ئایا بەڵەكیی پێست چارەسەری هەیە؟
بەڵەكی Vitiligo نەخۆشییەكی پێستە بە شێوەی قانی كاڵ یان سپی، كە كاریگەریی نەرێنیی دەروونییان لەسەر تووشبوودا هەیە. لەگەڵ قانەكاندا هیچ هەوكردنێك بەدی ناكرێت، قانەكان لەوانەیە هەر بەشێكی لەش بگرنەوە، بەتایبەتی شوێنی سووتان یان برینی پێست، لەوانەشە خورشتی لەگەڵدا بێت. لە هەندێك تووشبوودا لە سنووری ناو قانەكاندا سپیبوونی مووەكان بەدی دەكرێت. بەڵەكی لەوانەیە بە بەشەكانی دیكەی لەشدا بڵاو ببێتەوە، بەتایبەتی لە كاتی سترێس، تووشبوون بە نەخۆشی و لە كاتی دووگیانیدا. هۆكارەكان: تا ئێستا هۆكاری تەواو نەزانراوە، بەڵام زانایان وای بۆ دەچن كە بەڵەكی لەو كاتەدا ڕوو دەدان كە سبستمی بەرگریی لەش پەلاماری ئەو خانانەی لەش دەدات كە بۆیەی پێست و قژ دروست دەكەن، لەوانەشە بۆماوە تا ڕادیەك ڕۆڵی لە تووشبووندا هەبێت، هەروەها برینداربوونی پێست تا ڕادەیەكی كەمتر. تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكی بۆ بەڵەكی نییە، هەنگاوەكانی چارەسەركردن: دەرمان و كرێمی تایبەت، چارەسەر بە ڕووناكی، لەگەڵ نەشتەرگەریی گواستنەوەی بۆیەی خانەكانی پێست.