكو ئێستا سەركردەكانی چین دوودڵ بوون لە دەستەبەركردنی چەك بۆ ڕووسیا، چونكە ترسیان هەیە لەوەی كە لەلایەن دەوڵەتە دیموكراتییە پیشەسازییەكانەوە ڕووبەڕووی سەپاندنی سزا ببنەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، سەركردەكانی چین بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیان پتر بەلاوە گرنگە وەك لە بەرژەوەندییەكانیان لە سەركەوتنی ڕووسیا بەسەر ئۆكرانیادا.

* بە لەبەرچاوگرتنی دەرەنجامەكانی ئەم شەڕە و ئەو سزا ئابوورییانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون، ئایا جیهان كە لە سەروبەندی لێكدابڕانی ئابووریدا بێت، ئەمە سەرناكێشێت بۆ شەڕی زیاتر لە ئایندەدا؟

- من پێم وانییە جیهان یان باوردۆخی جیهان بە ئاراستەیەكدا بڕوات كە بەرەو لێك دووركەوتنەوە و لێكدابڕانی ئابووری بچێت. چونكە ئێمە دەزانین كە ئابووریی ڕووسیا تا ڕاددەیەك ئابوورییەكی بچووكە، هەروەها چینیش پشتبەستووە بە هەناردەكارییەكانی بۆ دەوڵەتە دیموكراسییەكان. هەروەها تا ئێستا چین بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی زاڵ كردووە بەسەر ئەو بەرژەوەندییانەی هەیەتی لە سەركەوتنی ڕووسیا بەسەر ئۆكرانیادا. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە ئەگەر ئابووری وەك ئەولەوییەتی سەرەكیی سەركردەكانی چین بمێنێتەوە، ئەوا چەك بۆ ڕووسیا دابین ناكات و بەم شێوەیەش ئابووریی جیهانی توششی لێكدابڕان نابێتەوە.

 

Top