ڤاكسینی ئەنفلوەنزا ساڵانە پێویست دەكات
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی ئەنفلوەنزا كە لە مانگی تشرینی یەكەمەوە دەست پێدەكات، وەرگرتنی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا Flu shot لەكاتی گونجاودا سوودی زۆری هەیە بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ئەنفلوەنزا. بۆچی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا ساڵانە پێویستە؟ جۆرەكانی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا هەموو ساڵێك گۆڕانیان بەسەردا دێت، ڤاكسینەكەش بۆ ئەم جۆرە گۆڕاوانە ساڵانە ئامادە دەكرێت، هەروەها بەرگریی لەش بۆ ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا بە تێپەڕبوونی كات كەم دەبێتەوە، بۆیە ڤاكسینی ئەنفلوەنزا ساڵانە پێویست دەكات. ڤاكسینی ئەنفلوەنزا ساڵانە پێویستە بۆ هەموو كەسێك پاش تەمەنی شەش مانگی، بەڵام بۆ هەندێك كەس زیاتر پێویستە چونكە لەكاتی تووشبوون بە ئەنفلوەنزادا ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی سەخت دەبنەوە، بۆنموونە: كەسانی تەمەن 65 ساڵ و بەسەرەوە، تووشبووانی ڕەبوو، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی گورچیلە، ئافرەتی دووگیان، منداڵ لە تەمەنی شەش مانگ تا پێنج ساڵ، لەگەڵ ئەوانەی بەرگریی لەشیان لاوازە لەبەر هۆكاری جیاواز. مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم باشترین كاتن بۆ وەگرتنی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا.