جیاوازیی سەرئێشە و شەقەسەر!
سەرئێشە Headache بریتییە لە ئازار لە هەر بەشێكی سەردا، كە لەوانەیە دەموچاو یان مل بگرێتەوە. سەرئێشە وەكو حاڵەتێكی سەربەخۆ یان وەكو نیشانە لە چەند حاڵەت و نەخۆشییەكدا بەدی دەكرێت، هەروەها چەند جۆرێكی هەیە كە گرژەسەرئێشە Tension headache باوترینیانە. لە لایەكی دیكە، شەقەسەر Migraine نەخۆشییەكی كۆئەندامی دەمارە كە چەند ڕێڕەوێكی دەماری و گۆڕانی كیمیایی لەخۆ دەگرێت. گەلێك كەس تا ئێستاش پێیان وایە كە شەقەسەر جۆرێكی سەرئێشەیە، بەڵام حاڵەتێكی دەماریی تایبەتە. شەقەسەر كۆمەڵێك نیشانە لەخۆ دەگرێت كە سەرئێشە یەكێكە لە نیشانەكانی. ئەم گۆڕانە دەماری و كیمیاییانە لە چالاكیی مێشكدا كاریگەری دەكەنە سەر خوێنی ناو مێشك و شانەكانی دەوروبەری، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ سەرهەڵدانی نیشانەكان كە بریتین لە: سەرئێشەیەكی توند، هێڵنج یان ڕشانەوە، سەرسووڕان، زیاد هەستیاربوون بە ڕووناكی و بۆن و دەنگ، لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی زۆر.