قەڵەوی لە منداڵدا
قەڵەوی لە منداڵدا هاوشێوەی گەورەكان حاڵەتێكی درێژخایەنە و ئەگەری گەلێك ئاڵۆزیی تەندروستی بەرزدەكاتەوە. هۆكارەكانی قەڵەوی لە منداڵدا: بۆماوە، گرفتە هۆرمۆنییەكان بەتایبەتی سستبوونی گلاندی دەرەقی، گرفتی دەروونی وەكو پەستی یان خەمۆكی، زیانی لابەلای چەند دەرمانێك وەكو ستیریدەكان Steroids و دەرمانی دژەپەركەم كە ئارەزووی خواردن زیاد دەكەن، زیاد خواردن كە پتر بێت لە پێویستیی لەش بۆ گەشە و چالاكیی ڕۆژانە كە باوترین هۆكارە، بڕی زیادی كالۆری بە شێوەی چەوری لە چەورەخانەكاندا كۆ دەبێتەوە و ژمارەی ئەم خانانەش زیاد دەبێت. لەم چەند دەیەی دواییدا گۆڕان لە ستایلی ژیان و جۆرەكانی خۆراكدا بوونەتە هاندەر بۆ قەڵەوی لە منداڵاندا، بۆنموونە خۆراكی خێرا یان ئەو خۆراكانەی كە ڕێژەیەكی بەرزی چەوری و شەكر لەخۆدەگرن، شلەمەنییە گازدار و شیرینكراوەكان هاوكات لەگەڵ كەمیی جووڵە یان مەشقی وەرزشی، بەتایبەتی زیاد دانیشتن بەرانبەر تەلەڤزیۆن یان یارییە ئەلیكترۆنییەكان.