كەتی ڕەحیم: بە ناوی یەكسانییەوە خانمان كاری دەرەوە و ماڵەوە و پەروەردەكردنی منداڵیشیان لە ئەستۆدایە

كەتی ڕەحیم:  بە ناوی یەكسانییەوە خانمان كاری دەرەوە و ماڵەوە و پەروەردەكردنی منداڵیشیان لە ئەستۆدایە

 

 

كەتی ڕەحیم خانمە گەنجێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و بە دەست و پەنجە ڕەنگینەكانی و سەلیقە جوانەكەی توانیویەتی كار لەسەر بەهرەكانی خۆی بكات و ببێتە خاوەنكاری خۆی، كەتی لە دایكبووی شاری سلێمانییە و تەمەنی 36 ساڵە، ساڵی 2012 بەشی ژمێریاری (پەیمانگای تەكنیكی دوكان) ی تەواو كردووە، لە ئێستادا خاوەنی سەنتەرێكە بە ناوی « Katy xanm sewing center» كە تایبەتە بە دوورین و دیزاینكردنی جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی و ماوەی چەندین ساڵە ئەو كارە دەكات. لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی خۆی بۆ خوێنەران باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

هەرچەندە تا ئێستا دانەمەزراوم، بەڵام خاوەنی كاری خۆمم ماوەی 22 ساڵە بەرگدرووەم و ماوەی نۆ ساڵە لەو بوارەدا مامۆستام و وانە فێركاری دەڵێمەوە، ماوەی هەشت ساڵیشە دیزاینەرم، بە شێوەیەكی گشتی لە دونیای درووماندا بەهرەی خۆمم لە بواری جلی كوردیدا بینیوەتەوە و دەمەوێ لەو بوارە خزمەت بكەم».

كەتی ڕەحیم، سەبارەت بە حەز و خولیای بۆ هەڵبژاردنی ئەو كارەی دەڵێت: «هەڵبژاردنی ئەو بەشەی كاركردنم بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان دایكم بەرگدروو بووە و خەڵكی گەڕەكی مەڵكەنیی شاری سلێمانییە، ئەو زۆر شارەزایە لە بواری قوماش و دیزاینی جلی كوردیدا و زۆریش هاوكارمە. دووەمیان خۆم زۆر حەزم لە جلی كوردییە و پێم خۆشە بۆ هەر شوێنێك كە دەچم جلی كوردی لەبەر بكەم، هاوكات شارەزاییەكی باشم لەسەر نۆ جۆر جلوبەرگی كوردیی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەیە. سێیەمیشیان تێبینیی ئەوەم كردووە كە ئەوانەی شارەزاییان لە جلی كوردیی شێوەی كۆن و تازەدا هەیە، پێویستە هەم بتوانن بیدوورن هەمیش دیزاین بكەن، كە بە ڕای من هێشتا ناتەواوییەك لەو بوارەدا بەدی دەكرێت، چونكە زۆینەی بەرگدرووەكان شارەزایی تەواویان لەسەر جۆری قوماش و ئێكسسواراتی جلی كوردی نییە.»

ئەو خاتوونە لەبارەی پڕۆژەی داهاتووی كارەكەشی دوو خاڵی سەرەكی لە ئامانجەكەیدا باس دەكات و دەڵێت: «وەكو پڕۆژە ئامانجی داهاتووم لە دوو خاڵی سەرەكیدا چڕ كردووەتەوە، كە زۆر پێویستن، ئەوانیش بریتین لە:

1_ دروستكردن و ئامادەكردنی كۆمەڵێك بەرگدوور كە هەموو شتێك لەبارەی جلی كوردییەوە بزانن و لە بوارەكەدا پڕۆفیشناڵ بن، ئەویش بە بینینی خولێكی دوو مانگی لە سەنتەرەكەم، كە ماوەی دوو ساڵە خەریكم كاری تێدا دەكەم.

2_ دانانی سەنتەرێك و كارگەیەكی بچووكی جلوبەرگی كوردی كە تیایدا هەم قوتابی فێر بێت، هەمیش جلی كوردی كۆن و دیزایینە تازەكانیش بەرهەم بێت، هەروەها هەر قوماشێك بۆ جلوبەرگی كوردی دەست بدات لەو كارگەیەدا دەست بكەوێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست و پشتگیریی كەسانی شارەزا نەمتوانیوە ئەو پڕۆژەیە بخەمە بواری جێبەجێكردن.»

كەتی ڕەحیم لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا تاچەند گرنگە خانمان خاوەنكاری خۆیان بن دەڵێت: «بەڕای من خانم و كاركردنی زۆر و ماندووبوونی زۆریان نەگوتووە، من بەش بە حاڵی خۆم ڕقم لە وشەی یەكسانییە، بە ناوی یەكسانییەوە خانمان كاری دەرەوە و ماڵەوە و پەروەردەكردنی منداڵیشیان لە ئەستۆدایە، ئەی باشە كەی ئەم خانمە بە خۆی ڕا بگات؟ ئێمەی خانمانی خاوەنكار وەك پێویست ئارامیمان نەماوە، ئەمەش وا دەكات زۆرینەی كات ڕووخسارمان ماندوو بێت و توانای بە خۆڕاگەیشتنمان كەم بێت، لە ڕاستیدا زۆرباشە هەر یەكێك لە ئێمە لەو بوارەی كە شارەزاییمان هەیە ئیشی تێدا بكەین و زانیاری ببەخشین و خودی كارەكە لە خۆماندا بەرجەستە بێت، ڕاستە ژیان قورس بووە و پێویستە لە خێزانێكدا زیاتر لە یەك كەس هەوڵی پەیداكردنی بژێوی خێزان بێت، بەڵام نەگاتە ڕادەیەك خانمەكە نەتوانێ بە خۆی و بە ماڵ و منداڵیڕابگات، باوكم وتەیەكی جوانی هەیە هەمیشە دەڵێت «ماڵ چەندە كەیبانوویەكی پێویستە ئەوەندەش بەرگدرووێكی پێویستە، واتە ئەگەر  پێویستیش نەبێ ئافرەت بۆ بژێوی ژیانی كار بكات، دەبێ فێری دوورمان بێت، بە كوردی و بە كورتی خانمان دەبێ پینە و پەڕۆ بزانن».

كەتی ڕەحیم:  بە ناوی یەكسانییەوە خانمان كاری دەرەوە و ماڵەوە و پەروەردەكردنی منداڵیشیان لە ئەستۆدایە
Top